دەزگای خێرخوازیی بارزانی 12 تۆن گۆشتی قوربانی دابەش دەکات

موسا ئەحمەد: لە پڕۆژەکانی جەژنی قورباندا 135,832 کەس سوودمەند دەبن
بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی مێگەل، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر و ژمارەیەک لە میدیاکاران؛ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، پڕۆژەی گۆشتی قوربانی ڕاگەیاند.
یەکێک لە ئامانجەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بایەخدان و زیندووڕاگرتنی بۆنە و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانە؛ ڕێز لە هەموو ئایین، ئایینزا و گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لە هەر نەتەوەیەک بن دەگرێت. ئەم گرنگیدانەش بە فرەکولتووری، میراتێکی گەوهەرییە کە لە هزر و فەلسەفەی بارزانیی نەمرەوە وەرگیراوە.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لێدوانێکیدا لە ڕێوڕەسمەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری و پاڵپشتیی بەخشەران و سەرمایەداران، ساڵانە پڕۆژەی گۆشتی قوربانی جێبەجێ دەکات. ئەمساڵیش لە جەژنی قورباندا، جگە لە دابەشکردنی 12 تۆن گۆشتی قوربانی، بە سێ پڕۆژەی دیکەش هاوکاریی خۆراکی و ناخۆراکی دابەش دەکرێت. هاوکات سوپاسی تایبەتی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە لەو پڕۆژەیەدا پشکدار بوون و هاوبەشییان کردووە.
وەک سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی کرد، لە ڕۆژی یەکەمی جەژندا نزیکەی 7,000 خێزان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە گۆشتی قوربانی سوودمەند دەبن. هەروەها 13,270 سەبەتەی خۆراک دابەش دەکرێن، کە هەر سەبەتەیەک لە 11 ماددەی خۆراکی پێکهاتووە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە هۆی ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەک پێویست لە کەمپەکاندا هاوکاریی نەكردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 340 تۆن ئاردی (بۆ هەر خێزانێک یەک فەردە) دابین کردووە، کە 6,800 خێزان لێی سوودمەند دەبن. زیاتر لە 325 منداڵیش (بەتایبەتی ئازیزان) جلوبەرگی جەژنیان بۆ دابین کراوە. ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆی پڕۆژەکانی جەژنی قورباندا 26,570 خێزان (135,832 کەس) سوودمەند بوون.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان، جەختی لەوە کردەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە لە هەموو پڕۆژە خێرخوازییەکاندا، چ لە ڕووی چاودێری و پشتیوانییەوە و چ لە ڕووی بەهاناچوونەوە، دیوێکی جوانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستاندا پیشان داوە و خزمەتێکی بەرچاویشی بە ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانی کوردستاندا کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە پڕۆژەی مێگەل پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ماوەیەکی کورتە کراوەتەوە، کە لەژێر چاودێریی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا جێبەجێ کراوە و خزمەتێکی زۆر بە بواری بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات. داواشی لە هاووڵاتییان کرد لەبەر پاراستنی تەندروستیی خۆیان و پیسنەکردنی ژینگە، لە ماڵەکانی خۆیان و سەر شەقامەکاندا ئاژەڵ سەرنەبڕن، بەڵکو لە کوشتارگەکاندا ئەو کارە بکەن؛ چونکە لە کوشتارگە و لە پڕۆژەی مێگەلدا، هەر ئاژەڵێک پێش سەربڕینی، پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت، ئەوەش باری تەندروستیی هاووڵاتییان و ژینگە دەپارێزێت.
سەلیم نێروەیی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی مێگەل، دوای پیرۆزبایی جەژنی قوربان، ئاماژەی بەوە کرد کە “پڕۆژەی مێگەل” لەسەر نزیکەی ملیۆنێک مەتر دووجا لە هەولێر دروست کراوە و گەورەترین پڕۆژەی ئاژەڵدارییە کە توانای بەرهەمهێنانی 300 هەزار کیلۆ گۆشتی لە یەک ڕۆژدا هەیە، هەروەها توانای سەربڕینی زیاتر لە 3,400 ئاژەڵی گەورە و بچووکی لە هەشت کاتژمێردا هەیە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو کارەکانیان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان و ڕێنماییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و زیاتر لە 1,000 هەلی کاریشیان ڕەخساندووە.
ئامادەکردنی: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest