كارزان نوورى ئەندامى دەستەى كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كاناڵی ئاسمانیی كوردستان 24 باسی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەرتی پەروەردە دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە سیستەمی نوێی جیهان بەو ئاراستەیە دەڕوات كە سوود لە وزەی پاك و سرووشت ببینێت، ئەوەش دەخاتەڕوو كە حكومەتی عێراقی لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە.
كارزان نوورى ئەندامى دەستەى كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كاناڵی ئاسمانیی كوردستان 24 كە لە ڕێكەوتی 28\7\2025 و دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا(لە ڕێگەی وزەی خۆر) بۆ قوتابخانەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك ئەنجام درا، لەبارەی هەمان پڕۆژە و لە وەڵامی پرسیاری پێشكەشكاری بەرنامەكە، ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە هەوڵی داوە لە كەرتی پەروەردە ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت، بۆ بارسووكیی وەزارەتی پەروەردە و لە هەمان كاتیشدا سوودگەیاندن بە قوتابیانی خۆشەویست. لەو بوارانەشدا پلانی كورت ماوە و درێژخایەنیشی هەبووە.
سەبارەت بە پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا(لە ڕێگەی وزەی خۆر) بۆ قوتابخانەكانیش كە ئەو پڕۆژەیەە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی (LDS) ی ئەمریكی و (The Stirling Foundation)ی ئەمریكی جێبەجێی دەكات، گوتی: “ئەو پڕۆژەیە دوو ڕەهەندی هەیە. ڕەهەندێكیان پەروەردەییە و ڕەهەندێكی دیكەشی ژینگەییە و پەیوەندی بە وزەی پاكەوە هەیە. سیستەمی نوێی جیهانییش بەو ئاراستەیە دەڕوات كە سوود لە وزەی پاك و سرووشت ببینێت”.
كارزان نوورى جەختی لەوە كردەوە كە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ دابینكردنی كارەبا(لە ڕێگەی وزەی خۆر)، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی زۆر بە جددی كاریان لەسەر كردووە و لە داهاتووش بەردەوام دەبن. ئەوەشی خستە ڕوو كە لە ساڵی ڕابردوو ” دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵی پار(2024) لە یەكەم دەستپێشخەریدا، 10 قوتابخانەی لە هەرێمی كوردستان كرد، لە دابینكردنی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە سوودمەند كردووە. ئەوساڵیش (2025) پڕۆژەكە بەرفراوانتر كراوە و 25 قوتابخانەی دیكە لەخۆ دەگرێت. ئەوەشی بە مایەی دڵخۆشی ناوبرد، كە بە پێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان تا ئێستا 120 قوتابخانە كارەبایان لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ دابین كراوە. جەختی لەوەش كردەوە كە “حكومەتی عێراقی لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە. بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەنیا لە ساڵی 2023 توانیویەتی 203 قوتابخانە نۆژەن بكاتەوە. لە ساڵی 2024یش 50 قوتابخانەی دیكە لە هەرێمی كوردستان نۆژەن كردووەتەوە”. سەبارەت بە دروستكردنی بینایەی قوتابخانەش گوتی: “لە سیەدەكان دوو قوتابخانە و لە هەڵەبجە قوتابخانەیەك و لە كەونەگورگ لە دەڤەری مێرگەسۆریش قوتابخانەی دیكەمان دروست كردووە”. ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2023 لەسەر داواكاری وەزیری پەروەردە و دوای هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پرۆژەی زیادكردنی پۆلی بۆ قوتابخانەكان جێبەجێی كرد، ئەوەش ڕۆڵی گەورەی لە نەهێشتنی سێ دەوامیی قوتابخانەكان هەبووە.
ئا: سالار بابەشێخ













