بە ئامادەبوونی نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەندین ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و لۆرد و ئەندامانی شارەوانيی لەندەن و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانانی تورکیا و پارێزگاری سلێمانی و چەندین کەسایەتيی سیاسی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەیی و چەندین میوان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و هەروەها بە ئامادەبوونی ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا و کوردستان، لە لە رێکەوتی ٢٠/١/٢٠٢٦ لە بەرانبەر کارە مرۆییەکان و خزمەتەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەلایەن گرووپی لەیبەر لە کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆیان، خەڵاتی ڕێزلێنانی ساڵیان لە شیراتۆن گراند هوتێل لە لەندەن، بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
پاش هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون لەلایەن کۆمیتەی سەرپەرشتیارانی کۆنفڕانسەکە بڕیار درا، تاکە ڕێکخراوی خێرخوازی هەڵبژێرن بۆ خەڵاتکردن و ڕێزلێنان وەک سوپاسگوزاریێک بۆ ماندووبوون و شەونخوونیی تەواوی کارمەند و خۆبەخشە ماندوویی نەناسەکانی دەزگا کە بەردەوام لە خزمەتی مرۆڤایەتیدان.
ئاوات مستەفا، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاس و ستایشی ڕێکخەر و ئەندامانی سەرپەرشتیاری کۆنفڕانسی گرووپی لەیبەر لە بەریتانیا کرد و پێی ڕاگەیاندن، ئەم خەڵاتە تایبەتییە گرنگیی زۆری مەعنەوی و بەهێزی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە، بە تایبەتیش کە تەواوی ئەندامان و ئامادەبووانی کۆنفڕانسەکە دڵخۆش بوون بە ڕێزگرتن لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی دەزگا.
نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رایگەیاند ئەم دامەزراوەیە هی هەموو کوردستانییانە و بۆ هەموو کوردستانیان بەبێ جیاوازی و لە هەرکویێک قەیرانی مرۆڤایەتی هەبێت، دەزگا بە نوێنەرایەتیی هەموو کوردستانییان خزمەت دەکا










