دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر بانگهێشتی دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ بەشداری لە کۆڕبەندی ئۆسلۆ بۆ مافەکانی مرۆڤ دەكات.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر بانگهێشتی دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ (HRF)، لە ڕێكەوتی 26\5\2025 بەشداری لە کۆڕبەندی ئۆسلۆ بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد. ئاوات مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(موسا ئەحمەد)، لەو کۆڕبەندە بەشداری چەند پانێلی کرد. هەروەها کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی ناسراو لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دا، لەوانە:(مەسیح عەلینژاد، ڤیکتەر کارا میرزا، ناجی مکیتۆ نوێنەری یەکێتیی ئەفریقا بۆ بەدواداچوون لە مافەکانی مرۆڤ، پاتریک ئیلۆت – ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئۆفیسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بارودۆخی بارمتەکان).
لە كۆی پانێلەكان و كۆبوونەوەكانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا، لەو كۆڕبەندە، گۆڕانکاری و بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان جێی سەرنج و خۆشحاڵیی توێژەر و یاساناسانی بواری مافەکانی مرۆڤ بوو. هەروەها پێگە و هەوڵەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بایەخدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی سیاسەتی جۆری و کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ کاروباری مرۆیی international humanitarian law بەرز نرخێندرا.
ئەم کۆڕبەندە ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ لە ئۆسلۆ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئەنجام دەدرێت. وا بڕیارە ساڵی داهاتوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سیمینارێکی تایبەت بە پاراستنی مافی پەناخوازان لە کاتی ئاوارەیی بەشدار بێت.









