دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوە مرۆییه‌كانی ئەڵمانیا له‌ پڕۆژه‌ و كاری هاوبه‌شی مرۆیی به‌رده‌وام ده‌بن

هاوکاری و هاوبەشیی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوە مرۆییە ئەڵمانییەکان، یەکێک لە ئەزموونە گرنگەکانی کاری هاوبەشی نێودەوڵەتییە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم. ئەم هاوکارییانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە وەڵامدانەوە بە قەیرانە مرۆییەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان، پشتیوانیکردنی منداڵان و خێزانە زیانلێکەوتووەکان و گەشەپێدانی توانای گەنجاندا هەبووە.
ئەم ڕاپۆرتە لە دوو بەش پێکهاتووە: بەشی یەکەم تایبەتە بە پڕۆژە ڕاستەوخۆ و هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕێکخراوە ئەڵمانییەکان، بەشی دووەمیش پوختەی چالاکی و دەستکەوتە فراوانترەکانی هاوکارییە ئەڵمانییەکان لە بواری مرۆیی و گەشەپێداندا دەخاتەڕوو.
بەشی یەکەم:  پڕۆژە ڕاستەوخۆ و هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕێکخراوە ئەڵمانییەکان

1. ڕێکخراوی گوندی ئاشتی Friedensdorf International
هاوکاریی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی Friedensdorf بە تایبەتی لە بواری تەندروستی و پشتیوانیکردنی منداڵاندا گرنگییەکی زۆری هەبووە.
لە گرنگترین پڕۆژەکان بریتین لە کلینیکی گەڕۆک لە دهۆک، پشکنین و چارەسەری منداڵانی نەخۆش، دابینکردنی هاوکاری بۆ منداڵانی کەمپی مام ڕەشان و پێشکەشکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شنگال، ماڵی گرنژین.

 

2. ڕێکخراوی كاریتاس ئێسن Caritas
ڕێکخراویCaritas  یەکێک لە هاوبەشە گرنگەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە، کە هاوکارییەکانی چەندین بواری تەندروستی، پەروەردە، پاراستنی منداڵان، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی تواناکان دەگرێتەوە.
لە گرنگترین پڕۆژە هاوبەشەکان بریتی بووه‌ لە کردنەوەی یەکەی تەندروستیی ددان لە شنگال لە ساڵی 2026، پشتیوانیکردن لە ماڵەکانی گرنژین لە شێخان، سنوونێ و ئامێدی، و دامەزراندنی ناوەندی بارزانی لە عەفرین لە ساڵی 2023.
هەروەها، لە بواری پەروەردەدا هاوکاریی قوتابخانەی دارستان لە ساڵی 2024 و دابینکردنی جانتا و پەڕاوگە لە ساڵی 2023 ئەنجام دراوە. لە بواری گەشەپێدانی گەنجانیشدا، ڕاهێنانی تەکنەلۆجی و زیادکردنی دەرفەتەکانی کار لە ساڵی 2023 پشتیوانی کراوە.
هاوکارییەکانی ديكه‌ بریتین لە پشتیوانیکردنی ئاوارەکانی شنگال لە ساڵی 2022، ڕێکخستنی چالاکیی جەژنی سەری ساڵی ئێزدی، دابینکردنی مۆلیدەی کارەبا بۆ گوندی مێرگێ لە بەعشیقە و دابینکردنی ئامێری هەناسەدان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2021.

 

3. ڕێکخراوی ده‌ستی یارمه‌تی Dasti Yarmati
لە ساڵی 2024، ڕێکخراوی Dasti Yarmati بەشداریی لە دابینکردنی بەشێک لە پێداویستی و پشتیوانیی دارایی پڕۆژەی ماڵی گرنژین کردووە.

 

4. ڕێکخراوی فرانسسكانا Franziskaner
هاوکاریی ڕێکخراوی Franziskaner لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری پشتیوانیکردنی ئاوارە و زیانلێکەوتووانی قەیرانی سووریا چڕ بووەتەوە.
ڕێكخراوی ئێس ئی زێد SEZ
یه‌كێكن له‌و ڕێكخراوانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی كاریتاس و ڕاسته‌وخۆش له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مداهاتیان كردووه‌ و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بووه‌.
بەشی دووەم: ڕۆڵ و کاریگەریی فراوانتری هاوکارییە ئەڵمانییەکان لە هەرێمی کوردستان (ئه‌و پڕۆژه‌ و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ ڕێكخراوه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان كردوویانه‌).
لە ساڵی 2011ـەوە، بە تایبەتی دوای قەیرانی ئاوارەبوونی ساڵی 2014، ڕێکخراو و دامەزراوە ئەڵمانییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پشتیوانیکردنی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە. ئەم پشتیوانییانە بە تایبەتی خێزانە ئێزدی و مەسیحییەکان و ئەو کۆمەڵگه‌یانەیان گرتووەتەوە کە بەهۆی شەڕ و ئاوارەییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە بواری نیشتەجێبوون و هاوکاریی مرۆییدا، دابینکردنی کاراڤان، چادر، خۆراک، پۆشاک، گازوایل، مۆلیدەی کارەبا و پێداویستییە بنەڕەتییەکان یارمەتیی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خێزانە ئاوارەکان داوە. هەروەها، جێبەجێکردنی پڕۆژەی وزەی خۆر لە کەمپی مامڕەشان هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا.
لە بواری پەروەردەدا، هاوکاریی ڕێکخراوی GIZ و لایەنە ئەڵمانییەکان لە دابینکردنی کتێبخانە، کتێبی خوێندن، ئامێری کۆمپیوتەر، ڕاهێنان و پشتیوانیی خوێندنی منداڵانی کەمپەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها، خولەکانی زمانی ئینگلیزی، کۆمپیوتەر و ڕاهێنانی پیشەیی، لەگەڵ بەرنامەکانی تواناسازی بۆ زیاتر لە 300 کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت، دەرفەتی فێربوون و بەشداریی کۆمەڵایەتییان فراوانتر کردووە.
لە بواری تەندروستیدا، دابینکردنی کلینیک، پزیشک، پزیشکی ددان، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ناوەندەکانی پشتیوانیی دەروونی لە کەمپەکانی شێخان، مام ڕەشان و ئێسیان، بەشێک بووە لە هەوڵەکانی باشترکردنی دەستگەیشتن بە چارەسەر و چاودێریی تەندروستی.
لە هەمان کاتدا، دروستکردنی یاریگا، دابینکردنی کەلوپەلی وەرزشی و ڕێکخستنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتی زیاتر بۆ منداڵان و گەنجان ڕەخساندووە تا لە ژینگەیەکی گونجاوتردا بەشداری بکەن.
لە ئاستی دامەزراوەیی و دیپلۆماسیی مرۆییشدا، سەردانی شاندەکانی ئەڵمانیا، لەوانە پەرلەمانتار و بەرپرسانی هەرێمەکانی نۆردراین-وێستفالیا و بادن-وورتمبێرگ، لەگەڵ هەماهەنگیی JCC، پارێزگای دهۆک و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک Funke Media Group، یارمەتیی ناساندنی بارودۆخی ئاوارەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی داوە.
درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بادن-وورتمبێرگ بۆ ماوەی پێنج ساڵیش، هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ بەردەوامیی هاوبەشی لە بوارەکانی کاری مرۆیی، ڕاهێنانی کادر، ئاڵوگۆڕی کولتووری و چالاکییە پەروەردەیی و وەرزشییەکاندا.
هەڵسەنگاندنی گشتیی کاریگەریی هاوکارییە ئەڵمانییەکان
بە گشتی، هاوکاریی ڕێکخراو و دامەزراوە ئەڵمانییەکان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوارەیی، باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پشتیوانیکردنی توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگه‌دا گێڕاوە.
گرنگیی ئەم هاوبەشییانە تەنیا لە دابینکردنی هاوکاریی ماددی و دارایی نییە، بەڵکو لە گواستنەوەی شارەزایی، پەرەپێدانی توانای مرۆیی، بەهێزکردنی متمانەی نێوان دامەزراوەکان و دروستکردنی بناغەیەک بۆ هاوکاریی درێژخایەنیشدایە.
ئەم ئەزموونە نموونەیەکی گرنگە لە هاوبەشییەکی مرۆیی و نێودەوڵەتی، کە تێیدا هاوکارییەکان لە فریاکەوتنی بەپەلەوە گەشەیان کردووە بۆ پشتیوانیی بەردەوام، تواناسازی و دروستکردنی دەرفەتی باشتر بۆ داهاتووی کۆمەڵگه‌.
له‌ نوێترین دیداریشدا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکەوتی 7/10/2026 ڕێکخراوی کاریتاسی ئەڵمانیا، بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە هاوبەشە گرنگەکانی کاریتاس لە کوردستان، قەڵغانی ڕێزلێنانی به‌ دەزگای خێرخوازیی بارزانی  پێشكه‌ش کرد.
هه‌روه‌ها بە بۆنەی تێپەڕبوونی دە ساڵ لە كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبەشیی مرۆیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوە و دامەزراوە میدیاییەکانی ئەڵمانیا‌، ڕۆژی دووشەممە، ڕێكه‌وتی 12/10/2026 ، قەڵغانی ڕێزلێنانی ڕێكخراوی ده‌ستی هاوكاری پێشکەش بە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا.
کۆی گشتیی پڕۆژەکان :  22 پڕۆژە
کۆی گشتیی سوودمەندان : 48,510
کۆی گشتیی پارە لەلایەن بەخشەرەوە: 1,660,301,519 دینار
کۆی گشتیی شەیرکۆتی دەزگا: 681,292,850 دینار بووه‌.

 

 

 

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest