دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پاڵپشتیی بەخشەران لە پڕۆژەی كوردستانی ماڵی ئازیزان پتر لە یەك ملیۆن دۆلار بەسەر منداڵانی ئازیز (بێباوك) دابەش دەكات.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و چالاكانی بواری مرۆیی و ئازیزان و خانەوادەكانیان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەت كە ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ٢٨/١٠/٢٠٢٥ لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوچوو، دابەشكردنی هاوكاریی دارایی لە پڕۆژەی كوردستانی ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان ڕاگەیەندرا، كە بڕەكەی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلارە.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ ئامادەبوون، وێڕای بەخێرهاتنیان، تیشكی خستە سەر كار و چالاكی و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان پێشكەش بە منداڵانی ئازیز و خانەوادەكانیان دەكەن. هاوكات بە گەرمی سوپاسی بەخشەرانی بەڕێزی كوردستانی كرد، ئاماژەی بەوەش كرد، كە سهرهڕای قەیرانەكان و ههڵكشان و داكشانی ئابووری، سەرمایەدار و خێرخوازان و خاوهن كۆمپانیاكانی كوردستان، پشتی ئهم پڕۆژەیان بهر نهدا بۆ ماوەی چواردە ساڵ دەچێت كە پێشكهشكردنی هاوكاری و بەخشینەكانیان بهردهوام بووە. هاوكات سوپاسی هەموو بەخشەرانی دیكە و وڵاتانی هاریكاریبەخشی كرد، كە پشتیوانی پڕۆژەكانی ماڵی ئازیزان بوون.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە له ساڵی (2012) بە ئامادهبوونی ڕێزدار مهسرور بارزانی سهرۆكی بۆردی دامهزرێنهرانی دهزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان / بهشی كوردستان ڕاگهیهندرا. گوتیشی: “شانازی دەكەین كە زیاتر لە هەشت هەزار منداڵی ئازیز، گەروە بوون و ئێمەیان بەجێ هێشتووە و بوونەتە خاوەن ماڵ و منداڵ و بناغەی ژیانیان داناوە”.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، 3609 منداڵ لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكە بڕێ یەك ملیۆن و 65 هەزار و 400 دۆلاریان بەسەردا دابەش دەكرێت.
ماڵی ئازیزان، پڕۆژەی جۆراوجۆری هەیە و پێشكهشكردنی خزمهتگوزاریی(ماددی، پهروهردهیی، تهندروستی، دابینكردنی كورسیی خوێندن، ڕێكخستنی گەشتی زانستی، ڕهخساندنی كاتی خۆشی وەك ئەسپسواری و مەلەوانی و وێنەكێشان و یاریكردن، دابینكردنی جلوبەرگ و پێداویستیی قوتابخان و…هتد لەخۆ دەگرێت.
پارهی مانگانهی ئازیزانی كوردستان بۆ ههر مانگێك بڕی (50) دۆلارە بۆ هەر ئازیزێك، كه شهش مانگ جارێك له ڕێگهی یهكهكانی ماڵی ئازیزان له گشت ئۆفیسهكان بهسهر ئازیزاندا دابهش دهكرێن.
کۆی گشتیی دابەشکردنەکانی ماڵی ئازیزان تا ساڵی 2025 بڕی 82 ملیۆن و 340 هەزار و 78 دۆلار بووە.
ژمارەی ئازیزان بە گشت پڕۆژەكانەوە (کوردستان، ئیمارات، پۆڵەندا، هاوکاریي شانشینی سعودیە و هاوکاریی وڵاتی کوەیت) 23 هەزار و 463 ئازیزن.
لە پڕۆژەی كوردستانیش 27 ملیۆن و 786 هەزار و 233 دۆلار بەسەر 5 هەزار و 888 ئازیز دابەش كراون.
پڕۆژەكهی ماڵی ئازیزان لهم قۆناغهدا پشت به هاوكاری و سپۆنسهری كۆمپانیاكان و سەرمایەدار و بەخشەرانی خێرخواز دهبهستێت.
بەشێك لەو خزمەتگوزارییانەی كە ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی منداڵانی ئازیز و خانەوادەكانیان دەكەن بریتین لە:
• خەڵاتکردنی یەکەمەکانی پۆلی 12 لە کوردستان
• دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ منداڵانی ئازیز
• ئەنجامدانی پشكنین و نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشكی بۆ ئازیزان
• دابەشکردنی مووچەی ئازیزان لە پڕۆژەی كوردستان
• دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ منداڵانی ئازیز
• دابینكردنی جلوبەرگ و جانتا و پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن بۆ ئازیزان
• دڵخۆشكردنی ئازیزان بە سەردانی مەلەوانگە و پارك و گۆڕەپانی ئەسپسواری و سەیرانگەكان
• دابینكردنی سەبەتەی خۆراكی وشك، خۆراكی گەرم و بەخشینی گۆشتی قوربانی
• كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی و تواناسازی
• چارەسەرکردنی گرفتە پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئازیزان و خانەوادەکانیان
ئا: سالار بابەشێخ




































