به‌شێك له‌ كارو چالاكییه‌كانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی ئابی 2026

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاپۆرتی گشتگیری کار و چالاکییەکانی مانگی ئابی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە، کە زنجیرەیەکی بەرفراوان لە چالاکییە مرۆییەکان، ئاوەدانکردنەوە، پشتیوانیی کەرتی پەروەردە و تەندروستی، و گەشەپێدانی تواناکانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ناوچە دابڕێنراوەکان و ڕوژئاوای کوردستان/سووریا لەخۆ دەگرێت.
 دەستخۆشیی جەنابی سەرۆك بارزانی، پڕۆژەی پەروەردەیی و فریاگوزاریی خێرا
لە 21 ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 4ی ئابی 2026، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو پەیامی جیاوازدا پیرۆزباییان ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و کارمەندانی دەزگا کرد. هه‌روه‌ها سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەستخۆشییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگا کرد لە گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوان و ئاوارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
لە کەرتی گەشەپێدان و پەروەردەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین خول و وۆرکشۆپی ئەنجام دا؛ لەوانە خولێکی ڕاهێنان لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر بۆ 33 مامۆستا، خولێکی یەک مانگی لەسەر ژیریی دەستکرد (AI) بۆ 10 منداڵی ئازیز (سێوی خێرخوازی) بە هەماهەنگی لەگەڵ “فێرکادیمی”، خولێکی دروومان بۆ 33 بەشداربوو لە ئاکرێ، و دابینکردنی پێداویستیی لۆجیستی بۆ قوتابخانەی کانی سارکێ لە دەڤەری مێرگەسۆر.
لە لایەکی دیكه‌وە، تیمەکانی فریاگوزاریی خێرا، بەپەلە بەدەنگ داواکاریی خێزانە زیانبەرکەوتووەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپەکانی (بەحرکە 1) و ( (حەسەن شام U3 )چوون و کەرەستەی ناوماڵ، پێداویستیی ناوماڵ و هاوکاریی داراییان بەسەردا دابەش کردن.
 ددانپێدانانی نێودەوڵەتی، سەربەخۆیی دارایی و دیپلۆماسیی مرۆیی
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە بۆنەی 21 ساڵەی دامەزراندنی دەزگا، خەڵاتی ڕێزلێنانی مرۆیی بەخشییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی. لە کۆنگرەیەکی میدیایی هاوبەشدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگا ڕایگەیاند کە ئەم خەڵاتە نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە کارەکانی دەزگا.
هەروەها دەزگا گەشتێکی زانستی و کولتووری بۆ 45 مامۆستا و قوتابیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە ئاکرێ و هەولێر ڕێکخست. لە تەوەرەی بەهێزکردنی بژێویی ژیاندا، بە هاوکاریی ڕێکخراوی “حباء” و کەنیسەی “تویڤن”ی سویسری، مەکینەی دروومان، ماتۆڕسکیل و کەلوپەلی پیشەیی ئاسنگەری بەسەر کاسبکاران و کەسانی نیازمه‌ند لە هەولێر و شنگال دابەش کران.
لە ئاستی دیپلۆماسیدا، فەرامەرز ئەسەدی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر سوپاسنامەی ئاراستەی دەزگا کرد بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی چلەی ئیمام حسێن، لە کاتێکدا شاندی یەکێتیی نێودەوڵەتیی زانست و هاوکاری (UMDE) و دەزگای میدیای حەقیقەت سەردانی سەرۆکایەتیی دەزگایان کرد.

 

وەرزشی ئازیزان، تەندروستی و پڕۆژەی ڕێزلێنان لە ژینگەپارێزان

لە بواری وەرزش و پشتیوانیی ئازیزاندا، نۆیەمین فێستیڤاڵی وەرزشیی ئازیزان بە بەشداریی 80 منداڵ لە 8 پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەسەر ئاستی کوڕان پارێزگای سلێمانی و لەسەر ئاستی کچان پارێزگای هەولێر پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا.
لە کەرتی تەندروستیدا، هەڵمەتی پۆلێنکردنی نەخۆشانی نیازمەندی نەشتەرگەری لە کەمپەکان دەستپێکرا، خولی هۆشیاریی تەندروستی لە کەمپی باسرمە ئەنجام درا، و زنجیرەیەک سیمینار و هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر و نەخۆشیی ئۆتیزم لە هەولێر و خانەقین بەڕێوەچوون.
لە هەنگاوێکی وەفادارانەدا بۆ تێکۆشانی ژینگەپارێزان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی “وەفا”ی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرد؛ لە ڕێگەی سازدانی ئێوارەخوان و دابەشکردنی هەزاران سەبەتەی خۆراک و تەندروستی بەسەر زیاتر لە 3,200 کارمەندی ژینگەپارێز و کارگوزار لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کفری و گەرمیان).

 

گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، چالاکییە مرۆییەکان لە سووریا و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاسانکاری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، پشتیوانیی دارایی بەسەر 124 خێزانی کەمپی ئیسیاندا دابەش کرا بۆ گەڕانەوەیان بۆ شنگال، هاوکات هاوکاریی خۆراکی و ناخۆراکی بەسەر سەدان خێزانی گەڕاوە لە شنگال، سنوونی، دەشتی نەینەوا و سەری کانی دابەش کران
لە دەرەوەی سنوورەکان، تیمەکانی دەزگا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا چالاکییەکانیان چڕکردەوە؛ سەبەتەی خۆراک و هاوکاریی پزیشکییان گەیاندە کەمپەکانی عەفرین، عامودێ، و زیاتر لە 2,000 خێزانی گەڕاوە لە چیای کوردان و لازقیە، لەگەڵ دابینکردنی دەرمانی فریاکەوتن بۆ 5 بنکەی تەندروستی لە لازقیە.
سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، دەزگا دوو ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بەخشییە پەرستگەی لالش، هەروەها د. جەمیلە ئەلریبی بەرپرسی WHO لە عێراق سەردانی دەزگای کرد بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان. ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر و خولی هاوینە بۆ سەدان منداڵی ئازیز و شەهیدان لە پارێزگاکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان (کەلار، سلێمانی، هەولێر و دهۆک) بە سەرکەوتوویی کۆتاییان پێهات.

 

ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest