دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد. دابەشكردنی هاوكارییەكانیش لە لایەن تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەكی چڕ و پڕ بەردەوامن و ڕۆژانە لە بواری جیاواز خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە ئاوارەكان پێشكەش دەكرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان، دەبێتە پردێکی بەهێز لە نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بکات.
كەمپینەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی بەخشەران بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لە ئاستێكی بەرفراوان هەتا ئێستاش بەردەوامن.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە زیاتر لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕووی خوراكی و تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن.
تا بەرەبەیانی 29/1/2026 ئاماری هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بەمجۆرە بوون:
206 بارهەڵگر هاوكاريی خۆراكی و ناخۆراكی و پزیشكی و سووتەمەنی بە ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتوون.
6،609 خێزانی ئاوارە لە هاوكاريیەكان سوودمەند بوون.
لە 150 قوتابخانەی جێی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی دابەش كراون.
198،657 لیتر سووتەمەنی لە 169 قوتابخانە و 9 مزگەوت دابەش كراون.
19،979 ژەمە خۆراكی گەرم لە 52 قوتابخانە و 3 مزگەوت دابەش كراون.
3،160 كەس لە 41 قوتابخانە چارەسەری پزیشكییان بۆ كراوە.
418 هەلی كار ڕەخسێنراون.
ئا: سالار بابەشێخ

















