بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی ئەكادیمی و مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگەكان و بەخشەران و خێرومەندان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”ی ڕاگەیاند و سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوادەكات، پڕۆژەكە بچێتە هەموو ماڵێك و گشت خێزانەكانی كوردستان بگرێتەوە.
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی ئەكادیمی و مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگەكان و بەخشەران و خێرومەندان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا كە لە ڕێكەوتی 16\7\2025 لە هۆتێل دێدەمان لە هەولێر بەڕێوەچوو، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”ی ڕاگەیاند.
دەستپێكی ڕێوڕەسمەكە، وەستان و كاتێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سەربڵندی كوردستان بوو، دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد، كە پاڵپشتیی “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”یان كردووە و بە “كارەكتەری كارا لە ڕێكخستن و سەرخستنی پڕۆژەكە” ناوی بردن و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “جێی خۆیەتی سوپاسێكی تایبەتی سەرمایەدارنی كوردستان بكەین، كە هەمیشە وەكوو چیایەك لە پشت ئێمەوە وەستاون، بەتایبەتی بۆ ئەو كارە جوانانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشیان دەكات”. گوتیشی: “هەوڵ و پشتیوانیی ئێوە وای كردووە كە ئێمە لە جیهانی مرۆڤایەتی و لە ناوچەكە و كوردستاندا ئەوڕۆ ناوێكی دیار بین”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە، پڕۆژەی ئازیزان(منداڵانی بێباوك)ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەیەكی جوان و كاریگەرە و بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كردوویەتی و ئەوەشی لە دەرەوەی دەزگا كراون، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر باری ئابووری، كۆمەڵایەتی و زانستی لە كوردستاندا هەبووە. ئاماژەی بەوەش كرد، لە ڕووی زانستییەوە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەیە كە دەبێت هەموو ئەو منداڵانە بخوێنن، هەتا پشتیوانییەكەیان بەردەوام بێت. لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بە سوپاسەوە لە هەموو ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایەڵەكی جوانیان دروست كردووە، بۆ پێكەوە گرێدانی بەخێوكەران و دەزگاكانی پەیوەندیدار لە بواری پەروەردە و تەنانەت لە بواری تەندروستیشەوە لەگەڵ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد “پڕۆژەی ئازیزان لە ساڵی 2012 تا ئێستا ڕاستەوخۆ بە بەشداری و سەرپەرشتیی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام بووە و لەو ماوەیە زیاتر لە 81 ملیۆن دۆلار بە خانەوادەی ئازیزان پێشكەش كراون”. هەر لەبارەی منداڵانی ئازیز گوتی: “ئەو منداڵە خۆشەویستانە پێویستە ئێمە بە چاوێكی گرنگتر و زیاتر لە بواری پەروەردەوە ئاوڕیان لێ بدەینەوە”. گوتیشی: “هیچ هەنگاوێكی پەروەردەیی لە كوردستان سەركەوتوو نابێت، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە و دامودەزگاكانی دیكەی پەیوەندیدار بە پەروەردەی لە پشت نەبێت. جێی خۆیەتی سوپاسی جەنابی وەزیری پەروەردە و تێكڕای وەزارەتی پەروەردە بكەین، كە بۆ هەر بابەتێكی پەروەردەیی كە زۆرن ئەو كارانەی لە بواری پەروەردە كردوومانە، وەزارەتی پەروەردە خەمخۆرتر لە ئێمە هاتوونەتە پێش بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە. دڵنیام لەم پڕۆژەیەشدا (كە ئەمە تێستێكە لەو ماوەیەدا كراوە)، هاوكار و هاوبەش دەبن لەگەڵ ئێمە و ئامۆژگاریشمان دەكەن، لەوەی كە ئێمە چۆن ئەم پڕۆژەیە تەواو بكەین”.
موسا ئەحمەد ئەوەشی دووپات كردەوە، كە “ئەم پڕۆژەیەش وەك هەموو پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەی خەڵكی كوردستانە، بۆیە بە سوپاسەوە دەرگا كراوەیە بۆ ئامۆژگارییەكان، بۆ هاوكاری و پشتیوانییەكانی ئەكادیمیای كوردی، مەكتەبی دیراساتی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانكۆكانی كوردستان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پێكەوە دەكرێت هەوڵ بدەن، پڕۆژەكە بچێتە ناو هەموو ماڵێك، چونكە ئەم پڕۆژەیە تەنیا خوشەویستیی نیشتمان نییە، تەنیا پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی مرۆڤ و مافەكانی مرۆڤ نییە، بەتەنیاش دەستەبەركردنی بواری زانستی و پێشخستنی ئاستی زانستیی ئەو منداڵانە نییە، بەڵكو لە بواری تەندروستی و كۆمەڵایەتییشەوە ڕاوێژكاری هەیە و بەگشتی پێكەوە گرێدانی كۆمەڵگەیە”. گوتیشی: “تا ئێستا هەنگاوی باشمان بڕیوە، بەڵام بە تەئكید بە پێكەوەیی دەتوانین دەستكەوتی گەورەتر و گرنگترمان هەبێت”.
دواتر سامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان” لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وۆركشۆپێكدا كار و چالاكییەكانی پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزانی زۆر بابەتییانە و بە شێوەیەكی زانستی خستەڕوو، باسی ئەوەشی كرد كە تا ئێستا پڕۆژەكە وەك دەستپێك و تاقیكاری، پێنج تەوەری لەخۆ گرتووە، كە بریتین لە:
- دروستكردنی مۆبایل ئەپڵیكەیشنی ئازازان.
- پێشكەشكردنی 67 سیمینار و خولی ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ 4,044 ئازیز و خێزانەكانیان لە هەموو نووسینگەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
- پێشكەشكردنی ڕێنمایی و پاڵپشتیی پەروەردەیی و دەروونی لە بوارەكانی(ڕێكخستنی شێوازی ژیان و كاتەكانیان، هاندان و فێركاریی هونەرەكانی خوێندن) بۆ 586 ئازیز.
- گەڕاندنەوەی دوو منداڵی ئازیزی دابڕاو لە خوێندن بۆ قوتابخانە.
- چاپكردنی 3,000 نامیلكە و برۆشەری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتارەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، “دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەكە زیاد لە پێناسەی دەزگایەكی ئاسایی لە كاری فرەڕەهەند و كاری گەورە و كاری مرۆڤسازی ئەنجام دەدات لە كۆمەڵگەی كوردستانی.. پڕۆژە جۆراوجۆرەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پەیامێكی گەشبینانەی دڵخۆشكەرانەی بە هەمووان داوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زۆر بواردا پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، یەكەم لە دروستكردنی دەیان بینایەی قوتابخانە لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان، دووەم نۆژەنكردنەوەی سەدان قوتابخانە لە باشووری كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، سێهەم دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدار و ئەركدار بووە لە دابینكردنی سیستمی وزەی خۆر بۆ دەیان قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان، چوارەم دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدار بووە لە پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن”.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی 33،321 قوتابیی دابڕاو لە خوێندن بگەڕێنێتەوە بۆ خوێندن”.
د. ئالان حەمە سەعید، لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا، تیشكی خستە سەر ئەوەی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی گرنگی بووە لە دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ناوەندەكانی خوێندن، پێداویستییەكان بە هەموو جۆرەكانەوە، (جانتا و پەڕاوگە، سووتەمەنی، پاڵپشتیی ماددی، دابینكردنی پێداویستییەكانی دیكەی ناو پۆل و ناو ئیدارەی قوتابخانەكان و ناو تاقیگەكان) “، گوتیشی: “ئێستا ئەگەر بە هەندێ ناوچەدا تێپەڕن، كاتێك بینای قوتابخانەیەك دەبینن كە نۆژەن كراوەتەوە، یان دروست كراوە، بە ڕەنگێكی ڕەساسی و ڕەنگێكی سوور، ئەو قوتابخانەیانەن كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەنی كردوونەتەوە كە ژمارەیان سەدها قوتابخانەیە. هەموو ئەم كارە گرنگانە مانای دەستبار بوونە، مانای خۆ بە بەرپرسیار زانینە، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكار و پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەیە. ئەم پڕۆژەیەش(ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان)، پڕۆژەیەكی گرنگە بە بێ جیاوازیكردن، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئەنجام دراوە، خزمەت بە ئازیزان و قوتابیان دەكات. بۆیە بۆ ئازیزان دەزگای خێرخوازیی بارزانی ماڵێكە، نەوایەكە، سەكۆیەكە، لەخۆگرتنێكە، لەگەڵ پاراستنی شكۆی مرۆڤ، كە ئەمە كارە هەرە لە پێشینەكەی بووە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی شكۆی ئەو كەسانە دەپاڕێزێت كە لە ڕێگەی دەزگاوە دەستبار دەكرێن و هاریكاری وەردەگرن. پیرۆزبایی لەم پڕۆژە نازدارە، ناوازەیە دەكەین، كە بە میكانیزمێكی دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی، دەتوانێت پەیامێكی گرنگی پەروەردەیی و دەرووندروستی و كۆمەڵایەتی بگەیەنێت بە ئازیزان، هیوادارین لە ئایەندەشدا فراوان بكرێت، ئامادەیی وەزارەتی پەروەردەش دەردەبڕین بۆ ئەوەی كە لە ڕووی توانا مرۆییەكانمانەوە لە خزمەتی ئەو پڕۆژەیەدا بین”.
لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”، گرووپی میوزیكی (Nextgen)، بە بەشداریی چەند منداڵی ئازیز، سروود و گۆرانییان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.














