دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی مزگەوتەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكات

بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری دهۆك و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە دهۆك و ژمارەیەك لە میدیاكاران، پڕۆژەی دابینكردنی موكێت بۆ مزگەوتەكانی پاڕێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەندرا.

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە دهۆك و ژمارەیەك لە میدیاكاران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە ڕێكەوتی 28\7\2025 لە دهۆك بەڕێوەچوو، پڕۆژەی دابینكردنی موكێتی بۆ 62 مزگەوت لە سنووری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاند.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد، مزگەوتەكان لە “كوردایەتی، ئینسانییەت، پەروەردە، زانست” ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و زۆر نیشتمانپەروەری دڵسۆزی پێگەیاندووە”. باسی ئەوەشی كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەندین سێكتەری جیاواز كاری كردووە و پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ و ئاوارە و پەنابەران و خەڵكی خۆجێ بە هاوكاریی هاوبەشانی جێبەجێ كردووە. هاوكات تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پڕۆژەی ئازیزان لە ساڵی 2012 لەسەر دەستی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی پێكردووە و لەو ماوەیە زیاتر لە 16 هەزار ئازیز(منداڵی بێباوك) لەو پڕۆژەیە سوودمەندن و زیاتر لە 81 ملیۆن دۆلار بە سەر ئەواندا دابەش كراون. ئەوەشی خستەڕوو كە لە ساڵی 2022 یەكێ لە پڕۆژە جوانەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بووە بەسەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیداندا بە بێ جیاوازی و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە شانازی دەكەین كە بتوانین خزمەتی ئەوان بكەین، باوەڕیشم وایە تا ئێستا ئەوە جوانترین پڕۆژە بووە كە تا ئێستا بۆ ماڵباتی سەربەرزی شەهیدان پێشكەش كراوە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە سەرەڕای بارودۆخێكی نالەبارەی ئابووری، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆمەڵێك پڕۆژەی جۆراوجۆری هەیە. ئەوەشی بە مایەی شانازی ناوبرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێی متمانەی بەخشەرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییە و لە هاریكارییە مرۆییەكانی بەردەوامە و لە خزمەتی میللەتی خۆیدایە. هاوكات باسی ئەوەی كرد، كە دوای ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەكانی هۆشبەر، هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەست پێكردووە و بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی لە هەموو هەرێمی كوردستان و بە پشتیوانیی دامودەزگای حكومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتێكی باشی هاووڵاتی و بەتایبەتی گەنجان دەكەن.
موسا ئەحمەد، لە كۆتایی وتەكانیدا سەبارەت بە پڕۆژەی دابینكردنی موكێت بۆ مزگەوتەكانی پاڕێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەوەی خستەڕوو كە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە 62 مزگەوت لە پاڕێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ موكێتی نوێیان بۆ دابین دەكرێت.
دواتر، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، وێرای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، بە ناوی خەڵكی پارێزگای دهۆك، سوپاسێكی گەرمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەموو جارێك، كۆمەڵێك كاری جوانی كردووە و ئەم دەزگایە هەم دەزگایەكی مەزنە و هەم ناوێكی مەزنی وەرگرتووە. بۆیە بە بێ جیاوازیی دین، ئایین و نەتەوە، خزمەتی هەموو چین و توێژەكانی كردووە. لەسەر ئاستی جیهانیش لە هەر شوێنێك لێقەومای لێ هەبووە، دەستی خێرخوازیی پێگەیاندوون.
پارێزگاری دهۆك لە كۆتایی وتەكانیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بە بۆنەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دابینكردنی موكێت بۆ 62 مزگەوت لە پاڕێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و گوتیشی : “مزگەوت بۆ ئێمە جێگەیەكی گرنگ و پیرۆزە و جگە لەوە ماڵی خودایە، جێگەی پێگەیشتن بووە، دەنگدار و قەرزداری مزگەوتەكانی خۆمان و مامۆستایانی ئایینیین، كە ڕێبەرایەتیی ئەو میلەتەكەیان كردووە هەتا بەم قۆناغەیان گەیاندووە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest