بەڕێوەبەری “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان” لە دیمانەیەكی لەگەڵ كوردستان تی ڤی: چاومان لەوەیە پڕۆژەكە جگە لە ئازیزان هەموو منداڵانی كوردستان بگرێتەوە

سامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان” لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تی ڤی، لە بەرنامەی “بەیانی باش كوردستان”، باسی پڕۆژەكە دەكات كە لە قۆناغی یەكەم 5،000 منداڵی ئازیز (بێباوك) لەخۆ دەگرێت و هەوڵ دەدەن، لە قۆناغەكانی دواتر جگە لە ئازیزان هەموو منداڵانی كوردستان بگرێتەوە.
سامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان” لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 19\7\2025، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تی ڤی، لە دەستپێكی وتەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زۆر جار پێداگری لەسەر ئەوە كردووە و ڕایسپاردووین، كە ئەركی سەرەكیی ئێمە پەروەردەكردنە، بەڵام بە هۆی پێداویستیی نیازمەندان و بەهاناوەچوونیان، دەستمان بۆ زۆر بواری دیكەی كاری مرۆیی بردووە، بە بێ جیاوازیی، ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و ئایدیۆلۆژی كارمان كردووە و گرنگ ئەوە بووە، خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی بكەین”.
بەڕێوەبەری “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان”، ئەوەشی خستە ڕوو كە ماوەی دووساڵە كار لەسەر پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان دەكرێت و ماوەی حەوت مانگە وەكو تێستێك لەگەڵ (یەك لە سەر سێی) ئەو ئازیزانە كار كراوە، كە ناویان تۆمار كراوە و لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مووچەیان پێ دەدرێت. گوتیشی: “ئامانجی سەرەكیمان لەم پڕۆژەیە پێگەیاندنی مرۆڤێكی بەرهەمدار و نیشتمانپەروەرە و یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پڕۆژەی ئازیزانیش، ئەوەیە كە بەردەوامیی بدەین بە پرۆسەی خوێندنی ئەو ئازیزانە، كە بە چەند پڕۆژە پشتیوانی و هاوكاری دەكرێن.”
وەك باسی كرد، لە پڕۆژەی ئیمارات تا تەمەنی 18 ساڵ و لە پڕۆژەی كوردستان تا خوێندن تەواو دەكەن، لە قۆناغی زانكۆش مووچەكانی ئازیزان بەردەام دەبێت.
سامی عەبدولڕەحمان، لە بارەی پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان، ئاماژەی بەوش كرد، كە لە هەنگاوی یەكەمدا 5000 منداڵی ئازیز وەكو تێستێكی زانستی لە بواری پەروەردەیی كاریان لەگەڵ دەكرێت، هاوكات خول و سیمیناری پەروەردەیی و دەروونییان بۆ منداڵانی ئازیز هەیە. گوتیشی: “چاومان لەوەیە لە قۆناغی دووەمدا هەموو ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بگرێتەوە و لە قۆناغی سێهەم هەوڵ دەدەین، بە هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەكان و بەتایبەت وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆبایل ئەپڵیكەیشنی ئازیزان بگەیەنینە هەموو ماڵێك “.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان، لە درێژەی وەڵامدانەوەی پرسیاری پێشكەشكارانی بەرنامەكە،سەبارەت بە مۆبایل ئەپڵیكەیشنی ئازیزان گوتی: “بەشی یەكەمی وانە ڤیدیۆیی پەروەردەییەكانە كە بە سوپاسەوە بۆ مامۆستایانی بەڕێز لە تەواوی زانكۆكانی كوردستان هاوكارمان بوون و 41 مامۆستا و پسپۆڕی جۆراوجۆر لە بەشە جیاوازەكان خۆبەخشانە هاوكارمان بوون، بەشێكی دیكەمان هەیە بە ناوی “ڕاوێژ بكە”، كە تیایدا دایكان یان منداڵان خۆیان هەر گرفتێكیان هەبێت، لە بواری پەروەردەیی و خوێندن بە تایبەتی دەتوانن نامەمان بۆ بنێرن و ئێمەش ڕاستەوخۆ وەڵامیان دەدەینەوە و هاوكاریان دەبین”. گوتیشی: “پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان لە كۆمەڵێك بنەمای ئەساسی دامەزراوە، لە ڕووی فەلسەفی، زانستی، یاسایی و تەنانەت لە ڕووی بەها كۆمەڵایەتییەكانیشەوە كارمان لەسەر كردوون، لە ڕووی فەلسەفی پشتمان بە ڕێبازیی بارزانی بەستووە، كە مرۆڤدۆستی و مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و خوداناسی و ڕێزگرتن لە ئاییەنەكانەبە بێ جیاوازی، بنەما زانستییەكەی كۆمەڵێك بیردۆزی سەرەكیی دەروونزانیی گەشەمان هەڵبژاردووە و چەندین تیۆریی دیكە لە بواری خوێندن، چەندین پزیشكیی بەڕێزی بواری دەروونییش هەماهەنگیی تەواومان هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر كیسێكی تایبەتمان هەبوو، بیاننێرینە لایان”.
پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان لە ماوەی دامەزرانی تا ئێستا 67 سیمینار و خولی ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ 4,044 ئازیز و خێزانەكانیان لە هەموو نووسینگەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كردووە. هەروەها پێشكەشكردنی ڕێنمایی و پاڵپشتیی پەروەردەیی و دەروونی لە بوارەكانی(ڕێكخستنی شێوازی ژیان و كاتەكانیان، هاندان و فێركاریی هونەرەكانی خوێندن) بۆ 586 ئازیز ئەنجام داوە و 3,000 نامیلكە و برۆشەری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی چاپ و بڵاو كردووەتەوە و چەند منداڵی ئازیزی دابڕاو لە خوێندنیشی بۆ قوتابخانە گەڕاندووەتەوە.

 

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest