موسا ئەحمەد:هاوكارییەكان ئەمڕۆ دەگەنە حەسەكە و ئامادەین لە كەمتر لە 24 كاتژمێر هاوكارییەكان بیگەیێنینە كۆبانێ

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نوێترین ئاماری هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو، جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە بەخشەران هاوكارییەكانیان پاكێج بكەن، بۆ ئەوەی تیمەكانی دابەشكردن ئاسانكارییان بۆ بكرێت و بتوانن بە خێرایی خزمەتی ئاوارەكان بكەن.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 30/1/2026 لە كۆنگرەیەكی میدیایی، دوای ئەوەی نوێترین ئاماری هاوكارييە مرۆییەكانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بەوە كرد كە خەڵكی بەخشەر لە كوردستان و لەسەر ئاستی جیهان بەردەوامن لە ناردنی هاوكارییەكان و گوتیشی: “هەر ڕێكخراو و دەزگایەك كە هاوكاری بۆ ڕۆژئاوا دەنێرن، دەستیان ماچ دەكەین”، جەختی لەوەش كردەوە كە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر ڕێكخراو دەزگایەك ناو و لۆگۆی خۆیان هەبێت، هاوكارییەكان بە ناو و لۆگۆی خۆیانەوە دابەش دەكەن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسی ئەوەشی كرد كە “تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری كورد، ئەركی سەرشانیان زۆر گران بووە بۆ دابەشكردن، لەبەر ئەوەی بارهەڵگری گەورە ناتوانن بڕۆنە كۆڵانەكان و هاوكارییەكانیش پاكێج نەكراون، سەبارەت بە هاوكاریی خۆراكییش گوتی: “هاوكاریی خۆراكی بەشی دوو هەفتەی هەر خێزانێك دەكات و دەبێت دووبارە بكرێنەوە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە ئاماری كۆی ئاوارەبووان، باسی ئەوەی كرد، ئامارێكی متمانەپێكراو و “دەقیق” نییە، بەڵام باسی ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار كەس دەكرێت.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: “هاوكارییەكان ئەمڕۆ دەگەنە حەسەكە و ئامادەین لە كەمتر لە 24 ساعەت بیگەیێنینە كۆبانێ، لەگەڵ (UN) و وەزارەتی دەرەوەی سووریاش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام پەیوەندی دەكەین”.
بەمجۆرەش ئاماری هاوكارییەكانی خستەڕوو:
255 بارهەڵگر هاوكاريی خۆراكی و ناخۆراكی و پزیشكی و سووتەمەنی بە ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتوون.
7،475 خێزانی ئاوارە لە هاوكاريیەكان سوودمەند بوون. (لە 160 قوتابخانە و 9 مزگەوت( نیشتەجێن.
241،632 لیتر سووتەمەنی لە 178 قوتابخانە و 10 مزگەوت دابەش كراون.
25،589 ژەمە خۆراكی گەرم لە 69 قوتابخانە و 5 مزگەوت دابەش كراون.
3،160 كەس لە 41 قوتابخانە چارەسەری پزیشكییان بۆ كراوە.
478 هەلی كار ڕەخسێنراون.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو “سەبەتەی خۆراك 20 كیلۆییە و 12 ماددە لەخۆ دەگرێت و هەروەها كارتۆنی پاككەرەوە و دۆشەك و بەتانی ئەو هاوكارییانە نەگۆڕن و هەندێك جار گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، هاوكات لە 3 چێشتخانەش (لە قامشلۆ و عامودا و دێركێ) خواردنی گەرم ئامادە دەكرێن و بەسەر ئاوارەكان لە مزگەوت و قوتابخانەكان دابەش دەكرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد. دابەشكردنی هاوكارییەكانیش لە لایەن تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەكی چڕ و پڕ بەردەوامن و ڕۆژانە لە بواری جیاواز خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە ئاوارەكان پێشكەش دەكرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان، دەبێتە پردێکی بەهێز لە نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بکات.
كەمپینەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی بەخشەران بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لە ئاستێكی بەرفراوان هەتا ئێستاش بەردەوامن.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە زیاتر لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕووی خوراكی و تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest