دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێوڕەسمێكدا منداڵانی دەرچووی خولی پێنجەمی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر (19 منداڵ) خەڵات كرد. لە ئاهەنگی دەرچوون، منداڵانی دەرچووی خولی پێنجەم چەند چالاكیی هونەری(سەما، سروود، گۆرانی)یان ئەنجام دا، لە كۆتایی ڕێوڕەسمەكەش لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵسووڕێنەری کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر بڕوانامەیان پێشكەش كرا.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسووڕێنەری کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەر و مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم و منداڵان و خانەوادەکانیان و ژمارەیەک کەسایەتیی حکوومی و چالاکانی مەدەنی و بخشەران، لە ڕێکەوتی14\9\2025 لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون و پیرۆزبایی لە منداڵانی دەرچوو و خێزانەكانیان و مامۆستا و ڕاهێنەری منداڵەكان، ئاماژەی بەوە كرد، كە وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زۆر كارەسات و ڕووداوی ناخۆشیان بینیوە، بەڵام “شانسی” ئەوەشیان هەبووە، كە لە ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەكانی سەركەوتنی منداڵان و قوتابیان دڵخۆش بن. جەختی لەوەش كردەوە كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، پڕۆژەی خزمەتكردنی منداڵانی تۆتیزمیان بینیوە و پێی دڵخۆش بوون و ڕێنمایی كردوون، بۆ ئەوەی كاری جددی بۆ ئەو منداڵە چاوگەشانە بكرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە دەوڵەتی ئیمارت تێچووی بینایەی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزمی لە هەولێر لە ئەستۆ گرتووە و وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی بۆ ئەو كارە پیرۆزەیان، ئەوەشی خستەڕوو كە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە پڕۆژەی خزمەتكردنی منداڵانی ئۆتیزم ڕاسپاردەی تایبەتیان هەبووە و بەردەوام پڕۆژەكەی “تەبەنی” كردووە و لەخۆی گرتووە. ڕۆلی بەخشەران و سەرمایەدارانی هاریكاریبەخشیشی زۆر بەرز نرخاند و سوپاسی تایبەتی كردن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، كە لە كۆمەڵگەی دایك لە سۆران سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم كراوەتەوە و مزگێنی ئەوەشی دا، كە لە زاخۆش سەنتەری وا دەكرێتەوە، هیواشی خواست لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كاری هاوشێوە بكرێت.
دواتر بەڕێز دكتۆر ڕەوشت ڕەشید، ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەری تەندروستی، وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مامۆستایان و ڕاهێنەران لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، ئاماژەی بەوە كرد كە لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 110 ڕاهێنەری كارامە لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، لەلایەن ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی تایبەتەوە ڕاهێنانیان پێكراوە. ئەوەشی خستەڕوو كە 19 منداڵی دەرچووی خولی پێنجەمی سەنتەری ئیماراتی لە هەولێر تێكەڵ بە قوتابیانی ئاسایی دەكرێن و دەتوانن لە قوتابخانەکان درێژە بە خوێندن بدەن. بەڵام ژمارەیەك لە منداڵانی دەرچووی خولی پێنجەم و خانەوادەكانیان بە هۆكاری تایبەت لەو ڕێوڕسمەدا بەشدارییان نەكردووە.
باسی ئەوەشی كرد كە لە 300 منداڵی سەنتەری ئیماراتی لە هەولێر 82 یان تێكەڵ بە خوێندنی ئاسایی لە قوتابخانەكان كراون، واتە زیاتر لە 30%ی منداڵانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر تێكەڵی خوێندنی ئاسایی لە قوتابخانەكان كراون، ئەوەشی بە “ڕێژەیەكی خەیاڵی” ناو برد.
ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەری تەندروستی، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە خێزانێكی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، منداڵی خۆیان هێناوەتە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر و دوای شیاندنەوەی منداڵەكەیان گەڕاونەتەوە.
دواتر بەڕێز دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی لە مناڵانی دەرچوو و خێزان و ڕاهێنەرانیان، ئاماژەی بەوە كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕابردووش هاوكاری و هەماهەنگیی بەرچاوی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر هەبووە، لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و تەنانەت لە ڕاهێنانەكانیش “پاڵپشتێكی گەورە”ی كەرتی تەندروستی بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، جەختی لەوە كردەوە كە بە ماندووبوونی ستافی سەنتەرەكە و رأهێنەرانی منداڵانی ئۆتیزم، توانراوە تاكی وەبەرهێن بەهەم بێت و منداڵانی ئۆتیزمیش بتوانن بڕۆنە بەر خوێندنی ئاسایی و ئەوەشی بە كارێكی گەورە و پیرۆز ناوبرد. هیواشی خواست لە داهاتوودا منداڵانی چارەسەركراوی زیاتر تێكەڵ بە پرۆسەی خوێندنی ئاسایی بكرێن.
سەرەتای ئاهەنگەكە بە نمایشكردنی گرتەیكی ڤیدیۆیی لە بارەی چۆنیەتی ڕاهێنانی منداڵەكان و شیاندنەوەیان دەستیپێكرد و بەشی كۆتایی ئاهەنگەكەش “سەمای بالە”ی كچێكی خنجیلانە و گۆرانی و تەپڵلێدانی سێ منداڵی چاوگەش بوو، لەدوا بڕگەشدا لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵسووڕێنەری کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر منداڵانی دەرچوو خەڵات كران و بڕوانامەیان پێشكەش كرا.
ئا: سالار بابەشێخ





















