لە مرۆڤدۆستییەوە بۆ شارەزایی؛ خولی پێشکەوتووی فریاگوزاری بۆ تەواوی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

یەکێک لە کولتوورە ڕێکخراوەییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشداریکردنی گشت کارمەندانە لە چالاکییە مەیدانییەکاندا، بەتایبەتی لە کاتی پێویستی بە فریاکەوتنی خێرا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جگە لەوەی لە ١٠ سێکتەری جیاوازدا و لە چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری هاریکاریی مرۆیی، خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی پێویست لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکات؛ هاوکات بایەخێکی زۆری بە کردنەوەی پێویستترین خولە پیشەیی، پەروەردەیی و وەبەرهێنانەکان داوە. یەکێک لەوانە “خولی فریاگوزاریی سەرەتایی” بووە، کە ئێستا هەوڵی بەرفراوانکردنی دەدرێت.

مێهران هەیوەس حەسەن، بەرپرسی هۆبەی ڕاهێنان و هەڵسەنگاندن لە بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە خولی ڕاهێنانی پێشکەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کارمەندانی دەزگا دەکرێتەوە. سەبارەت بە ئامانجی ئەم چالاکییانەش دەڵێت: “ئامانجی سەرەکی پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و ئامادەبوونیانە بۆ بارودۆخە نەخوازراوەکان، بەتایبەت کە یەکێک لە کولتوورە ڕێکخراوەییەکانی دەزگا، بەشداریکردنی گشت کارمەندانە (لە تەواوی پلە و ئاستەکان) لە چالاکییە مەیدانییەکاندا لە کاتی پێویستی بە هێزی مرۆیی و بارودۆخە کتوپڕەکاندا.”

سوود لە ڕاهێنەرانی شارەزا و هەڵگری بڕوانامەی نێودەوڵەتی وەرگیراوە

وەک بەرپرسی هۆبەی ڕاهێنان و هەڵسەنگاندن باسی کرد، ڕاهێنانی پێشکەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی لە ماوەی دوو تا سێ ڕۆژدا لەلایەن ڕاهێنەرانی شارەزا و خاوەن بڕوانامەی نێودەوڵەتی و ئەزموونی کردەیی پێشکەش دەکرێن. خولەکە ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت:

خوێنبەربوون، برینداربوون، شکان، پێوەدانی مێروو، ژەهراویبوون، سڕبوون، سووتان و بەرکەوتنی گەرمی، خنکان، چوونی تەنێکی نامۆ بۆ ناو چاو، لووت و گوێ، بوورانەوە، کارەباگرتن، هەڵسەنگاندنی باری نەخۆش و بریندار، تەکنیکەکانی گواستنەوە و زانیارییە گشتییەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی.

ئەوەشی خستەڕوو کە لەو بوارەدا سوود لە ڕاهێنەرانی ناوخۆ (چنار سامی، فریشتە حەسەن و هۆگر محەمەد) و ڕاهێنەرانی بیانی وەرگیراوە، کە هەموویان بڕوانامەی نێودەوڵەتییان هەیە.

ژمارەی بەشداربوانی خولەکان (لە ١٢ی نیسان تا ٦ی ئایاری ئەمساڵ):

سەرۆکایەتیی دەزگا و نووسینگەی هەولێر و سەنتەری ئۆتیزم: ٧٥ کارمەند.

کۆمەڵگەی دایک: ٧٠ کارمەند.

نووسینگەی هەڵەبجە: ٧ کارمەند.

نوێنەرایەتیی گەرمیان: ١٠ کارمەند.

لە نووسینگەکانی سلێمانی، کەرکووک و نەینەوا ئەم ڕاهێنانانە ئەنجام دەدرێن و لە نووسینگەی دهۆکیش لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەکە دەست پێ دەکات.

مێهران هەیوەس جەختی کردەوە: “ڕاهێنانی پێشکەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی پڕۆسەیەکی گشتییە و تەواوی کارمەندان دەگرێتەوە. بڕیارە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ٧٥٠ کارمەند ئەم ڕاهێنانە وەربگرن. هەروەها لە نووسینگەکانی دەرەوەی وڵاتیش خول بۆ کارمەندان دەکرێتەوە.” گوتیشی: “ئەم چالاکییانە نوێ نین؛ تا ئێستا لە ١٧ خێوەتگە و کەمپی پەرەپێدانی مرۆیی، خولی فریاگوزاری کراوەتەوە و ١،١٣٦ کەس تێیدا بەشدار بوون.”

خولی فریاگوزاریی سەرەتایی لە ڕوانگەی ڕاهێنەرەوە

فریشتە حەسەن، کارمەندی بەشی تەندروستی و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە جیهاندا بایەخی زۆر بەم بوارە دەدرێت و دەڵێت: “فریاکەوتنی خێرا (First Aid) یەکێکە لە گرنگترین فێرکارییەکانی ژیان، چونکە زۆر کات پێش گەیشتنی پزیشک یان ئەمبوڵانس، کەسێکی ڕاهێنراو دەتوانێت ژیانی مرۆڤێک لە مردن ڕزگار بکات.”

بەشداربوانی خولەکە ئەم کارامەییانە بەدەست دەهێنن:
ڕاگرتنی خوێنبەربوون.
مامەڵەی دروست لەگەڵ شکان و سووتان.
دیاریکردنی لەپێشینەیی (Priority) بۆ یارمەتیدانی برینداران لە ڕووداوەکاندا.
جیاوازیکردن لە نێوان فریاکەوتنی منداڵ و گەورە.
ئەنجامدانی هەناسەدانی دەستکرد لە کاتی پێویستدا.
شێوازی وانەکان:
٣٠٪ تیۆری و ٧٠٪ پراکتیکی.
لە کۆتاییدا بڕوانامە بە بەشداربووان دەدرێت.
ئامانجی کۆتایی دروستکردنی تاکێکە کە:

لە کاتی ڕووداودا ئارام بێت، یارمەتیی پاراستنی بریندار بدات و بە شێوەیەکی زانستی و خێرا پەیوەندی بە نەخۆشخانەوە بکات بۆ گواستنەوەی قوربانییان.

ئامادەکردنی: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest