شاندێکی باڵای ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاری پەنابەران (UNHCR) لە سووریا، بە سەرۆکایەتی James Karanja ـ بەرپرسی مەیدانی UNHCR لە قامیشلۆ ـ لە ڕێککەوتی ٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ سەردانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری قامیشلۆ کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی UNHCR و سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە بارودۆخی مرۆڤایەتی ناوچەکە و دۆخی سەختی ئاوارەکان کرا.
هەردوو لایەن جەختیان لەوە کردەوە کە ئاوارەکان لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن و پێویستیان بە هاوکاری و پاڵپشتی زیاتر هەیە.
دواتر شاندەکە سەردانی کۆگا، چێشتخانە و شوێنەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان کرد، کە لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەکان و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن.
لە کاتی سەردانەکەدا، ئەندامانی شاندی UNHCR سەرسامی و پێزانینی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کوالێتی کەلوپەلەکان، ڕێکخستنی کارەکان و پلانی مەیدانی، بە تایبەتی لە بواری چێشتخانە و پاکی و ڕێکخستنی شوێنەکاندا.
لە کۆتاییدا، شاندی UNHCR سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد بۆ هەوڵە خێرخوازانە و مرۆڤایەتییەکان، و هیوایان بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر لە کارە مرۆڤایەتییەکاندا دەربڕی.



















