دە ساڵ هاوبەشیی مرۆیی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوە و دامەزراوە میدیاییەکانی ئەڵمانیا .. قەڵغانی رێزلێنان پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا

بە بۆنەی تێپەڕبوونی دە ساڵ لە كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبەشیی مرۆیی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوە و دامەزراوە میدیاییەکانی ئەڵمانیا‌، قەڵغانی ڕێکخراوی ده‌ستی هاوكاری پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا و ئەڵمانییە هاوبەشەکان؛ جەختیان لە بەردەوامبوون و فراوانکردنی پڕۆژە مرۆییەکان لە هه‌رێمی کوردستان کردەوە.
لە کۆنگرەیەکی میدیایی کە ڕۆژی دووشەممە، 12ی ئۆکتۆبەری 2026 لە سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، بە بۆنەی دە ساڵ هاوکاری و هاوبەشیی مرۆیی لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە و دامەزراوە میدیاییەکانی ئەڵمانیا، قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا.
لە کۆنگرەکەدا، بەشداربووان باسی ئەنجامەکانی دە ساڵ هاوکاریی هاوبەش، پڕۆژە مرۆییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، پشتیوانیی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کوردستان کرد.
موسا ئەحمەد: لە چوارچێوەی 22 پڕۆژەدا، شەش ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی مرۆیی کراوە
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێکخراوە ئەڵمانییە هاوبەشەکان و چەندین دامەزراوەی میدیایی کرد و ڕایگەیاند کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، کاریتاسی ئەڵمانی لە ئێسن، پیس فلێچ (گوندی ئاشتی)، ڕێکخراوی دەستی هاوکاری، ڕێکخراوی فرانسیسکان و چەند ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەڵمانیا، لە  22 پڕۆژەی دەزگاکەدا لە ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان، هاوبەش و پشتیوانێكی چالاک بوون.
ئەوەشی خستەڕوو كە بەهای هاوکارییە جۆراوجۆرەکانیان گەیشتووەتە زیاتر له‌ شەش ملیۆن یۆرۆ و ئەو هاوکارییانە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەواشیان گرتووەتەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی کارکردنی ژمارەیەک لە سەنتەرەکانی دەزگاکە کرد کە بە هاوكاریی هاوبەشانی، لە ئامێدی، شێخان و شنگال، لەژێر ناوی «گرنژین»، خزمەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکەن. گەڕانەوەی بەشێک لەو منداڵانەشی بۆ خوێندنی ئاسایی، بە یەکێك لەو ئەنجامانە هەژمار كرد کە جێی دڵخۆشی و شانازیی هەمووان بووە.
موسا ئەحمەد، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی کۆبوونەوە هاوبەشەکاندا، دڵنیایی دراوە کە ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی کار و پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی نوێنەرانی ڕێکخراوە و دامەزراوە میدیاییە هاوبەشەکانی کرد و ڕێزی بۆ ئەو هەوڵ و پشتیوانییانە دووپات كردەوە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بۆ پڕۆژە مرۆییەکان و خزمەتکردنی ئاوارەکان و کەسانی نیازمەند خراونەتەگەڕ.
لوتگەر مۆلەرس: ئێمە لە کوردستان دەمێنینەوە و کارەکانمان فراوانتر دەکەین
لوتگەر مۆلەرس، ڕۆژنامەنووس و سەرۆکی ڕێکخراوی دەستی هاوکاری، لە وتارەکەیدا جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانییەکان بۆ کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ڕۆژنامەکەیان زیاتر لە یەک ملیۆن خوێنەری هەیە و بەردەوام داوایان لە بەخشەران و خوێنەرانیان كردووە كە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. بەو ئامانجەی کە پشتگیرییە مرۆییەکان بەردەوام بێت و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارەکان و کەسانی نیازمەند بەرفراوانتر بکرێن.
مۆلەرس جەختی لەوە كردەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا و هەندێک ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی لە پشتیوانییەکانیان کشاونەتەوە، ئەوان نەک هەر بەردەوام دەبن، بەڵکو هەوڵ دەدەن چالاکییەکانیان زیاتر فراوان بکەن.
ئەو بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئاوارەکان و فشارەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بۆ دابینکردنی شوێن و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان و کەمکردنەوەی بارگرانیی کەمپەکان دەدرێن.
سەرۆکی دەستی هاوکاری هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەکانیان لە بواری تەندروستی، پشتیوانیی ئافرەتان، منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستیی جیاواز کرد و گوتی: لە ماڵی «گرنژین»، 250 منداڵ سوودیان لە خزمەتگوزارییەکان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی ئاسایی؛ ئەوەش ئەنجامێکی جێی دڵخۆشی و شانازیی بووە.
مۆلەرس ئاشکرای کرد کە پاش تەواوبوونی پشووی هاوینە، هیوادارن بە کار و چالاکییە فراوانترەکانیانەوە بگەڕێنەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە ئەرکی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندن تەنیا بە هاوکاریی دارایی سنووردار نابێت، بەڵکو دەیانەوێت خەڵکی ئەڵمانیا زیاتر لە کوردستان و بارودۆخی مرۆییی ناوچەکە ئاگادار بکەنەوە.
کلاودیا پۆپ مۆلەرس: ئێمە تەنیا دوو دامەزراوەی مرۆیی نین، بەڵکو هاوڕێین
کلاودیا پۆپ مۆلەرس، سەرۆکی پیس فلێچ (گوندی ئاشتی)، لە وتارەکەیدا پەیوەندیی نێوان لایەنەکانی بە پەیوەندییەکی تەنیا دامەزراوەیی وێنا نەکرد، بەڵکو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هاوڕێی یەکترن و پێنج ساڵە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار دەکەن.
وەك باسیكرد، سەرەتای هاوکارییەکانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بواری پشتیوانیی پزیشکیی منداڵان بووە، هەر لەو بارەیەوە گوتی: لە سەرەتادا نزیکەی 300 منداڵ پشکنینیان بۆكرا و لە نێوانیاندا نۆ منداڵیان هەڵبژاردران کە نەدەتوانرا لە کوردستان چارەسەری پزیشکییان بۆ بکرێت؛ بۆیە بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی ئەڵمانیا کران.
کلاودیا مۆلەرس، ئاماژەی بە خراپتربوونی بارودۆخی ناو کەمپەکان کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ناردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، پێداویستییەکانی ناوچەکە زۆر لەوە زیاترە و پێویستە هاوكاریی زیاتر بكرێن.
بە وتەی ئەو، منداڵانی زیاتر لە 200 نەتەوە لە دامەزراوەکەیاندا چارەسەر و پشتیوانی وەردەگرن و بە یەکەوە بە هاوڕێیی و لێكتێگەیشتن دەژین؛ ئەوەش بە نموونەیەکی گرنگی پێکەوەژیان و هاوڕێیەتیی نێوان مرۆڤەکان دانا و هیواخوازی ئەوەش بوو کە سیاسەتمەدارانیش بتوانن هەمان ڕۆحی هاوڕێیەتی و هاوکاری و لێكتێگەیشتنیان هەبێت.
یان یەسن: کوردستان لە قەیرانەکاندا لە تەنیشت ئاوارەکان وەستاوە
یان یەسن، سەرۆکی دەزگای میدیایی فونکە و جێگری سەرۆکی دەزگای کاریتاس یەسن، لە وتارەکەیدا بە باسکردنی سەردانی 15 ساڵ لەمەوبەری خۆی بۆ کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە لەو کاتەدا خەڵکێکی پڕ لە هیوا و وزەی بینیوە.
ئەو بە ئاماژەدان بە قەیرانە مرۆییە گەورەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی قەیرانی ئاوارەبوونی خەڵک لە سووریا لە ساڵی 2011  سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خەڵکی کوردستانی کرد کە بە هەموو توانایانەوە بە هانای ئاوارەکانەوە چوون.
یەسن گوتی: لەو کاتەدا خەڵکی کوردستان تەنانەت دوشەک و بەتانی و خۆراکی ماڵەکانی خۆیان بۆ ئاوارەکان دەهێنا و بەو شێوەیە ڕۆڵێکی گرنگیان لە کەمکردنەوەی ئازار و ناخۆشییەکانیاندا گێڕا.
هاوكات ئاماژەی بە کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان دوای شەڕی داعش كرد و گوتی: زۆر بەداخەوە دوای تێکشکاندنی داعش لە ساڵی 2017 هێشتا کەمپەکان پڕن لە ئاوارە و پێویستییە مرۆییەکان بەردەوامن.
سەرۆکی دەزگای میدیایی فونکە ڕایگەیاند کە ئەوان لە کوردستان دەمێننەوە و کارەکانیان فراوانتر دەکەن. هەروەها خۆبەخشانە خزمەتکردنی ئاوارەکان لەلایەن موسا ئەحمەد و تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستانی بە بیرخستنەوەیەکی گرنگ و جێی ڕێز دانا.
بەردەوامبوونی هاوکارییەکان؛ پەیامێک بۆ داهاتووی کاری مرۆیی لە کوردستان
شێرزاد تۆماس، سەرۆکی کاریتاس لە عێراق، لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو و ئەركی وەرگێڕانی وتارەکانی لە نێوان زمانی کوردی و ئەڵمانیدا لە ئەستۆ گرت.
لە کۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا،  لوتگەر مۆلەرس، ڕۆژنامەنووس و سەرۆکی ڕێکخراوی دەستی هاوکاری، قه‌ڵغانی ڕێزلێنانی ڕێكخراوه‌كه‌یانی به‌ موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش كرد.
ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest