بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەزیری پەروەردە، پارێزگاری دهۆك و ژمارەیەك لە میدیاكاران، پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا(لە ڕێگەی وزەی خۆر) بۆ 10 قوتابخانە لە سنووری پارێزگای دهۆك ڕاگەیەندرا.
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و ژمارەیەك لە كەسایەتیی حكوومی و ناحكوومی و میدیاكاران، لە ڕێكەوتی 28\7\2025 و لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە دهۆك بەڕێوەچوو، پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا(لە ڕێگەی وزەی خۆر) بۆ 10 قوتابخانە لە سنووری پارێزگای دهۆك ڕاگەیاندرا و پڕۆژەكە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی (LDS) ی ئەمریكی و (The Stirling Foundation)ی ئەمریكی جێبەجێ دەكات.
سەرەتا، د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زۆر بواردا پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەشی لە چەند خاڵدا بە كورتی باسی كرد: “یەكەم، دەیان بینایەی قوتابخانە لە شار و شارۆچكەكان دروست كردووە و پێشكەشی كەرتی حكوومی كردووە، دووەم سەدان قوتابخانەی لە ناو هەرێمی كوردستان ولە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لە ناو كەركووكیش نۆژەن كردووەتەوە، سێهەم دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەدان ژووری خوێندنی نوێی بۆ قوتابخانەكان دروست كردووە، كە هەر ساڵی پار (2024) 140 ژوور دروست كران، كە بەشی هەرە زۆریان لە گەرمیان بوون. چوارەم، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی گرینگی هەبووە، لە هەڵمەتی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، كە تا ئێستا توانیومانە 33 هەزار و 324 قوتابی بگێڕینەوە بۆ خوێندن كە هاوبەشی سەرەكیمان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە”.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ دووەمین جارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی “دەستباری كەرتی پەروەردە دەبێت لە هەرێمی كوردستان، ئەویش 25 قوتابخانەیە لە پاڕێزگاكانی هەڵەبجە، هەولێر و دهۆك كە وزەری خۆریان بۆ دابین دەكرێت و ساڵی پاریش 10 قوتابخانە كارەبایان لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆیان دابین كراوە، بەوەش كۆی گشتییان دەبێتە 35 قوتابخانە”. وەك باسیكرد بەوەشی كە وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی داوە، تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان 120 قوتابخانە لە ڕێگەی وزەی خۆر كارەبایان بۆ دابین كراوە.
د. ئالان حەمە سەعید، لە كۆتایی وتەكانیدا، وێرای سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمەكانی بەشدار لە پڕۆژەكە، جەختی لەوش كردەوە، كە لەو پڕۆژەیە فرە پێكهاتەیی لەبەرچاو گیراوە و دەستنیشانكردنی قوتابخانەكان بۆ دابینكردنی وزەی خۆر لە ڕێگەی كارەبا، تەنیا تایبەت بە قوتابخانەكانی زمانی كوردی نییە، نموونەشی بەوە هێنایەوە، كە ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە لە قوتابخانەیەكی سریانی بووە و پڕۆژەكە قوتابخانەی زمانی توركمانیشی تێدایە.
دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی دامەزرانیەوە تا ئێستا ساڵانە گرینگییەكی زۆری بە كەرتی پەورەدە داوە و ئەوەشی بە مایەی شانازی ناو برد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی بەشێك لە پێداویستییەكانی كەرتی پەوەردە بە هاوكاریی هاوبەشەكانی دابین بكات.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆڵی دەزگاكانی (LDS) ی ئەمریكی و (The Stirling Foundation)ی ئەمریكی لە هاریكارییان بۆ پڕۆژەكە بەرز نرخاند، بەردەوامبوونی ئەو دوو دەزگایەشی لە كاری پێكەوەیی بۆ هاریكاریی مرۆیی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ دروستبوونی متمانەیەكی بەهێز گەڕاندەوە و جەختی لەوەش كردەوە، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە پردێكی متمانەپێكراو لە نێوان وڵاتانی هاریكاریبەخش و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتیی مرۆیی و سەرمایەداران و خێرخوازانی و كوردستان و خەڵكی نیازمەند. باسی ئەوەشی كرد، دابینكردنی وزەی خۆر لە ڕێگەی كارەبا بۆ 10 قوتابخانە لە پاڕێزگای دهۆك جێبەجێ دەكرێت و لە پاڕێزگاكانی دیكەش پڕۆژەی وا جێبەجێ دەكرێن.
دواتر، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، وتارێكی پێشكەش كرد و سەرەتا بە ناوی خەڵكی پارێزگای دهۆك سوپاسێكی گەرمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و ئاماژەی بەوە كرد، كاتژمێرێك پێش ئەو كۆنگرەیە پڕۆژەیەكی دیكەیان ڕاگەیاندووە، (مەبەستی پڕۆژەی دابینكردنی موكێت بۆ مزگەوتەكان لە سنووری پاڕێزگای دهۆك و ئێدارەی سەربەخۆی سۆران بوو). جەختی لەوەش كردەوە كە هەر دووكیان ناوەندی پەوەردەیین و مزگەوت و قوتابخانە ڕۆڵی كاریگەریان لە پەروەردە هەیە. خۆشحاڵی خۆیشی لەوە دەربڕی كە پڕۆژەی دابینكردنی وزەی خۆر لە ڕێگەی كارەبا بۆ قوتابخانەكان، وەك هەموو پڕۆژەكانی دیكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بێ جیاوازیی ئەنجام دەدرێت. ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەك بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لە زۆر شوێن و ولاتانی دیكەش وەك دەزگاییەكی كارامە و پڕۆفیشناڵ لە سەر ئاستی جیهانیش خۆی سەلماندووە. هیواشی خواست، پڕۆژەكان بەردەوام بن و هەموو قوتابخانەكانی كوردستان بە بێ جیاوازی ببنە خاوەن كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر.















