حسێن فەریق مزوری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان و شاندی یاوەری، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 18/5/2026 سەردانی سەرۆكایەتیی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یان لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكی دۆستانەدا، باسی كار و چالاكییەكانی دەزگا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو و بە تایبەت خزمەتەكانی بۆ منداڵانی شەبەنگی ئۆتیزم كرا. شاندی میوان ئەو خزمەتگوزارییانەی زۆر بەرز نرخاند و قەڵغانی ڕێزلێنان و سوپاسنامەی فەرمیی (كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان)یان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی ئەو سەردانەی كردن و بە بایەخەوە تیشكی خستە سەر پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتكردنی منداڵانی شەبەنگی ئۆتیزم و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان خواست، جەختی لەوەش كردەوە كە دەزگا بەردەوام هەماهەنگ و هاوكاریان دەبێت.
ئەوە دەقی سوپاسنامەكەی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستانە:
سوپاس و پێزانین
بۆ بەڕێز/ دەزگای خێرخوازیی بارزانی
سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی دەزگا بەڕێزەکەتان دەکەین لە پای ئەو خزمەتەی کە بەردەوام بە تووشبووانی ئۆتیزم و خاناوادەکانیان پێشکەش دەکەن، لە کردنەوەی چەندین سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم لە چەندین شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بن لە گەشت بوارەکانی خزمەتکردن تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم.
هەر بیمێنن بۆ گەل و نیشتمان.
کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان / دەستەی باڵا
حسێن فریق مزوری
سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2025 ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەموو 127 كەسێك، كەسێكیان ئۆتیزمی هەیە. لە وڵاتانی كەنداویش ڕێژەكە زیاترە و لە 60 منداڵ یەكێكیان ئۆتیزمی هەیە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەركی بەم مەترسییە كردووە، بۆیە پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، یەكەم سەنتەری تایبەت بە خزمەتكردنی منداڵانی ئۆتیزمی لە هەولێر كردەوە و ستافەكەشی لە لایەن ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی خولی زانستی و تایبەتیان بۆ كرایەوە.
دكتۆر ڕەوشت ڕەشید، ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێشتر هیچ سەنتەرێك بۆ دەستنیشانكردنی ئۆتیزم لە كوردستان نەبووە، بەڵام ئەوە لە هەولێر دەستەبەر كرا و ئێستاش لە زاخۆ دەكرێت و چیدی پێویست ناكات، بۆ ئەوە سەردانی وڵاتانی دیكە بكەن. ئەوەشی خستەڕوو كە دوای سەركەوتنی سەنتەری ئۆتیزم لە هەولێر كە 311 منداڵی ئۆتیزم بە سەركەوتوویی ڕاهێنانیان وەرگرت، 81 كەسیان گەڕانەوە بەر خوێندنی ئاسایی، واتە لە هەر چوار منداڵ یەكێكیان گەڕانەوە بەر خوێندنی ئاسایی.
ئەوەشی خستەڕوو كە لە ساڵی 2023 لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی ئەو ئەزموونەیان گواستووەتەوە بۆ سۆران و لەوێش 73 منداڵ لە سەنتەری ئۆتیزم لە كۆمەڵگەی دایك سوودمەند بوون”. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەنتەرەكانی ئۆتیزمی كردووەتە كۆمەڵگە و پەیمانگەی پێگەیاندنی كادیرانی تایبەت لە بواری ئۆتیزم و 55 ڕاهێنەرمان پێگەیاندووە كە لە سۆران خزمەت دەكەن و 30 ڕاهێنەرمان بۆ سەنتەری زاخۆ پێگەیاندووە، كە كۆی ئەو ڕاهێنەرانە دەتوانن لە كردنەوەی سەنتەری دیكەش ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت”.
ئا: سالار بابەشێخ














