فیستیڤاڵی ئومێد، وزە و هیوا بە منداڵانی ئاوارە و پەنابەری ناو كەمپەكان دەبەخشێت

بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وەرزش، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر، ڕاگرى کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیيەکان و ڕێگه‌پێدراوی فەرمیی كۆمپانیای زێڕ و بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و سەرۆكی یانەی هەولێر و ژمارەیەك كەسایەتی حكوومی و مەدەنی و وەرزشی، ڕێوڕەسمی كۆتایی “فیستیڤاڵی ئومێد بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان” لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیيەکان لە هەولێر بەڕێوچوو، لە كۆتایی رێوڕەسمەكەشدا براوەكانی یەكەم تا سێهەم لەسەر ئاستی كچان و كۆڕان خەڵات كران.

بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەختیار فەریق(ڕاوێژكاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وەرزش)، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دكتۆر ئەحمەد كۆچەر ڕاگرى کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیيەکان و دیار دڵپاك ڕێگه‌پێدراوی فەرمیی كۆمپانیای زێڕ و بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و سەرۆكی یانەی هەولێر و ژمارەیەك كەسایەتی حكوومی و مەدەنی و وەرزشی، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 26\8\2025 لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیيەکان لە هەولێر، ڕێوڕەسمی كۆتایی “فیستیڤاڵی ئومێد بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان” بەڕێوەچوو.
سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێكخەرانی فیستیڤاڵەكە دەربڕی. دواتر ئەوەی بە مایەی شانازی ناوبرد، كە لە سەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە یەكەم ڕۆژی هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی بەهانایانەوە بچێت و خزمەتیان بكات. سەبارەت بە فیستیڤاڵەكەش، هیوای خواست، دەستپێكی قۆناغێكی وەرزشیی جوان بێت بۆ بەشداربووانی و لە داهاتوو لە شوێن و پلەی بەرزی وەزشییدا ببیندرێن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هێشتا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكاندا ماون، بەتایبەت ئاوارەكان و هاووڵاتیانی عێراقی، كە پێویستە حكومەتی عێراق چۆن لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق خزمەتی هاوڵاتیانی دەكات، خزمەتی ئاوارەكانیش لە ناو كەمپەكان بكات. هەر لەو بارەیەوە جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر تەنیا باسی ئەمساڵ بكرێت، ئەوا لە سەرتای ساڵەوە تا ئێستا(26ی ئاب) وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، تەنانەت یەك كیلۆ خۆراكیشی بەتایبەتی لە كەمپەكانی دهۆك دابەش نەكردووە، ئەو پشتگوێخستنەشی بە “پێشێلكردنی مافی مرۆڤ” ناو برد، كە حكومەتی عێراق ئەركی خۆی بەرانبەر بەو هاووڵاتیانە بەجێ نەهێناوە.
دواتر بەڕێز ئاریان سەلاحەدین بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لە وتارەكەیدا هێمای بەوە كرد، كە ڕێكخستنی ئەو فیستیڤاڵە وەرزشییە ستراتیژیەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیشان دەدات، كە ئەم دەزگایە تەنیا لەو چوارچێوەیەدا خۆی قەتیس نەكردووە، كە لە كاتی نەهامەتی و تەنگانەدا بەهانای لێقەوماوانە بچێت و خزمەتیان بكات. جەختی لەوەش كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزای بە نیازمەندان هەموو سنوورەكانی بڕیوە و هیچ ڕنگێكیشی جیا نەكردووەتەوە، گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕووی بیرۆكە و ئامانجیشەوە سنووریان بڕێوە لە خزمەت و ستراتیژیەتی گەورەیان هەیە، بۆیە هەموومان شانازی بە كارە گەورە مرۆیی و نیشتمانییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین و ئەگەر بە كادیرێكی خۆبەخشی ئەو دەزگایەمان قبووڵ بكەن، هیچ سنوورێكمان نییە بۆ خزمەتكردن لەگەڵیان”. لە كۆتایی وتەكانشیدا وێڕای دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی فیستیڤاڵەكە و هیوای سەركەوتن بۆ بەشداربووانی فیستیڤاڵەكە گوتی: “وەكو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، هەموو ئامادەییكمان تێدایە بە هەموو دامەزراوەكانمانەوە لە خزمەت ئەمانجەكانی دەزگا بین، چ لە وەرزش، چ لە بواری كولتووری، چ لە بواری خزمەتی لاوان و هەموو بوارانەی كە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەتوانێت لەگەڵتان بێت”.
دواتر به‌ڕێز بەختیار فەریق، ڕاوێژكاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وەرزش و ئەندامی لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق، لە وتارەكەیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە وەرزشییە و پاڵپشتیكردنی لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقیشی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو فیستیڤاڵە وەرزشییە بە مایەی شانازی ناو برد.
فستیڤاڵەكە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی عێراق دەستی پێكرد، دواتر هاتنەژوورەوەی تیمی كەمپەكان و نمایشی تیپی هەڵپەڕكێ و كێبڕكێیەكان ئەنجام دران و لە كۆتاییدا ناوبژیوانان و یاریزانەكانی یەكەم، دووەم و سێهەم لەسەر ئاستی كچان و كوڕان خەڵات كران.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest