دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر پێشكەش دەكرێت

بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەرپرسی پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، لە كۆنگرەیەكی میدیایی، پێشكەشكردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاگەیەندرا.

بە ئامادەبوونی ستاڤ ئاسۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، د. دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و د. ئەمین بەرپرسی پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە ڕێكەوتی 29\7\2025 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، پێشكەشكردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە هاوكاریی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB) بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاگەیەندرا.
سەرەتا، ستاڤ ئاسۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، ئاماژەی بەوە كرد، گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە تێچووی زیاتر لە (70،000،000) دینار لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر دەكات. كە بەسەر سەنتەری گەلیاوە و نەخۆشخانەی شەقڵاوە دابەش دەكرێت. جەختی لەوەش كردەوە كە ” دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە بایەخێكی تەواوی بە سێكتەری تەندروستی داوە و زۆر بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت و هەمیشە هەوڵی داوە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی لە هاریكارییە پزیشكییەكان سوودمەند بكرێن. ئەوەشی خستەڕوو كە “لە دوو ڕۆژی داهاتوو بە هاوكاریی كۆمپانیای ڕیماد، ئامێرێكی پشكنین (ڕادیۆگۆافی – تیشك) بە بنكەی تەندروستیی شەهیدان پێشكەش دەكەن”. گوتیشی: “زۆر سوپاسی هەموو بەخشەران دەكەین، بەتایبەتی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، كە ئەمە جاری یەكەم نییە لە پڕۆژەكانیان هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن”.
دواتر د. دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە وتارەكەیدا سەرەتا دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB) كرد. هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەو هاوكاریی پزیشكییە بە سەر دوو نەخۆشخانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر دابەش دەكرێت. یەكێكیان نەخۆشخانەی (شەقڵاوە)یە كە سنوورێكی فراوانە و خزمەتێكی گەورە بە هاونیشتمانیان دەكات، هەروەها سەنتەری گەلیاوە بۆ چارەسەری نەخۆشیی شەكرە و كوێرەڕژێنەكانە كە خزمەتێكی زۆر بەو هاووڵاتییانە دەكات كە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشێی درێژخایەنیان هەیە. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەك هەر لەم پڕۆژەیە، بەڵكو لە چەندین پڕۆژەی دیكە و هەمەچەشن لە كەرتی تەندروستی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام پاڵپشتێكی گەورەمان بوون، لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان و كردنەوەی خولەكان و چەندین سەنتەریش هەیە كە مانگانە هاوكارییان پێشكەش دەكات، لە ڕووی ماددی و لە ڕووی مەعنەوی”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئەوەشی دووپات كردەوە، كە جۆری دەرمان و پێداویستییەكان خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستنیشانی دەكەن و بەخشەرانیش لە باشتربوونی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
د. ئەمین بەرپرسی پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، كۆمپانیاكەیان لە بواری دابینكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق كار دەكات، گوتیشی: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەوڵمان داوە خومەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لە هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری، بە ئامانجی بەروەپێشبردنی كەرتی تەندروستی لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی”.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، باسی ئەوەشی كرد كە لە پڕۆژكانی نوێی كۆمپانیاكەیان، بڕیار دراوە، هاوكاریی ئەو نەخۆشانە بكەن كە نەخۆشیی درێژایەنیان هەیە. گوتیشی: “بەناوی گرووپی كۆمپانیاكانی (ESB)، ئێمە شانازی دەكەین، كە بەشێك بین لە ئەركی مرۆیی و پێشكەشكردنی دەرمان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە نیازمەندان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest