كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خولەكانی گەڕان و ڕزگاركردن بەردەوامن

ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتیی بۆ ئامادەكردنی تیمەكانی گەڕان و ڕزگاركردن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕاهێنانیان بە 27 كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بۆ ئەوەی وەك تیمی فریاكەوتنی خێرا و ڕزگاركار ئامادە بكرێن.
بە سەرپەرشتیی ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتیی بۆ ئامادەكردنی تیمەكانی گەڕان و ڕزگاركردن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە ژمارەیان هەشت ڕاهێنەر بوون، لە ڕۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە ڕێكەوتی 8 و 9\7\2025 بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕاهێنانیان بە 27 كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد.
دەستەی فریاكەوتنی مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەكان(IHH) لە توركیا، تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەشداریكردن لە خولی گەڕان و ڕزگاركردن بانگهێشتی توركیا كرد. لە ڕێككەوتی 23/11/2022 تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە 17 كەس پێكهاتبوون، لە یەكەم ڕۆژی مەشق و ڕاهێنانەكان بەشدارییان كرد.
ئەو خولە لە قۆناغی یەكەمدا بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام بوو. خولەكە سێ بواری لەخۆ گرتبوو. یەكەم: گەڕان و ڕزگاركردن لە شوێنە سەخت و بەرزەكان. دووەم: گەڕان و دۆزینەوە و ڕزگاركردنی خەڵك لە ژێر بینایەی ڕووخاو (بە هۆی بوومەلەرزە، تەقینەوە، یان هەر هۆكارێكی دی). سێهەم: گەڕان و ڕزگاركردن لە ناو گۆماو و ڕووبارە قووڵەكان.
قۆناغی دووەمی خولەكە ساڵی (2023) لە هەولێر بەڕێوە چوو. واتە ڕاهێنەرانی IHH هاتنە هەرێمی كوردستان و لە قۆناغی سێیەم و كۆتایی نۆ كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستەبژێر كران، بڕوانامە و مۆڵەتی مامۆستایی و ڕاهێنەرایەتییان پێشكەش كرا.
دەستەی فریاكەوتنی مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەكانIHH ساڵی 1992 دامەزراوە و، یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە 1800 خۆبەخش كاری تێدا دەكەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامانجی گەورەی بۆ خزمەتكردنی لێقەوماوان هەیە. بۆیە جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكان و هاریكاری ئاوارە و پەنابەران، پلانی بۆ فریاكەوتنی خێرا و چالاكیی ڕزگاركردنیش داناوە. بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حكوومی و ناحكوومی لەو بوارەشدا چالاكی دەبێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest