دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دەستی پڕ و تیمە کارامەکانی، بە هانای زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێرەوە چوو

تیمه‌كانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ ئامادەباشیی تەواوەوە، دوای لافاوی شەوی 7/11/2026، ڕاستەوخۆ دەستیان بە کارە فریاگوزاری و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەندین گەڕەک و ناوچەی شاری هەولێر کرد و تا 17/11/2026 فریاگوزاریی و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان به‌ زیانبه‌ركه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وام بوو. له‌و ماوه‌یه‌ 860 خێزانی زەرەرمەندی هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییان پێشكه‌ش كرا، هاوكات 1964 فۆرمی قه‌ره‌بوو تۆمار كران كه‌ به‌ 1،058 ماڵ و 906 شوێنی بازرگانی دراون‌.

دوابه‌دوای باران بارینی زۆر و له‌ پڕتاوی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 7/11/2026 له‌ هه‌ولێر، كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی لافاو و كاره‌سات و زیانی گیانی و ماڵی لێكه‌وته‌وه، 15 تیمی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ خێرایی به‌هانای زیانبه‌ركه‌وتووانه‌ چوون.
خه‌ساره‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو. زیاتر لە 1،447 شوێن تۆمار كران کە به‌ هۆی لافاو زەرەرمەند بوون. وه‌ک مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ میدیاكان باسی كرد، لە سەرەتای ڕووداوەکەوە، له‌ لایه‌ن مەسروور بارزانی، سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاسپێردران “هاوکاریی تیمەکانی حکومەت بکه‌ن و هەموو توانای خۆیان بخه‌نه‌ خزمەتی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو”.
هه‌ر بۆیه‌ به‌ خێرایی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCCC)، لە 10 شوێنی جیاواز 673 كارمه‌ند و خۆبه‌خش و كرێكار له‌سەر سێ تەوەری سەرەکی کاریان كرد‌.
یه‌كه‌م: شووشتنی ناوماڵی هاووڵاتییانی زیانبه‌ركه‌وتوو، پاککردنەوەی کۆڵان و ڕاماڵینی قوڕ و لیته‌ له‌ كۆڵان و شەقامەکان؛ كه‌ 158 ماڵ و 15 شه‌قامی گشتی و پاك كرانه‌وه‌ 99 كرداری ده‌ردانی ئاوی قورس ئه‌نجام دران.
دووه‌م: دابینکردنی ژەمە خۆراکی گەرم؛ بە مەبەستی پشتگیریی ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌  ماڵەکانیان ئاوی تێچووبوو كه‌ ئامێر و کەرەستەکانی ژیانی ڕۆژانەیان زیانیان پێگەیشتبووە، خواردنی گەرمیان بۆ دابین كرا. ئەم خزمەتگوزارییەش بۆ تیمە حکوومییەکان و خۆبەخشە سەرقاڵەکان لە مەیدانی کارکردندا پێشکەش كران كه به‌ گشتی ‌ 4،350  ژه‌مه‌ خواردنی گه‌رم بوو.
سێیەم: سەرژمێری و تۆمارکردنی زیانەکان؛ تیمەکانی ده‌زگا بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، سەردانی ماڵە زیانلێکەوتووەکانیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قەبارەی زیانەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تۆمار بکەن و له‌ داهاتووی نزیك قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، 860 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر هه‌ر خێزانێكیان ئه‌م هاوكارییانه‌یان پێشكه‌ش كرا:
100 لیتر نه‌وتی سپی، 1سۆپا، 2سه‌به‌ته‌ی خۆراك، 4‌دۆشه‌ك، 3به‌تانی، 1پاكێتی جلوبه‌رگ،  2 مافوور و شیر و پێداویستیی منداڵ.
هه‌روه‌ها 1964 فۆرمی قه‌ره‌بوو تۆمار كران كه‌ به‌ 1،058 ماڵ و 906 شوێنی بازرگانی دراون‌.
بە له‌به‌رچاوگرتنی ڕاسپاردە و ڕێنماییە بەردەوامەکانی ڕێزدار جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان لە کاتی قەیران و بارودۆخە نائاساییەکاندا، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئه‌م چالاكییانه‌ ئه‌نجام دران، تیمه‌كانی ده‌زگاش له‌ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانمه‌ندان به‌رده‌وام ده‌بن.
 
ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest