چین.. موسا ئەحمەد و پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیی و ئەکادیمییەکان گفتوگۆ دەکەن

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری، لە ڕێکەوتی 1/9/2026 سەردانی پەیمانگەی “وێست ئاردن ئەفریکن ستەدی” لە وڵاتی چین کرد و لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو (Tang Zhichao) بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و چین، چۆنیەتی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە و دەرفەتەکانی کاری هاوبەش لە داهاتوودا لەنێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پەیمانگەکە تاوتوێ کران.

پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و کار و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌ بەرز نرخاند. هەروەها خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و کارە هاوبەشەکان لە بواری کاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگا دەربڕی.

لە بەرانبەردا، موسا ئەحمەد، پیرۆزبایی لە پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو کرد بە بۆنەی بەرهەمە ئەکادیمییەکانی، بەتایبەتی ئەو کتێب و توێژینەوانەی بە زمانی چینی و ئینگلیزی لەسەر کێشەی نەتەوەیی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیونی. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا یەکێک لە بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆر تانگ بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێت.

پڕۆفیسۆر تانگ ژیچاو (唐志超) ، یەکێکە لە توێژەرانی ناسراوی چینی لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بواری سیاسەت، ئەمنی ناوچەیی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشەی کورد توێژینەوەی ئەکادیمی ئەنجام داوە.

لە بەرهەمە ناسراوەکانی ئەو په‌رتووكی «A Perspective on the Kurdish National Issue in the Middle East» ـە کە بە زمانی چینی نووسراوە، هەروەها لە ساڵی 2017  بەشداریی لە بەرهەمێکی ئەکادیمی بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی «A New Approach to Contemporary Kurdish Issue From the Chinese Perspective» کردووە.

ئەم سەردانە هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و مرۆییەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی چین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest