لە هەولێر سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان دەكرێتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ دروستكردنی بینای سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان واژۆ دەكەن.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 3/6/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، یاداشتنامەیەكی لێکتێگەیشتن، لە نێوان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و محەمەد سەلیم سەرۆكی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، واژۆ كرا.
بە گوێرەی ئەو یاداشتە بینای ناوەندێك بە ناوی “سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان” بە پاڵپشتیی دەوڵەتی كوەیت دروست دەكرێت، كە مەبەستی سەرەكیی ئەو پلانە، بەهێزکردنی تواناکانی ئازیزان و بێهاوژینان و پەرەپێدانی تواناکانیانە لە چوارچێوەی گەشەپێدانی گشتگیری کۆمەڵایەتیدا.
دوای واژۆكردنی یاداشتەكە، محەمەد سەلیم سەرۆكی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتی: “ئەمڕۆ یاداشتێكی زۆر گرنگمان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی واژۆ كرد، بۆ دروستكردنی بینایەكی زۆر گرنگ بۆ كۆمەڵگە، كە پێكهاتووە لە تەدریبی میهەنی(ڕاهێنانی پیشەیی) و سەنتەرێكی فێركاری بۆ منداڵانی بێناز لە هەولێر دەكرێتەوە، كە بۆ یەكەم جارە سەنتەرێكی لەو جۆرە لە كوردستان و عێراق دەكرێتەوە”.
سەرۆكی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوەشی خستەڕوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە پاڵپشتیی دەوڵەتی كوەیت، پڕۆژەكە لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێ دەكرێت. وەك دوا وتەشی گوتی: “زۆر سوپاسی دەوڵەتی كوەیت دەكەین، بۆ ئەو پاڵپشتییە و هەروەها زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە بەڕاستی ئەركێكی زۆریان كێشاوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت”.
كارزان نووری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوەبەری پلاندانان و پڕۆژەكانی دەزگا، سەبارەت بە هەمان سەنتەر ڕایگەیاند: یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی بریتییە لە دڵنیاییدان بە خزمەتكردنی خانەوادەی ئازیزان و بێهاوژینان. لەو پێناوەشدا ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، گرێبەستێكی واژۆ كرد، بۆ دروستكردنی بینایەكی تایبەت بۆ گەشەپێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان لە هەولێری پایەتختی هەرێمی كوردستان. گوتیشی: “ئەو بینایە بە سوپاسەوە لە لایەن دەوڵەتی كوەیت سپۆنسەری دارایی دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام دروست دەكرێت”.
وەك بەڕێوەبەری پلاندانان و پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسیكرد، پڕۆگرامەكانی ئەو سەنتەرە زۆر سەردەمی و گرنگ دەبن، چ بۆ ئازیزان و چ بۆ خانەوادەی ئازیزان، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام لەگەڵ ئازیزان بمێنننەوە.
جەختی لەوەش كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بابەتی “منداڵانی بێباوك” كە بە ئازیزان ناویان دەبەن، دەستێكی باڵای هەیە و زیاتر 16 هەزار منداڵ بە بەردەوام لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی سپۆنسەر دەكرێن.
كارزان نووری، ئەوەشی دووپات كردەوە كە “تەنیا هاوكاریی دارایی بەس نییە و پێویستە جگە لەوەی لە ڕوانگە ماددییەكەوە ژیانی ئازیزان فەراهەم دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە كەرامەتەوە لەناو خانەوادەكانی خۆیان بژین، لە هەمان كاتیشدا دەبێت تواناكانیان بەرەو پێش ببەن، بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ چینەكانی دیكەی كۆمەڵگە بە بەردەوام لە پێشكەوتندا بن”.
وەك دوا وتەشی گوتی: “سوپاس و پێزانین بۆ دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، كە ئەمڕۆ لێرە بوون، وە سوپاسی گەورە بۆ دەوڵەتی كوەیت و تەواوی ئەو بەخشەرانەی كە لە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بەردەوامن و بەردەوامییان بەرز دەنرخێنین”.
ئا: سالار بابەشێخ

 

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest