سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە میری ئێزدییەكان لە کوردستان و جیهان دەكات و هەر دوو لایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوانیان بۆ خزمەتكردن بە هاریكاریی مرۆیی بەردەوام و بەرفراوانتر بكەن.
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەكان لە کوردستان و جیهان، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٩/١٠/٢٠٢٥ سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازیی لێكرا.
لەو دیدارەدا میری ئێزدییەكان لە کوردستان و جیهان، كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ هاریكارییەكانی دەزگا بۆ خوشك و برایانی ئێزدی لە قۆناغە جیاواز و سەختەکان دەربڕی.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، تیشكی خستە سەر هەوڵە گشتگیر و هەمەلایەنەکان بۆ ئاشتەوایی و پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و هیوای خواست، دوای ئەو هەموو نەهامەتی و كارەساتانەی كە بەسەر خوشك و برایانی ئێزدی هاتووە، لەژێر سێبەری ئارامی و ئاسوودەیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بحەوێنەوە.
هەردوو لا جەختیان لەوەش كردەوە كە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوانیان بۆ خزمەتكردن بە هاریكاریی مرۆیی بەردەوام و بەرفراوانتر بكەن.








