دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی بەرنامە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و توانابەخشەکانی، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆری لە كهمپهكانی ئاواره و پهنابهران له سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆک بەڕێوە بردووە. ئەم چالاکییانە لە دابینکردنی هاوکاریی خۆراکی و یارمەتیی نەختینەوە، تا خولە پیشەیی و فێرکارییەکانی زمان و تەکنیک و هونهر درێژ دەبنەوە.
لە ڕۆژانی 23 تا 27ی 8ی 2026، ژمارەیەک لە چالاکییە مرۆیی، پەروەردەیی و پیشەیی لە چەند کەمپ لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوون، کە هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی جیاواز پێداویستییەکانی منداڵان، گەنجان و خێزانە ئاوارەکان دەخاتە بەرچاو.
چالاکییهكهی دڵخۆشکەر بۆ منداڵانی کەمپی بەحرکە
لە 24/8/2026 و بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی Hand Of Help، چالاکییەکی دڵخۆشکەر و پەروەردەیی بۆ منداڵانی کەمپی بەحرکە 1 بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی ئەم چاڵاکییەدا، یاری و کەرەستەی تایبەت بە منداڵان دابەش کران و بە مەبەستی دروستکردنی کاتێکی پڕ لە خۆشی بۆ منداڵان کۆمەڵێک چالاکیی دڵخۆشکەر و پەروەردەیی ئەنجام دران. 60 منداڵ لهم چالاكییه سوودمهند بوون.
ئەم جۆرە چالاكییانه ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی ژینگەیەکی چالاک و دڵخۆشكهر بۆ منداڵانی کەمپەکان هەیە.
فێربوون و پەرەپێدانی تواناکان لە کەمپی قوشتەپە
لە هەمان چوارچێوەدا، کەمپی قوشتەپە بووەتە شوێنی بەڕێوەبردنی چەندین چالاکیی فێرکاری و پەروەردەیی.
لە 23/8/2026، لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی عوسمان سەبری، خولێکی فێرکردنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بە پیتی لاتینی بۆ ژمارەیەک لە ئازیزان دەستی پێکرد.
له خولەکە 11 کەس (6 کچ و 5 کوڕ) بهشدار بوون. ئەم خولە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پشتیوانی و پەرەپێدانی تواناکانی ئازیزان بەڕێوەدەچێت.
لە هەمان ڕۆژدا، خولی فێرکردنی مۆسیقا لە هەمان سەنتەر دەستی پێکرد. بەشداربووانی خولەکە بەسەر دوو گرووپدا دابەش کران؛ گرووپی یەکەم بۆ منداڵان و گرووپی دووەم بۆ نەوجەوانان، 15 کەس (10 کچ و 5 کوڕ) لهو خوله بەشدار بوون.
هەروەها لە ڕێكهوتی 23/8/2026، خولی فێرکردنی کاری دەستی بۆ کچان لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی عوسمان سەبری دەستی پێکرد، کە 21 کچ تێیدا بەشدار بوون.
ئەم خول و بەرنامانە لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی فێربوون و بەکارهێنانی کات بە شێوەیەکی بەرهەمدار بۆ بەشداربووان دابین دەکەن، هەنگاوێکن بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەهێزکردنی متمانە بەخۆیان.
بەردەوامیی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەمپەکان
لە بواری دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانیش، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاری بە خێزانە ئاوارەکان.
لە 27/8/2026، بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە بەخشینی ڕێكخراوی مروڤدۆستان، لە کەمپی خازر M1 گۆشتی مریشك دابهش كرا. لە چوارچێوەی ئەم هاوكارییه 128 خێزان سوودمەند بوون.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، چالاکییەکی هاوشێوە لە کەمپی حەسەن شام U2 بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە بەخشینی ڕێكخراوی مروڤدۆستان، بەڕێوەچوو و گۆشتی مریشک بەسەر 81 خێزان دابەش کرا.
خزمەتکردن بە مرۆڤ؛ لە پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە تا توانابەخشین
جۆراوجۆریی ئەم چالاکییانە پیشانی دەدات کە کاری مرۆیی تەنیا بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان کۆتایی نایەت؛ بەڵکو پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی، فێربوون، پەرەپێدانی تواناکان و دروستکردنی ژینگەیەکی چالاك بۆ منداڵان و گەنجان بەشێکی گرنگی خزمەتکردن بە کۆمەڵگهن.
لە کەمپی بەحرکەوە تا قوشتەپە، خازر و حەسەن شام، چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵێکن بۆ ئەوەی پێداویستییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی جۆراوجۆر و بە پێی پێویستییەکانی هەر کۆمەڵێک وەڵام بدرێنەوە.
بەم شێوەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەردەوامیی خزمەت و هاریكارییه مرۆییەکانی خۆیدا، هەوڵ بهرنامهكانی لە گەیاندنی هاوکاری تێپەڕێت و بەرەو دروستکردنی دەرفەت، توانابەخشین و بەهێزکردنی ژیانی ئاوارە و پەنابەران هەنگاو بنێت؛ بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵ و گەنجانەی کە داهاتووی کۆمەڵگه پێکدەهێنن.




















