ڕاپۆرتی گرنگترین چالاکی و پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌ مانگی ئۆکتۆبەری 2026

.دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2026، لە چوارچێوەی بەرنامە و پڕۆژە مرۆییەکانی، لە چەندین بواردا چالاکیی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووه‌. گرنگترینی ئەم بوارانە بریتی بوون لە یارمەتیی مرۆیی و هاوكاریی خۆراکی، پشتیوانیی منداڵانی ئازیز، تەندروستی، پەروەردە، پەرەپێدانی توانای پیشەیی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ئاوارە و خێزانە نیازمەندەکان.
* پڕۆژە و یارمەتییە مرۆییەکان
لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئازیزان و بە هاوکاریی کەنیسەی ئەڵمانیا، یارمەتیی دارایی بەسەر منداڵانی ئازیز (بێباوک) دابەش کرا. لە ڕێکەوتی 4/10/2026، لە کەمپی شێخان 42 منداڵ و لە کەمپی گەویلان 170 منداڵ سوودمەند بوون؛ هەر منداڵێک 50,000 دیناری عێراقی وەرگرت و کۆی یارمەتییەکە گەیشتە 10,600,000 دینار. هەروەها، لە 5/10/2026، لە کەمپی دومیز 1، یارمەتیی دارایی بەسەر 143 منداڵی ئازیز دابەش کرا، بە کۆی گشتیی 7,150,000 دینار بوو.
لە هەمان چوارچێوەدا، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر 28 منداڵی ئازیز هەر یەکەیان 400 دۆلاری ئەمریکی وەرگرت؛ کۆی یارمەتییەکە 11,200 دۆلار بوو.
بە بۆنەی جەژنی جەما، 600 سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە ئێزدییەکان دابەش کرا؛ 250 سەبەت لە شێخان، 100 سەبەت لە ئێسیان، 100 سەبەت لە باعەدرێ و 150 سەبەت لە کەمپی مام ڕەشان. هەروەها، لە کەمپی بەحرکە 1، بە هاوکاریی Oxfam و Kurdistan Organisation، یارمەتیی دارایی بەسەر 20 خێزانی زەرەرمەندی ئاگرکەوتنەوە دابەش کرا؛ بۆ هەر خێزانێک 608,750 دینار، بە کۆی گشتیی 12,175,000 دینار بوو.
لە ناوچەی سەری کانی، لە ڕێکەوتەکانی 15/10 و 22/10/2026، یارمەتیی خۆراکی و ناخۆراکی، لەوانە سەبەتەی خۆراک، شیری منداڵ و کەرەستەی پاکوخاوێنی، بەسەر 1،090 خێزاندا دابەش کرا كه‌ به‌ دوو جار (500) و (590) خێزان لێی سوودمه‌ند بوون. هەروەها، لە 27/10/2026، بە هاوکاریی ڕێکخراوی مرۆڤدۆستان، سەبەتەی خۆراک و مریشکی بەستوو بەسەر 713 خێزانی کەمپی حەسەن شام U3 دابەش کرا. لە 28/10/2026یش، نووسینگەی قامیشلۆ دەرمان و شیری منداڵانی بۆ ناوەندی هەڵەبجە لە گوندی خەزنە دابین کرد کە 20 منداڵی ئازبیز (بێباوک) سوودمەند بوون.
* پشتیوانیی تەندروستی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی مەینی نەرویجی، لە ڕێكه‌وتی 18/10/2026، دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و کەرەستەی فریاگوزاریی ئەمبوڵانسەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەشتی هەولێر و سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان دابین کرد. کۆی تێچووی ئەم بەخشینە 552,500 دۆلاری ئەمریکی بوو.
هەروەها، 90 کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەسەکە دابین کرا. لە هەولێر، 47 کارتۆن دەرمانی جۆراوجۆر بە نرخی 28,000,000 دیناری عێراقی بۆ ماڵی بەساڵاچووان دابین کرا.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوکاریی دارایی، 1,300 دۆلاری ئەمریکی بۆ دوو کەسی کەم‌داهات لە زاخۆ دابین کرا بۆ نەشتەرگەریی چاو. هەروەها، لە چوارچێوەی پڕۆژەی چارەسەرکردن و پۆلێنکردنی منداڵانی نەخۆش، لەگەڵ ڕێکخراوی گوندی ئاشتی، دۆخی تەندروستیی 24 منداڵ هەڵسەنگێنرا؛ 12 منداڵ بۆ نەشتەرگەری پەسەند کران و 4 منداڵیش بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پێویست له‌ ئەڵمانیا دیاری کران.
لە بوارى هۆشیاریی تەندروستیشدا، وۆرکشۆپی «خودپشکنین و پشکنینی پێشوەختە، ژیانت دەپارێزێت» لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو، هەروەها سیمیناری هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک لە سەرۆکایەتیی دەزگا پێشکەش کرا.
* پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان
لە بوارى پەروەردەدا، بە هاوکاریی ڕێکخراوی کاریتاسی ئەڵمانیا، جانتا و پێداویستیی خوێندن بۆ 1,235 قوتابی لە کەمپی مام ڕەشان و 382 قوتابی لە کەمپی شێخان دابین کرا. لە کەرکووکیش، جلوبەرگی قوتابخانە، جانتا و پەڕاوگە بۆ 250 قوتابی دابین کرا.
بە هاوکاریی ڕێکخراوی LDS، قوتابخانەی سیان تەتو لە دینارتە نۆژەن کرایەوە و  93 قوتابی و 11 مامۆستا و کارمەندی قوتابخانە لێی سوودمه‌ند بوون. هەروەها، قوتابخانەی بەدرخان لە زاخۆ بە تێچووی 30,000,000 دینار نۆژەن کرایەوە و ڕادەستی پەروەردە کرا. لە ئامێدیش قوتابخانەی بنەڕەتیی بیرا ڕۆژئاڤا دوای نۆژەنکردنەوە ڕادەستی پەروەردە کرا؛ ئەم قوتابخانەیە خزمەت بە 228 قوتابی و مامۆستا دەکات.
لە بوارى فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیاندا، خولی زیرەکیی دەستکرد لە ئاکرێ بە کۆتایی هات و 35 قوتابی بڕوانامەیان وەرگرت. هەروەها، 33 قوتابی لە خولی بەهێزکردنی وانەی بیرکاری لە ئاکرێ سوودمەند بوون و 30 مامۆستا لە وۆرکشۆپی شێوازە نوێکانی فێرکردن بەشدار بوون.
*پەرەپێدانی توانای پیشەیی و کارمەندان
دەزگا لە چەند ناوچەیەک خولی پیشەیی و فێرکاری بۆ ئافرەتان و گەنجان ڕێکخست. لە کەمپی کەورگۆسک، 15 ئافرەت لە خولی کاری دەستی و 11 ئافرەت لە خولی دروومان بەشدار بوون. لە کەمپی باسرمە، 23 ئافرەت لە دوو خولی دروستکردنی مێزپۆشی مۆروو و تەسبیحی مۆروو بەشدار بوون. لە شیلادزێ، 11 گەنج لە خولی کارەبای بیناسازی و 26 قوتابی لە خولی زمانی ئینگلیزی بەشدار بوون. لە قوشتەپەش خولی کۆمپیوتەر بۆ 11 کەس، خولی مۆسیقا بۆ 15 کەس و خولی دروومان بۆ 10 ئافرەت کرایەوە.
لە بوارى پەرەپێدانی توانای کارمەنداندا، خولی زیرەکیی دەستکرد بۆ کارمەندانی کۆمەڵگەی دایک لە سۆران و خولی «ئەتەکێت لە شوێنی کاردا» بەڕێوە چوون. هەروەها، 16 کارمەندی نووسینگەی دهۆک لە خولی «پڕۆتۆکۆل و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان» بەشدار بوون، هه‌روه‌ها کارمەندانی بەشی کاروباری دارایی ده‌زگا لە خولێکی پەرەپێدانی توانادا لە 11 تا 22ی ئۆکتۆبەر بەشدار بوون.
* پڕۆژە کۆمەڵایەتی و هاوبەشییەکان
لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە هاوکاریی LDS، لە هەولێر 15 کورسیی جووڵاو دابەش کرا؛ هەروەها لە زاخۆ بە هاوکاریی ڕێکخراوی CAP، 13 کورسیی جووڵاو بەسەر 13 کەسدا دابەش کرا. دەزگا تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 480 کورسیی جووڵاوی دابەش کردووە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پەرستگەی لالش، کە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ بەردەوام بوو، زیاتر لە 100,000 زیارەتکار گواسترانەوە، کلینیکی پزیشکی خزمەتی بە 1,065 زیارەتکار پێشکەش کرد، زیاتر لە 800 سینی خواردن و 800 دۆشەک و پەتوو دابەش کران، هەروەها 60,000 کوپی ئاو و 7,000 بوتڵی ئاو دابین کران.
لە کۆتاییدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی ئۆکتۆبەری 2026دا، لە ڕێگەی پڕۆژە مرۆیی و پەروەردەیی و تەندروستییەکانی و بە هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی دا، خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە چینە نیازمەندەکان و دەرفەتی باشتر بۆ خوێندن، تەندروستی و خۆبژێوییان دابین بکات.

ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest