کاروانێکی گەورەی ئاوی خواردنەوە گەیەندرایە بەسڕا

رەواج حاجی: ” کاتێک بارزانی نەمر دوای ١٢ ساڵ لە سۆڤیەت گەڕایەوە، لە بەسڕا پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، بۆیە ئێمە لە بەرانبەر خەڵکی بەسڕا هەستێکی جیاوازمان هەیە”

دوای ئەوەی رێکەوتی ٢٩/٨/٢٠١٨ تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی دابین کردنی ئاوی خواردنەوە بەرەو پارێزگای بەسڕا بەڕێکەوت، ئەمڕۆ رێکەوتی ٣٠/٨/٢٠١٨ گەیشتنە پارێزگاکە و ١٠٠ هەزار سێت ئاوی خواردنەوە کە دەکاتە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار بوتڵی ئاویان بەسەر دانیشتوانی پارێزگای بەسڕەدا دابەشکرد.

لە پارێزگای بەسڕەدا ئاوی خواردنەوە بە هۆی وەرزی گەرما و کەم بوونەوەی ئاستی رووبارەکان کەمی کردووە و لە هەندێ شوێن پیس بووە کە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت. بەو هۆیەوە بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە توشی نەخۆشی بوونە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو کاتێک ئامادەیە کە هاوکارییەکانی بگەیەنێتە هەر ناوچەیەک کە پێویست بکات و بەڕێز رەواج هاجی بەرپرسی بەشی راگەیاندن و توێژینەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم بارەیەوە لێدوانی دا و گوتی: ” ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی نێودەوڵەتییە و پێویست دەکات لە کارەساتە نێودەوڵەتییەکاندا وجودی هەبێت و ئامادەیی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان.”

لەبارەی رەوشی پارێزگای بەسڕە بەڕێزیان وەهایان گوت: ”دوای ئەوەی لە راگەیاندنەکانەوە ئاگادار بووینەوە کە ئەو کارەساتە لە پارێزگای بەسڕە رووی داوە و دوای ئەو راپۆرتانەی کە لە سەرچاوە مرۆییەکانەوە بەدەستمان گەیشت، ئێمە ئاگادار بووین کە رەوشی شارەکە بەرە و خراپی دەڕوات و خەڵکەکە ئاوی پاکیان بەدەست ناگات، ئەمەش وای کردووە بە هەزاران کەس وەکوو باس دەکرێت زیاتر لە ١٥ هەزار کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون. بۆیە بڕیارمان دا کە هاوکارییەکانمان بۆ ئەو پارێزگایە دابین بکەین. لە روویەکی دیکەشەوە بەسڕا بۆ ئێمە یادگارییەکی گەورەی بارزانی نەمری تێدایە، کاتێک بارزانی نەمر دوای ١٢ ساڵ لە سۆڤیەت گەڕایەوە لە بەسڕا پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، ئەمە وای کردووە کە ئێمە لە بەرانبەر بەسڕا هەستێکی جودامان هەبێت، ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی. ”

Share on facebook
Facebook
Share on email
Email
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn
Share on pinterest
Pinterest

پاڵپشتی ژیانێکی نوێ بکە