دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشینەیەكی دەرەوشاوەی هەیە، لە بەهاناوەچوونی قوربانیانی دەستی تیرۆر و نموونەی بەرچاویشی ئەوەیە كە لە دوای كارەساتی ساڵی 2014 كە چەكدارانی داعش بەرانبەر بە ئێزدییان تاوانی كۆمەڵكوژییان ئەنجام دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك یەكەم دەزگا و ڕێكخراوی هاریكاریبەخش لە ڕێگەی كۆپتەرەوە، هاوكارییەكانی بە چیای شنگال گەیاند، كە ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزدی بە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو پەنایان بۆ بردبوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2015 ئۆفیسێكیان لەسەر چیای شنگال كردەوە. لەبەر ئەوەی خەڵكی ئاوارە لە چیای شنگال، پێویستی بە ئاوی خواردنەوە و خواردن و جلوبەرگ و خێوەت هەبوو. لە كاتێكدا كە شنگال ڕزگار نەكرابوو، هەر لە چیای شنگال قوتابخانەى دروست كرد، كارەبا و بیری ئاویشى بۆ دابین كردن. تا ئێستاش نزیكەی 300 منداڵی ئازیز(بێباوك) لە سنووری شنگال هاوكاری دەكرێن، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك لە خوێندن دانەبڕن.
پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال:
– پڕۆژەی گەڕانەوەی ژیان بۆ خەڵكی شنگال – كە خانوو بۆ ئەو خێزانانە دروست دەكرێن، كە سەرپەرشتی خێزانیان لە ژیان نەماوە.
– سەنتەری شنگال بۆ خولەكانی پەروەردەیی و پیشەیی – كە نزیكەی دوو هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە و پڕۆژەی بچووكیان بۆ دروست كراوە.
– پڕۆژەی ماڵی گرنژین – كە لە ساڵی 2021 ـەوە لە شێخان، ئامێدی، شنگال بەردەوامە و تایبەتە بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئۆتیزم.
– پڕۆژەی سەنتەری خولی پیشەیی بە هاوكاریی ڕێكخراوی(IGFM)ی ئەڵمانی – كە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بووە و 30 كەس (14 كچ و 16 كوڕ) بەشداری بوون.
– پڕۆژەی دروستكردنی 20 خانوو بۆ ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی تیرۆردا، پاڵپشتیی خۆی بۆ قوربانییانی دەستی تیرۆر دووپات دەكاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017 لەپێناو پاڵپشتی و ڕێزگرتن لە قوربانیانی دەستی تیرۆر و ئەوانەی لە تیرۆر و تیرۆریستان رزگاریان بووە، هەروەها لە پێناوی دەستەبەرکردنی ئازادی و مسۆگەركردنی خۆشگوزەرانی بۆیان، بە بڕیاری ژمارە 165/72 ڕۆژی 21ی ئابی وەك “ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی تیرۆر” و ڕێزگرتن لێیان و پاراستنیان دەستنیشان كرد.













