بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران ڕێوڕەسمێكی تایبەت لە هەولێر بەڕێوەچوو

موسا ئەحمەد: دوای كەمبوونەوەی هاوكاریی ئاژانس و ڕێكخراوەکان، ئێستا بارە قورسەكە كەوتووەتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە دیارەکان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە ڕێوڕه‌سمێكی تایبەت بۆ پەنابەران بەڕێوەچوو؛ كارە هونەری و بەرهەمەكانی كاری دەستیی پەنابەران تێیدا نمایش كران.

هەموو ساڵێک لە 20ی حوزەیراندا، وەك ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، لە زۆربەی وڵاتان ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، و به‌ ئاماده‌بوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)، لەم ڕۆژەدا ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا، تۆبی هاروارد، نوێنەری كۆمسیاری باڵای كاروباری په‌نابه‌ران (UNHCR) لە عێراق، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، ستایشی ڕۆڵی گرنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆرد بۆ ئەو خزمەتگوزارییە مرۆییە جۆراوجۆرانەی کە ساڵانێکی زۆرە پێشکەشی پەنابەرانی دەکەن و بوونەتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ باشترکردنی ژیانیان. . گوتیشی: “ڕۆژی جیهانیی پەنابەران لەم ساڵەدا پەیامێکی بەهێز و یەکگرتوو هەڵدەگرێت :”ئێمە بەڵێنی پاراستن بەجێدەهێنین تا ئەو کاتەی هەمووان لە ئاسایشدا بن.”
تۆبی هاروارد، باسی ئەوەشی كرد كە 57 ساڵ لەمەوبەر، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان، جیهان بەڵێنێکی گرنگی دا کە سوودی بۆ هەمووان هەبوو؛ ئەو کەسانەی ناچار دەبن لە ماڵ و شوێنی خۆیان هەڵبێن، مافی ئەوەیان هەیە داوای پەنا و ئاسایش بکەن و لە ژیانی سەلامەتدا بژین. ئەم بەڵێنە هەرگیز بۆ ژمارەیەکی کەم نەبوو؛ بەڵکو بۆ هەموومان بوو. بەجێهێنانی بەڵێنی پاراستن تەنیا دەربڕینی هاوسۆزی نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ کردار و هەنگاونان.
گوتیشی: “لە عێراق، پەنابەران بە دڵفراوانی، لێبوردەیی، هاوسۆزی، ڕێز، بەخشندەیی و میوانداری پێشوازییان لێدەکرێت. هەروەها دەرفەتیان پێدەدرێت ببنە خاوەن پشتبەخۆیی و بەشداری لە گەشەپێدانی کۆمەڵگا میواندارەکان بکەن.
ئەم ڕاستییە لە هەر شوێنێک زیاتر لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دیارە؛ هەرێمێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ نزیکەی 300 هەزار پەنابەری میوانداری کردووە.
لە عێراق، بەڵێنی پاراستن لە سیاسەت و ڕێنماییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە کە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن. ئەم سیاسەتانە چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ پرۆسەی داواکردنی پەنا و پاراستنی مافەکانی پەنابەران دابین دەکەن، هەروەها هاوسەنگی لەگەڵ بەرژەوەندیی یاسایی، کارگێڕی و ئاسایشی وڵاتدا دەپارێزن.
لە هەرێمی کوردستان، ئەم بەڵێنە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی پەنابەران لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا جێبەجێ دەکرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، ژمارەیەک سیاسەتی پێشکەوتوو جێبەجێ کردووە کە ڕێگەیان خستووەتە بەر پەنابەران بۆ دەستگەیشتن بە خوێندن، تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی. هەرێمی کوردستان لە جیهاندا یەکێک بووە لە پێشەنگ و داهێنەرانی ئەم بیرۆکەیە، هەرچەندە بارێکی دارایی گەورەی خستووەتە سەر ئابووریی خۆی.
نوێنەری كۆمسیاری باڵای كاروباری په‌نابه‌ران گوتی: لە عێراق ئێمە لە UNHCR، هەروەها دەیان هەزار کەسی ئاوارە و پەنابەر كە سوودیان لەم سیاسەتانە وەرگرتووە، قەرزدارێکی گەورەی سوپاس و پێزانینین بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پێشهاتە نوێیەکان لە سووریا هیوایەکی نوێ بۆ ئەم ڕێگایانە دروست کردووە. سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکان، ژمارەیەک لە پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ ماڵ و ناوچەکانی خۆیان.
لەگەڵ گۆڕانی دۆخەکان، پێویستە هەموو ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین بۆ پشتگیری لەو پەنابەرە سوورییانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، بەوەی کە ئەو گەڕانەوانە بە ئاگاداریی تەواو، بە خواستی خۆیان، و لە ژێر دڵنیاییی ئاسایش و کەرامەتدا ئەنجام بدرێن.
هەرچەندە ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر پەنابەرانە، نابێت ئاوارە ناوخۆییە عێراقییەکان لەبیر بکەین. زۆر کەس، بە تایبەتی قوربانیانی ملمڵانێکانی ساڵی 2014، هێشتا لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان یان چارەسەرێکی بەردەوام بدۆزنەوە.
هەوڵی ڕاستەقینە و بەردەوام بۆ چارەسەری ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە عێراق پێویستە، بۆ دڵنیابوون لە تێکەڵبوونەوەی بەردەوام، ئارامیی درێژخایەن و دابینکردنی ژیانێکی سەلامەت و بەکەرامەت بۆ هەمووان.
تۆبی هاروارد، بەم وشە و دروشمانە كۆتایی بە وتارەكەی هێنا: “لە کۆتاییدا، جارێکی دیكە سوپاسی قووڵی خۆم ئاراستەی هاوبەشە حکوومییەکان، ڕێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، پەنابەران و کۆمەڵگە و میواندارەکان دەکەم کە هەموو ڕۆژێک سەرچاوەی هاندان و ئیلهاممانن.
تا ئەو کاتەی هەمووان لە ئاسایشدا بن، پێویستە بەردەوام بین لە کردار.
تا ئەو کاتەی هەمووان لە ئاسایشدا بن، پێویستە شان بە شانی یەکتر بوەستین.

 

دواتر موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر چیرۆكی سەركەوتنی دانیشتووانی كەمپەکان و ئەوەشی بە سەركەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئیدارەدانی كەمپەکاندا ناو برد.
باسی ئەوەشی كرد، كە لە ساڵانی 2013 و 2014دا شەپۆلێكی فراوانی ئاوارە و پەنابەران ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە ئەركێكی زۆر قورسیان خستە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی كوردستان بە گشتی و ڕێكخراوە مرۆییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڵام سەرۆك بارزانی فەرموویەتی: “ئەوان میوانی ئێمەن”.
موسا ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران (20ی حوزەیران)، بۆ كوردستانییان چەمكێكی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی كە لە خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەراندا نموونەیەكی وایان پیشان داوە، كە جیهانی مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات. گوتیشی: “لە ڕۆژی یەكەمی دروستبوونی كەمپەکان، خەڵک بە پێشوازی لە خوشک و برای خۆیان، بە هانای ئاوارە و پەنابەرانەوە چوون. زیاتر لە 40 ڕۆژی پێچوو تا ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان گەیشتن، لەو ماوەیەدا بە پێشمەرگە و خەڵكی مەدەنییەوە، بە مامۆستا و قوتابییانەوە پێشوازییان لەو خەڵكە كرد. ئەوان ئاوارە بوون و هیچیان لەگەڵ خۆیان نەهێنابوو”.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، ڕێژەی دانیشتووانی كوردستان 33% زیادی كرد، ئەوەش ئەركی حكومەتی هەرێمی زۆر قورس كرد، بەتایبەتی کە شەڕی داعش و قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆكی حكومەتیان گرتبوو. گوتیشی: “بارودۆخی كەمپەکان بەداخەوە بارودۆخێكی لەبار نییە. دوای كەمبوونەوەی هاوكاریی ئاژانس و ڕێكخراوەکان، ئێستا بارە قورسەكە كەوتووەتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی.”
موسا ئەحمەد بە گەرمی پیرۆزبایی لە هەموو پەنابەران بە گشتی كرد و ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانیشی بۆ ڕێزلێنان لەو ملیۆنان كەسە هەژمار كرد، كە ناچار بوون بە هۆی شەڕ، توندوتیژی، یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، وڵات، ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.
ئەم ڕۆژە هەلێکە بۆ بیرخستنەوەی ئازار و ناخۆشییەکانی پەنابەران و هەروەها بۆ پشتگیری لە مافە بنەڕەتییەکانیان، وەک مافی ژیان، ئاسایش، فێربوون و چارەسەری تەندروستی. پەنابەران تەنیا ژمارە نین؛ هەر یەکەیان چیرۆکێکی تایبەتی، خەون، هیوا و داهاتوویەکی هەیە کە پێویستی بە دەرفەت و پشتگیری هەیە.
لە جیهانێکدا کە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران بەردەوام لە زیادبووندایە، گرنگە هەموو کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان هاوکاری و هاوسۆزیی زیاتر نیشان بدەن و بۆ دابینکردنی ژیانێکی شیاو و ئارام بۆ ئەوان کار بکەن. لەم یادەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پشتیوانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پەنابەران دەکرێتەوە وەک ئەرکێکی مرۆیی و نێودەوڵەتی.

دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد کە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، ڕۆژی یادکردنەوە و ڕێزلێنانە لەو مرۆڤانەی کە ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و ژیان لە دوورەوە دەستپێبکەن. گوتیشی: “پەنابەربوون شتێکی ئاسان نییە، و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان خۆیان، یان باوان و باپیرانیان تامی ئاوارەیی و ژیانی دوور لە نیشتمانیان چەشتووە”.
وەك باسی كرد، “کاتێک ملیۆنان پەنابەر و ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان كرد، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویدا کە هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووبووەوە و لە هەمان کاتدا شەڕی دژی داعشی دەکرد. بەڵام، بڕیاری سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە دەرگا و دڵەکان بۆ پەنابەران و ئاوارەکان کراوە بن، ئەوەش بە کردار جێبەجێ کرا. هەرێمی کوردستان تەنیا سیاسەتی لێکەوتن و تێکەڵبوونی پەنابەرانی نەگرتەبەر، بەڵکو زۆرێک لەوانە بوونە بەشێک لە کۆمەڵگە؛ لە بواری ئابووری، پەروەردە و ژیانی گشتیدا بەشدارییان کرد و بەهرە و توانایان بووە هۆکاری پێ”شکەوتنی کۆمەڵگە”.
گوتیشی: ئەو منداڵ و گەنجانەی لە کەمپەکان گەورە بوون، تەنیا میوان نین، بەڵکو بەشێکن لە کۆمەڵگه‌ی ئێمە. ئێمە سەرەتا و پێش هەر شتێک، وەک مرۆڤ سەیریان دەکەین. دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا کراوە بووە؛ لە کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، کەلدانی، مەسیحی، موسڵمان، ئێزیدی، شیعە و سوننە، هەموویان لە کاتی ترس و مەترسیدا لێرە ئارامییان دۆزیوەتەوە.”
گەڕانەوە بۆ زێدی سەرەکی مافی هەر کەسێکە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە دەبێت لە ژێر بارودۆخێکی ئارام، ئاسایش، خزمەتگوزاری و ژیانێکی شیاودا بێت. هەرێمی کوردستان هەرگیز سیاسەتی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی نەگرتووەتەبەر و بڕیار لە دەستی خودی خەڵکەکەدایە؛ ئەوانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکرێت، و ئەوانەش کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، دەبێت ئەو هەل و بارودۆخەیان بۆ دابین بکرێت.
بەداخەوە، هێشتا زۆرێک لە خەڵکی شنگال و دەشتی نەینەوا ناتوانن بە شێوەیەکی پایەدار بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان. چارەسەری ئەم کێشەیە لە کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتماندا نییە، بەڵکو لە دابینکردنی کەرامەت و ژیانێکی شیاو بۆ خەڵکەکە لە زێدی خۆیاندا دەبینرێت.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، ڕایگەیاند: “لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، تەنیا سەیری ژمارە و ئامار ناکەین، بەڵکو یادەوەریی ئازایەتی و بەهێزیی ئەو ملیۆنانە دەکەین کە بەهۆی شەڕ، توندوتیژی و چەوساندنەوەوە، ناچار بوون لە زێدی خۆیان دووربکەونەوە و تەنیا بە هیوای ژیانێکی ئارام ڕوو لە داهاتوو بکەن.”
هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، تەنیا شوێنێکی پاراستن نەبووە، بەڵکو بۆ هەزاران خێزان بووەتە پەناگەیەکی ڕاستەقینە؛ شوێنێک کە تیایدا ئاسایش، كەرامەتی مرۆڤ و هەستی هاوبەشییان دۆزیوەتەوە.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە کە “ئەم کلتوره‌ مرۆیییە بە دانایی و میهرەبانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بنیات نرا، ئەو کاتەی بڕیاری مێژوویی درا کە هەر کەسێک داوای پاراستن دەکات، ڕەت نەکرێتەوە. لە ژێر ئەم دیدگایەدا، هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی کرد.”
ئەوەشی خستەڕوو كە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران [ئەو کاتە] نێچیرڤان بارزانی، بە بەکارهێنانی هەموو تواناکان و دامەزراوەکانی خۆی، توانی وەڵامێکی کاریگەر بداتەوە بەو بارودۆخە مرۆییە.
گوتیشی: “ئەم ڕێبازە مرۆیییە تا ئێستا بەردەوامە و لە ژێر سایه‌ی سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی فریاکەوتنی کاتییەوە تێپەڕیوە بۆ قۆناغی پاراستنی كەرامەت و دابینکردنی چارەسەری بەردەوام. تەنانەت لە سەختترین بارودۆخە ئابوورییەکانیشدا، خزمەتگوزارییەکانی خوێندن، تەندروستی و ژیانی ئارام بۆ پەنابەران و ئاوارەکان بەردەوام بوون.”
وەك باسی كرد: “بە هاوبەشیی نزیکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و UNHCR، هەنگاوگەلێکی گرنگ نراون بۆ دابینکردنی پاراستنی یاسایی و مافە نێودەوڵەتییەکانی داواکارانی پەنابەری. لە ناو ئەم سیستەمە مرۆیییەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێکی بنچینەیی هەیە و بە شێوەیەکی پیشەیی و بەردەوام، بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردن و هەماهەنگیکردنی کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم مۆدێلەش ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.”
گوتیشی: “پێویستە بە ڕاستگۆیی ئامژە بەوە بکەین کە هەرێمی کوردستان هێشتا بارێکی گەورەی مرۆیی هەڵدەگرێت و نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی لەخۆگرتووە. ئەم بەرپرسیارییە کاریگەریی گەورەی لەسەر خوێندنگەکان، کەرتی تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانی هەرێم هەیە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەردەوام کەم دەبێتەوە. بەرپرسیاریی مرۆیی، بەرپرسیارییەکی هاوبەشە و نابێت تەنیا لە ئەستۆی کۆمەڵگەكانی میوانداردا بمێنێتەوە.”
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ داوایان له‌ حكومه‌تی عێراق كردووه‌، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كوێشه‌ی ئاواره‌ی بكه‌ن و گووتی: “لە هەمان کاتدا، داوا لە حکومەتی نوێی عێراق ده‌كه‌ین کە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەیی بخاتە ناو گرنگترین ئەولەویەتە نیشتمانییەکانییەوە. دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر تراژیدیای شه‌نگالدا، هێشتا هەزاران هاووڵاتیی عێراقی لە ماڵ و زێدی خۆیان دوورن و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن کە بە ئارامی، كەرامەت و ئاسایشەوە بگەڕێنەوە. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوە جددییەکان بنرێن و ڕێککەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، چونکە خەڵکی شنگال و هەموو ئاوارەکانی عێراق، زیاتر لە هەر شتێک پێویستییان بە چارەسەر و ئەنجام هەیە، نەک تەنیا بەڵێن.”
له‌ هه‌مان كاتدا ئاراسته‌ی داواكاری له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد و گوتی: “هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسه‌كانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بەردەوام بن لە پشتیوانیی خۆیان و سەرمایەگوزاری بکەن لە ژێرخان و بەرگریی کۆمەڵگەکاندا، چونکە ئەم کاتە پێویستی بە هاوکاری و هاوبەشیی زیاتر هەیە.”

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest