بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و چالاكانی مەدەنی و میدیاكاران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی خەڵات و ڕێزلێنانی پێشكەشی قوتابیانى سەركەوتوو كرد.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و چالاكانی مەدەنی و میدیاكاران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە ڕێكەوتی 24\8\2025 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، خەڵات و ڕێزلێنانی پێشكەشی 37 قوتابیى سەركەوتوو كرد، كە بە هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغەكانی خوێندنیان بە سەركەوتوویی تەواو كردووە.
د. ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد “دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە شەرەفمەند بووە بە خزمەتكردنی مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی گشتی و هەوڵی داوە دەرگا و دەریچەیەك ببینێتەوە و خزمەتی سلێمانی و ئەم ناوچە پیرۆزەش بكات”، گوتیشی: “لەم یادە پیرۆزەدا خەڵات و ڕێزڵێنان دەبەخشین بەو قوتابیانەی كە لە ماوەی خوێندنیان و پێش خوێندنیشیاندا لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێكەوە لە یەك ماڵدا پێكەوە كارمان كردووە و خزمەتی پرۆسەی خوێندنمان كردووە.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، جەختی لەوە كردەوە، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆی بە خزمەتكاری كوردستان دەزانێت و سەبارەت بەو قوتابییانەش كە خەڵات كران، گوتی: “ئەو قوتابییە خۆشەویستانە دەتوانن لەناو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كار و پڕۆژە ئەفكاری خۆیان بخەنەگەڕ و لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە ماڵی خۆیانە خزمەتی مرۆڤایەتیی و كۆمەڵگەی خۆیان بكەن”. گوتیشی: ” دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پڕۆژەی ماڵی ئازیزان، ساڵانە چەندین پڕۆژەی گرینگی هەیە، كە خزمەت بە خەڵكی كوردستان و ناوچەكە دەكات. خۆشحاڵیش دەبین كە بتوانین لە ساڵانی ئایندەش دەرگەیەكی وا بكرێتەوە و لە ڕێگەی بەخشەرەكانمانەوە بە شانازییەوە خزمەتی شاری سلێمانی لە بواری پەروەردەیی،تەندروستی، ژیانەوانی، خزمەتی ئەو خەڵكە بكەین، كە پێویستیان بە هاوكاریی ئێمە هەیە”.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی دووپات كردەوە كە “خەڵكی شەرەفمەندی سلێمانی و دەوروبەری هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون” و داواشی كرد، لەو پاڵپشتییانە بەردەوام بن، بۆ ئەوەی پێكەوە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو كەلێن و كەموكورتییانە پڕ بكەنەوە و بتوانن زیاتر خزمەتی مرۆڤایەتی و كەسانی نیازمەند بكەن. ئەوەشی خستەڕوو، كە بەشەران و خێرخوازان بەتایبەتی لە پڕۆژەی (ماڵی ئازیزان)ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی مەزن و بەرچاویان بینیوە و لە ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە 16 هەزار منداڵی ئازیز (بێباوك)ی لە ئامێز گرتووە.
ئا : سالار بابەشێخ










