موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شاندی یاوەری، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 10\7\2025 سەردانی زانکۆی سۆرانیان كرد و لەلایەن پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
مەبەست لەو سەردانە، دەستنیشانكردنی ڕێكارێك بوو بۆ كاری پێكەوەیی لە بواری ژینگە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كە لە ئێستادا بووەتە مژارێكی گشتگیر و لە وڵاتانی جیهان كاری جددی لەسەر دەكەن.
هەر لەو دیدارەدا، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیشكی خستە سەر پێگەی زانستی و دەستكەوتەكانی زانكۆی سۆران و وێڕایی پیرۆزبایی، هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن. جەختی لەوەش كردەوە كە دەرگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام بۆ زانكۆی سۆران كراوە دەبێت، بۆ توێژینەوەی قوتابیان لە تێزی ماستەر و دكتۆرا و پاڵپشتیی كارەكانی گرووپی توێژەرانی زانكۆكە دەكەن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆکی زانکۆی سۆران و ئامادەبووان، بە وردی دۆخی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایان تاوتوێ كرد و ئەگەری ئەوەشیان خستەبەر باس، كە بە هۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كەشوهەوا، شەپۆلێكی پەنابەر و ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە تەوەرێكی وتەكانیدا، ئاماژەی بە دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەشی خستەڕوو كە و هەر لەژێر چاودێریی بەڕێزیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندووە. خوازیاریش بوو، لەو بوارەدا لەگەڵ زانكۆی سۆران هەماهەنگیی زیاتر و بەردەوامیان هەبێت.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا، دوو ڕێككەوتنی گرنگ سەبارەت بە ژینگە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانکۆی سۆران واژۆ كران.





















