لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ تیمەکانی دەزگا، كاروانی هاوكارییە خۆراكی و ناخۆراكییەكان كە ٦٧ بارهەڵگرن، گەیشتنە قامیشلۆ و بەسەر ئاوارە و زیانلێكەوتوواندا دابەش دەكرێن. میدیاكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بایەخی تەواوی پێدەدەن.
دوای ئەوەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شار و گوندەکانەوە، پێشوازییەکی گەرم و فراوانیان لە کاروانی هاوکاریی مرۆڤایەتی و تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد، کە لە هەرێمی کوردستانەوە و لە ڕێگەی دەروازەی سنووری “سێمالکا” گەیشتە ناوچەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی شاری قامیشلۆ، لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی ٢٢/١/٢٠٢٦ دەست بە دابەشكردنی هاوكارییەكان كرا.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ تیمەكانی دەزگا لە قامیشلۆ ئامادەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، گەورەترین کاروانی هاوکاری كە ٦٧ بارهەڵگرن و ٢٢ جۆر پێکهاتەی جیاوازی لەخۆ گرتووە، بە سەر ئاوارە و زیانلێكەوتوواندا دابەش دەكەن. هاوكات خزمەتگوزاریی پزیشكی پێشكەش دەكرێت دوای پشكنین چارەسەر و دەرمان بۆ بریندار و نەخۆشەكان دابین دەكەن.
ئەم کاروانە لە چوارچێوەی هەوڵە مرۆڤایەتییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوبەشی بەخشەرانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆ پاڵپشتیی ئاوارەکان و کەسانی زیانلێکەوتووە، كە لە بارودۆخێكی نالەباردان.
ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤایەتییە، ڕەنگدانەوەی بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی و نیشتمانییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بەرانبەر گەلی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی یارمەتییەكان بگات بەو کەسانەی كە پێویستییان پێی هەیە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دڵنیایی دەدات کە هاوکاری و یارمەتیدانی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبێت و کاروانەکانی دیکەش لە داهاتوودا ئاراستەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکرێن، تا بارودۆخی مرۆڤایەتی بۆ ئاستێکی باشتر. بگەڕێتەوە.
ئەم چالاكییە مرۆییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە میدیاكانی ناوچەكە و جیهان هەبووە و ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە كارێكی مەیدانیدا ڕووماڵی ئەو چالاكییانەیان كردووە. لەوانە:
• Hawar News Agency (ANHA)
• The Amargi
• Alyaum TV
• Ava
• Kurdistan24
• Rudaw
• BasNews
• Kurdistan TV
• Welat TV
• Gulan media
• Zagros TV
• وشە
• قناة اليوم
ئەوانە و چەندین دامەزراوەی میدیایی دیكە تەنانەت، بە زیاتر لە زمانێك هەواڵەكەیان بڵاو كردووەتەوە.
هەر لە دەستپێكی ئەو چالاكییانەشدا پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (DP)،
“سوپاسی دڵسۆزانه و پێزانینی بەرز”یان ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد.
لە بەشێك لە سوپاسنامەكەیاندا كە بە زمانی ئینگیزی بڵاو كراوەتەوە، هاتووە: “گەیشتنی ئەم کاروانە بۆ ناوچەکانی حەسەکە و عەفرین و ئەو پاڵپشتییە بۆ پەنابەران، ئاوارەکان و زیانلێکەوتووان، هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەكانی هاووڵاتیان، و ڕەنگدانەوەی ڕۆحی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆڤایەتییە بەرانبەر بە گەلی خۆمان لەم قۆناغە هەستیارەدا”.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە ڕۆژئاوا، تا ئەو کاتەی یارمەتییان پێویست بێت. وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، “ئەمە یەکەم کاروانە، بەڵام یارمەتیدان بە شێوەیەکی فراوان بەردەوام دەبێت، تا بارودۆخی کوردستانی ڕۆژاوا بۆ دۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە”.
یەكێك لە میدیاكان لە ژێرنووسی بڵاوكراوەكەیاندا نووسیویەتی:
“ئەو دیمەنەی هەموو کورد دڵخۆش دەکات.
هاوکارییەکانی سەرۆک بارزانی گەیشتە ڕۆژئاڤای کوردستان و خەڵکی ئەوێ بەم شێوەیە بە ئاڵای کوردستانەوە و بە دروشمەوە پێشوازییان لێدەكەن.
ئا: سالار بابەشێخ

















