دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە فێستیڤاڵێكی کۆمەڵایەتیی کوردانی دانیشتووی ناشڤیل، پەرتووکی فێربوونی زمانی کوردی بەسەر منداڵان دابەش دەكات و خەڵاتیشیان دەكات.
سەنتەری “ناشڤیل”ی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ١٣/١٠/٢٠٢٥ لە ناشڤیل كە بە “كوردستانی بچووك” ناسراوە و پایتەختی ویلایەتی تێنسی ئەمریکایە، فێستیڤاڵێکی تایبەتی بۆ ڕەوەندی کوردی ڕێکخست، هاوكات نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمەریكا بانگهێشتی ئەو بۆنەیە کرابوو.
خوناڤ ئەمین نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لەو بۆنەیەدا پەرتووکی فێربوونی زمانی کوردی بەسەر منداڵانی کورد دابەش کرد.
ئامانجی بەشداریی نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە چالاکییەکەدا ناساندنی کار و چالاکییەکانی دەزگا و بنیادنانی متمانەبوو لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی.
لەلای خۆیەوە بەڕێز نزار شەرانشی، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل، سوپاسى خوناڤ ئەمینی کرد، بۆ ئامادەبوونی لە فێستیڤاڵەكە و دابەشکردنی پەرتووک و خەڵات بەسەر منداڵان.
شاری ناشڤیل پایتەختی ویلایەتی تێنسی ئەمەریكا، سەرەڕای ئەوەی بە پایتەختی مۆسیقای وڵات ناسراوە، بەڵام لەلایەن ئەو کوردانەی لەو شارە دەژین، بە “کوردستانی بچووک” ناو دەبرێت.
ڕۆژى ٩ـى ئەیلوولی ٢٠٢٣، هەردوو شارى هەولێرى پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناشڤیلی ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەى دەستەخوشکبوونی خۆیان ڕاگەیاند و لەلایەن بەڕێزان ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی شارى ناشڤیل واژۆ کرا.
بەدەستەخوشکبوونی شارەکان، دەستەواژەیەکە بۆ ڕێککەوتنی یاسایی و کارگێڕیی نێوان دوو شارى دوو وڵات، کە پێکچوونی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان هەیە و خوازيارن پێکەوە هاوکارى و هەماهەنگیی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بکەن.
بەو ڕێککەوتننامەیە، هەردوو کارگێڕیی شارەکە، لەڕووی پارادیپلۆماسییەوە (پەیوەندیی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان)، دەستکراوە دەبن، بۆ ئەوەی پەیوەندی و هەماهەنگیی جۆربەجۆریان هەبێت و لە بوارەکانی زانیاری، هونەر، کولتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێریی تەندروستی، کارگێڕی و خوێندنی باڵا و تەکنەلۆژیا، وەرزش، بازرگانی و حوکمڕانیی خۆجێیی شارەکان، هاوکارى و کاری پێکەوەییان هەبێت.
ئا: سالار بابەشێخ








