موسا ئەحمەد: بە پشتیوانیی خوا و ڕێنمایی جەنابی سەرۆك بارزانی، بەردەوام دەبین لەسەر دابەشكردنی ئەو هاریكارییانە

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، داتا و زانیاریی دابەشكردنی هاوكارییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە هەوڵدان هاوكارییەكان شارەكانی دیكەی ڕۆژئاوا لەخۆ بگرێت.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 25/1/2026 لە كۆنگرەیەكی میدیایی
لە قامشلۆ، ئامار و زانیارییەكانی لە بارەی گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی بە ڕۆژئاوای كوردستان خستەڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دەستپێكی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە شانازییەوە بە كاروانێكی گەلەك مەزن گەیشتنە قامشلۆ و ڕۆژانە خزمەتگوزاری و هاوكاریی جۆراوجۆر پێشكەشی خەڵكی ڕۆژاوا دەكەن. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ بە دەستێكی پڕ لە خزمەتی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە و ئەوەی لە دەستی ئێمە بێت، خزمەتی ئەوان دەكەین، بە پشتیوانیی خوا و ڕێنمایی جەنابی سەرۆك بارزانی، لەسەر ئەو هاریكارییانە بەردەوام دەبین”.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەمجۆرە داتا و زانیاریی دابەشكردنی هاوكارییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستانی خستەڕوو:
لە كەمتر لە 72 كاتژمێدا:
114  بارهەڵگری هاوكارییەكان بە قامشلۆ گەیشتوون.
5،827  خێزان كە دەكاتە 34،227 كەس لەو هاوكارییانە سوودمەند بوون.
30  قوتابخانە تەختیت كراون و سەبەتەی خۆراك، دۆشەك، بەتانی، پاكەتی تەندروستی، مریشك، ماست و زۆر پێداویستیی دیكە كە 22 جۆرن دابەش كراون.
81  قوتابخانە سووتەمەنی گازۆئلی بۆ دابین كراوە.
 4،000  ژەمە خۆراكی گەرم دابەش كراون.
سێ مزگەوت و چوار قوتابخانە تەختیە كراون و ڕۆژانە 300 ژەمە خۆراكی گەرم دابەش دەكرێن.
تیمەكانی تەندروستی كە كارمەند و پزیشكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەتی خۆبەخشن، چارەسەری سەرەتایی پزیشكییان پێشكەش بە 1،367  كەس كردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرفەتی كاری بۆ 200 كەس ڕەخساندووە.
هاوكارییەكان لە (قامشلۆ، دێركێ، عەمواد و گلكێ لەكێ)  دابەش كراون و هەوڵ ددەن، لە شار و گوند و شارۆچكەكانی دیكەش ئەو هاوكارییانە دابەش بكرێن.
150  كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوان و هەتا درەنگانی شەو كار دەكەن. ڕۆژانە 12 تیمی مەیدانیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەك كاتدا لە 12 شوێن هاوكارییەكان دابەش دەكەن.
بە پشتیوانیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەركۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پلان هەیە 536،000  لیتر گازۆیل ڕەوانەی قامشلۆ بكرێت.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، جەنابی سەرۆك بارزانی، بەردەوام لە هەوڵدایە لە ڕێگەی پەیوەندییەكانی خۆیانەوە، شەڕەكە ڕابگرن و ڕێكاری دانوستان و چارەسەری ئاشتییانە بگرنە بەر، جەختی لەوەش كردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵدایە، هاوكارییە مرۆییەكان بە كۆبانێ و شار و گوندەكانی دیكەی ڕۆژئاواش بگەیەنێت.
هاوكات سوپاسی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كرد كە بەردەوام پاڵپشت و هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون. هەروەها سوپاسی كارمەندانی مانگی سووری كوردی و خۆبەخشانی كرد، كە لەگەڵ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو چالاكییە مرۆڤدۆستانەیەدا هاوكاری دەكەن.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest