3 ملیۆن و 360 هەزار نان، بێ بەرانبەر بە خەڵكی قامشلۆ پێشكەش دەكرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بە ڕاسپاردە و فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، لە هەڵمەتی بەهاناوەچوون و دابەشكردنی هاوكارییەكان بەردەوامە و كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 11/2/2026  لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە قامشلۆ بەڕێوە چوو، پڕۆژەیەكی گرنگی ڕاگەیاند، كە دابەشكردنی نانی بێ بەرانبەرە بۆ دانیشتووانی قامشلۆ.
كارزان نووری، بە سوپاسێكی بێ پایانەوە ئاماژەی بەوە كرد، بە هۆی بەخشینەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەستكراوەیی و دڵكراوەیی بەخشەران، توانراوە 200 تۆن ئارد بۆ فڕنەكان لە قامشلۆ دابین بكەن، كە  دەبێتە 480 هەزار ڕەفەی نان  واتە 3 ملیۆن و 360 هەزار نان، كە بێ بەرانبەر بە خەڵكی شاری قامشلۆ پێشكەش دەكرێن.
لە ماوەی ڕابردوو، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ڕۆئاوای كوردستان، خەڵكی ناوچەكە تووشی چەندین گرفتی نالەبار بوونەوە، لەوانە كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی نانەواخانەكان، هەروەها زۆربەی خێزانەكان ناتوانن نانی گەرم دابین بكەن، ئەمەش پشێوییەكی زۆری دروست كردووە بۆ دانیشتووانی شارەكانی ڕۆژئاوا، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە و هاوكاریی خەڵك، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بیری لە پاڵپشتی نانەواخانەكان كردەوە، بە دابینكردین ئارد و سووتەمەنی و دابەشكردنی نانی خێرخوازیی بەسەر دانیشتووانی ناوچەكە.
ئەم هاوكارییانە، بە ایبەتی دابەشكردنی نانی گەرم بە شێوەیەكی بەردەوام، پاڵپشتییەكی تەواوی خەڵكی ناوچەكە دەبێت و لە هەمان كاتدا دەبێتە پاڵپشتی بۆ بازاڕ، بە جۆرێك نرخی ئارد و سووتەمەنی تا ڕادەیەك بە جێگیری دەمێنێتەوە، ئەمەش بۆ ئاوارە و دانیشتووانی ڕۆژئاوا یارمەتیدەرێكی باش دەبێت.

 ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest