كارزان نووری: 349 هەزار 841 لیتر سووتەمەنی بە سەر 9 هەزار و 531 خێران لە ڕۆژئاوا دابەش كراون

كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 11/2/2026  لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە قامشلۆ بەڕێوە چوو، نوێترین ئاماری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو.

كارزان نووری، سەرەتا باسی ئەوەی كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد و تا ئێستاش لە دابەشكردنی هاوكارییەكان بەردەوامە.

كارزان نووری، باسی ئەوەشی كرد كە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 21 ڕۆژی ڕابردوو لە (قامشلۆ، عامودا، گركێلەگێ و دێركێ) و دەوروبەریان خزمەتی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانیان كردووە، نوێترین ئاماری هاریكارییەكانیشی ڕاگەیاند، كە بەمجۆرە بوون:

401 بارهەڵگر هاوكاریی جۆراوجۆری خۆراكی و ناخۆراكی لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕەوانەی ڕۆژئاوا كراون.

18هەزار 932 خێزان لە هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی (سەبەتەی خۆراك، دۆشەك، بەتانی، پاكەتی تەندروستی، مریشك، ماست، سووتەمەنی و…) سوودمەند بوون.

جگە لە شارەكان لە 102 گوندیش هاوكارییەكان دابەش كراون.

جگە لە ئاوارەكان 2 هەزار و 71 خێزانی كەمداهات هاوكارییان بەسەردا دابەش كراوە.

349 هەزار 841 لیتر سووتەمەنی بە سەر 9 هەزار و 531 خێران  دابەش كراون.

97 هەزار 559  ژەمە خواردنی گەرم دابەش كراون.

8 هەزار و 77  كەس چارەسەری پزیشكییان وەرگرتووە و زیاتر لە 20 تۆن دەرمان بە نەخۆشخانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان پێشكەش كراون.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest