دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٨٧١ تۆن هاوکاری گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان

راپۆرت: ئەژین شێخی

لەگەڵ دەستپێکی ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون و ناچار بوون ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ بهێڵن و لە ناوچە تاڕادەیەک ئارامەکاندا نیشتەجێ بن و زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیش لەو ئاوارانە توانیویانە خۆیان بگەیەننە هەرێمی کوردستان. تاكو ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ هاوبەش و خێرخوازانی كوردستان شەش کاروانی گەورەی هاوكاری جۆراوجۆر رەوانەی ئاوارەكان لەناوخۆی رۆژئاوای كوردستان دەكات، كە سەدان تۆن خۆراك و پێداویستی ناوماڵەو پێداویستی زستان و خێوەت و بەتانی و دۆشەك و پێداویستی تەندروستی و پزیشكی و ھتد.

ئاوارەبوونێكی نوێ

دەستکەوتنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان دەبێتە یەکێک لەگرنگترین ئەرکەکانی رێکخراوە مرۆییەکان، چون لەوەها حاڵەتێکدا کە لە رۆژئاوای کوردستان روویدا، قەیرانێکی مرۆیی دروست دەبێت و شوێنی نیشتەجێ بوونی نوێ ئەو تواناییانەی نییە کە تەواوی نیازەکانی تازە گەیشتووەکان بەراوردە بکات، بەتایبەتی ئەگەر ناوچەکە بۆخۆی لە بارودۆخێکی ناجێگیردابێت.

بە درێژبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، زۆربەی رێکخراوە مرۆییەکان لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی کارمەندانیان ناچار بوون ناوچەکە بەجێ بهێڵن و ئەمەش قەیرانەکەی سەخت تر کرد و بارودۆخی ئاوارەکانی ناڕوونتر.

گەیاندنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکێکە لەو رێکخراوە مرۆییانەی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا چالاکی ئەنجام دەدات. لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەشی هاوکارییەکان و فریاگوزاری خێرای دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکان و لەمەڕ پێشبینی کردنی هاتنی پەنابەرانی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان تیمەکانی خۆی راسپارد کە لە خاڵە سنووریەکاندا ئامادەبن بۆ پێشوازیی کردن و پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە بە تازە گەیشتووان و دواتریش نیشتەجێكردنیان لە كەمپەكانی گەویلان و بەردەڕەش.

وەڵامدانەوەی خێرای دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قەیرانەکە، هەڵمەتێکی خێرای راگەیاند بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان کە زۆربەیان لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا نیشتەجێ بوون. دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی بگەیەنێتە ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان پێشوازییان لە هاتنی پەنابەرانی نوێ دەکرد.

رەوانەكردنی هاوكارییەكان

یەکەمین کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێکەوتی ١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و شاری حەسەکە کە زۆربەری ئاوارەکان لەوێدا نیشتەجێ کرابوون. ئەم کاروانە لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکهاتبوو لە زیاتر لە ٣٢٣ تۆن پێداویستی (خۆراکی، ناخۆراکی و تەندروستی).

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام بوو لە گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و هەتا کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە ٦ کاروان لە هاوکارییەکانی گەیشتووەتە رۆژئاوای کوردستان. سەرجەم ٥ کاروانی دیکەی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان پێکدێن لە ٥٤٧ تۆن پێداویستی، لە ناو پێداویستییەکاندا (خێمە، فلتەری ئاو، خۆراک، بەتانی، دۆشەک و جلوبەرگ و پێداویستی چێشتخانە و …هتد) گەیەندرانە ئاوارەکان.

كاروانی شەشەمی هاوكارییەكان

بەڕێز رەواج حاجی بەرپرسی بەشی راگەیاندن و توێژینەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمەڕ گەیاندنی کاروانی شەشەمی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی: “ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیومانە بەشێک لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان پڕبکەینەوە و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی هاوکاری زیاتر بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەتاکوو جێگایەک کە بتوانین لە لێکەوتەکانی کارەساتەکە کەم بکەینەوە”.

کاروانی شەشەمی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان پێکدێت لە ٢٢٠ تۆن پێداویستی (خێمە و دۆشەک، فیلتەری ئاو و جلوبەرگ) بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دابین دەکرێن.

بەڕێز رەواج حاجی ئاماژەی بەمەبەستی گەیاندنی ئەم هاوکارییانە بۆ دانیشتوانی کەمپەکان کرد و گوتی: “ئێستا بەشێکی بەرچاوی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی واشۆکانی نیشتەجێن، مەبەستمانە پێداویستییەکانی ژیان لەو کەمپەدا دابین بکەین بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیان لەوێدا گونجاو و لەبارتر بێت”.

کەمپی واشۆکانی لە رێکەوتی ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٧٠ خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ کراوە.

Share on facebook
Facebook
Share on email
Email
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn
Share on pinterest
Pinterest

پاڵپشتی ژیانێکی نوێ بکە