موسا ئەحمەد: ئامانجی ئێمە شەفافییەتە لە كاری خێرخوازی و مرۆیی و سوپاسی هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، داتا و زانیاریی دابەشكردنی هاوكارییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو، هاوكات سوپاسی بەخشەران و هەموو خەڵكی كوردستان دەكات.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی 27/1/2026 لە كۆنگرەیەكی میدیایی
لە قامشلۆ، ئامار و زانیارییەكانی لە بارەی گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی بە ڕۆژئاوای كوردستان خستەڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دەستپێكی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە شانازییەوە بە كاروانێكی گەلەك مەزن گەیشتنە قامشلۆ و ڕۆژانە خزمەتگوزاری و هاوكاریی جۆراوجۆر پێشكەشی خەڵكی ڕۆژاوا دەكەن. وەك باسی كرد، تا ئێستا:
165 بارهەڵگری هاوكارییەكان گەیشتوون.
9.180 خێزان – 57.955 كەس لە هاوكارییەكان سوودمەند بوون
كەلوپەلی ناوماڵ 22 جۆرن
لە 108 قوتابخانە هاوكارییەكان دابەش كراون.
نەوت بۆ 8 مزگەوت دابین كراوە.
دابەشكردنی خوردانی گەرم بەردەوامە و ئەمڕۆش لە (دێركێ و عامودا) ش تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواردنی گەرم دابەش دەكەن.
تا ئێستا 9.930 ژەمە خۆراكی گەرم لە 15 قوتابخانە و 3 مزگەوت دابەش كراون.
تیمەكانی پزیشكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی 34 قوتابخانەیان كردووە و 2.749 كەس چارەسەری پزیشكییان وەرگرتووە.
289 كەس دەرفەتی كاریان بۆ ڕەخساوە. ژمارەی خۆبەخشانیش بۆ پاڵپشتیی و هاوكاریی تیمەكانی دەزگا لە دابەشكردنەكان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.
سەردانی 116 بنكە و شوێنی نیشتەجێببونی ئاوارەكان كراوە.
دیارە قوتابخانە و مزگەوتەكانی شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەكی زۆری ئاوارەیان تێدا نیشتەجێ كراون.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە بەشێك لە پێداویستییەكان بۆ ئاوارەكان كە لە ناو هاوكارییەكان نەبوون و پێویستیی ڕۆژانەشن، لە بازاڕەكانی ڕۆژئاوا دەیكڕن.
هاوكات سوپاسی ئەو گوڕوتینەی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، كە “بە شاهیدی خەڵك و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، دەبینن ڕۆژانە پتر لە 16 ساعەت لە نێوان ئاوارە كار دەكەن”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیشكی خستە سەر یەكێك لە ئاریشەكانی بەردەم دابەشكردنی هاوكارییەكان، كە جۆری ڕێكخستنی هاوكارییەكانە، وەك باسیكرد، پێویستە دەزگا و لایەنەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری بە وردبینییەوە هاوكارییەكان پاكێج بكەن و ئەولەوییەت بە جۆری پێداویستییە زەروورییەكان بدەن. گوتیشی: “ئامانجی ئێمە شەفافییەتە لە كاری خێرخوازی”. ئاماژەی بەوش كرد، كە هاوكارییەكان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ مانگی سووری كوردی دابەش دەكرێن.
لەوانە: خێوەت، سووتەمەنی، سوپە، خۆراك، ڕاخەر، پێخەف، پاكێجی تەندروستی و پاككەرەوە، جلوبەرگی نوێ، تەباخ و سێتی چێشتخانە و تەنانەت یاریی منداڵان كە هۆكاری دڵخۆشكردنی منداڵێكی دەروون هەژاوە، بە بۆنەی ئاوارەبوونی خۆی و خێزانەكەی.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەزموونی خزمەتكردنی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی لە كەمپەكاندا هەیە، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاوارەكان لەناو كەمپدا نین و بارهەڵگرەكان ناتوانن بڕۆنە ناو كۆڵانەكان، بۆیە تیمەكانی ڕێكخستن و دابەشكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ناچارن هەموو بارەكان دابگرن و جارێكی دی بە بارهەڵگری بچووكتر و ئۆتۆمبێل هاوكارییەكان لە كۆڵان و قوتابخانە و مزگەوتەكان دابەش بكەن.
گرفتێكی دیكە كە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پەنجەی لەسەر دانا، لاوزیی پردی پەڕینەوەی بارهەڵگرەكانی هاوكارییەكانە لە سنوور، كە بە هۆیەوە بارهەڵگرەكان ناتوانن لە 12 تۆن زیاتر باربكەن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵدایە، هاوكارییە مرۆییەكان بە كۆبانێ و شار و گوندەكانی دیكەی ڕۆژئاواش بگەیەنێت.
هاوكات سوپاسی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كرد كە بەردەوام پاڵپشت و هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون. هەروەها سوپاسی كارمەندانی مانگی سووری كوردی و خۆبەخشانی كرد، كە لەگەڵ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو چالاكییە مرۆڤدۆستانەیەدا هاوكاری دەكەن.
كاروانی شەشەمی هاوكارییەكان كە 45 بارهەڵگرن لە 26/1/2026 لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كرا، بەوەش ڕێژەی هاوكارییەكان و ژمارەی سوودمەندان زیاتر دەبن.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest