دەزگای خێرخوازیی بارزانی”پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان” ڕادەگەیەنێت و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی(AVA Media)، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ڕووی پەروەدەییەوە كاری زیاتر بۆ ئازیزان منداڵانی بێباوك و خانەوادەكانیان دەكەن و هەوڵ دەدەن پڕۆژەكەش بۆ هەموو خێزانێكی كوردستان بگوازرێتەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە هەولێر بە فەرمی “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”ی ڕاگەیاند و كەناڵی ئاسمانیی(AVA Media)، لە ڕێكەوتی 16\7\2025 لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زیاتر تاوتوێی پڕۆژەكە دەكەن. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەتا لە وەڵامی پرسیاری پێشكەشكاری بەرنامەكەی ئاڤا مێدیا، تیشكی خستە سەر پڕۆژەی ئازیزان(منداڵانی بێباوك) بەگشتی و بە “پڕۆژەیەكی جوان و كاریگەر” ناوی برد، گوتیشی: “ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2012 بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاگەیەندراوە”.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان ناوچەدابڕێندراوەكان لە و چەند پارێزگای عێراق و تەنانەت لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە عەفرینیش” ژمارەیەك لە منداڵانی ئازیز لەو پڕۆژەیە سوودمەندن كە بەگشتی زیاتر لە 16هەزار منداڵی ئازیزن.
موسا ئەحمەد، جەختی لەوەش كردەوە كە پڕۆژەی ئازیزان، پڕۆژەیەك بووە كە دەرفەتی دروست كردووە، بۆ ئەوەی ژیانێك بە بەر ئەو خانەوادانە بداتەوە. هەروەها ڕێگر بووە، لەوەی ئەو منداڵانە واز لە خوێندن بهێنن. سەبارەت بە پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزانیش گوتی: “ڕاستە پڕۆژەی ئازیزان دەرفەتێكی باشی لە ڕووی ماددییەوە بۆ ئازیزان ڕەخساندووە، بەڵام ئێمە بیرمان لەوە كردەوە، كە زۆر گرنگە لە ڕووی پەروەدەییشەوە كاری زیاتر بۆ ئەو منداڵانە و خێزانەكانیان بكەین”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێداگری لەسەر ئەوە كرد، كە بابەتی پەروەردە، زۆر گرنگ و فرەڕەهند و هەستیارە، بۆیە هەوڵیان داوە، لە ڕێگەی پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان، كار لەسەر ئەوە بكەن، كە ئەو منداڵانە و خانەوادەكانیان هەستی خۆشویستنی نیشتمان و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی و مرۆڤایەتییان زیاتر بكرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئپڵیكەیشنی ئازیزان، بواری تەندروستی و دەرووندروستیش لەخۆی دەگرێت. پڕۆژەكە لەو ماوەیە وەكو تێست جێبەجێ كراوە و زۆر سەركەوتوو بووە. ئەوەشی خستەڕوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەرورەدە و لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵ دەدەن، لە ماوەیەكی نەك دوور، پڕۆژەكە بگوازێتەوە بۆ ناو هەموو ماڵێك و تەنیا لە سنووری ئازیزاندا قەتیس نەبێت.








