لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت

لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆڕبەندێكدا كە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 29\5\2024 لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، بەڕێوەچوو، هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.
سەرەتا ڤیدیۆیەك سەبارەت بە كاریگەری و مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان و شێوازەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نمایش كرا. دواتر موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان،(هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان) كە بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بە “ڕۆژێکی مێژوویی لە تێکۆشانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی” ناو برد. ئەوەشی خستەڕوو كە “بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی کوردستان و دەرەوە، نموونەیەکی جوان و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەڕێژن”. ئاماژەی بەوەش کرد، لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر داناوە، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای(LDS)ـی ئەمریکی دروست دەکرێت.
دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەوە كردەوە كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستپێشخەر بووە، لە زۆر بواردا و ئەمەش یەكێ لە بوارە هەرە گرنگ و هەستیارەكانە كە دەستیان بۆ بردووە، كە پشتڕاستین لەوەی سەركەوتوو دەبن، لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی ئەم دیاردە كوشەندەیە”. گوتیشی: “ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە.”
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا “بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئاماژەی بەوە كردووە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی دیكەش تووشی نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن”، ئەوەشی دووپات كردەوە كە “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جددی لەسەر نەهێشتن و وشكکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە.”
دوای وتەكانی وەزیری ناوخۆ، سەرپەرشتی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان (د.ڕەوشت ڕەشید) لە وۆركشۆپێكدا بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی باسی داتا و ئامارەكانی مەترسیداری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانی كرد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیارەدە مەترسیدارەشی بە ئەركی سەرشانی هەموو ڕێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و كەسایەتی ئایینی و میدیاكاران هەژمار كرد. هەروەها جەختی لەوە كردەوە لە كۆتایی ساڵی یەكەمی ئەو هەڵمەتە كە بۆی هەیە درێژ بكرێتەوە، لە زانكۆیەكی متمانەپێكراو كۆنفڕاسێكی تایبەتی بۆ ساز دەكرێت.
دواتر لە پانێلەكاندا كە كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەی برد، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. بەشیر خەلیل حەداد سەرۆكی بۆردی وتاربێژان، د. جووتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، و د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هەر كام لە ڕوانگەی خۆیانەوە تیشكیان خستە سەر وردەكاریی و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بۆ ئەوەی بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم هەنگاو هەڵبگرین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest