بە ئامادەبوونێ بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و میدیاكاران و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕواندز، کۆنترین و گەورەترین باخچەی منداڵان لە ڕواندز لە ڕێكەوتی 28\8\2025 دوای نۆژەنكردنەوەی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕادەست كرایەوە.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیاكاران، جەختی لەوە كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتکردنی سێکتەری پەروەردە بەردەوام دەبێت. هەر لەو بوارەدا ئاماژەی بە ڕاسپاردەیەكی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، بەوەی كە بە هەموو شێوەیەك بایەخ بە كەرتی پەروەردە و دابینكردنی پێداویستییەكانی بدرێت.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، تێچووی نۆژەنكردنەوەی ئەو باخچەی منداڵانە 50 ملیۆن دینار بووە و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ هاوكاران و تیمەكانی نۆژەنكردنەوەكە دەربڕی كە بە شێوەیەكی جوان و مۆدێرن كارەكەیان ئەنجام داوە. ئەوەشی خستەڕوو كە لە سەرتای دروستبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا ئێستا زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بۆ سێكتەری پەروەردە تەرخان كراوە.
ئا: سالار بابەشێخ











