کۆمەڵگەی تۆیفنی سویسڕا یەکێکن لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەرێوەبردنی پرۆژە خێرخوازییەکاندا لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا و دەزگا سوپاس و پێزانینی خەڵکی لێقەوماوی گەیاندە ئەو کۆمەڵگایە.
رێکەوتی ٩/١٢/٢٠١٨ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرپەرشتی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگا و ئەندامیەتی بەرێز کارزان نوری بەرپرسی پرۆگرام و پەیوەندییەکانی دەزگا لە مەراسیمێکدا رێزلێنانیان بە ناوی دەزگا و خەڵکی ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماوەوە پێشکەشی کۆمەڵگای تۆیفنی سویسری کرد لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی کە پێشکەشی بواری مرۆیی لە کوردستان و عێراقدا کردووە.
لە بەرانبەردا نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی تۆیفن سەرسامی خۆیان بە کلتوری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی کورد دەربڕی و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات.
کۆمەڵگەی تۆیفنی سوسیری لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بە سەدان هەزار دۆلاری بەخشیوەتە ئاوارە و پەنابەران و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەمپەکان و شارۆچکەی شنگال ئەنجامداوە.