تيمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى، عەوداڵی خزمەتكردن و كاریی مرۆیین و ماوەی پتر لە بیست ساڵە شەو و ڕۆژیان سەر یەك خستووە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە خەڵكی نیازمەند بگەیەنن، لێرەدا بەشێك لە چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى لە مانگی نیسانی ساڵی 2026 دەخەینەڕوو.
هەر لە دەستپێكی مانگی نیسانی ئەمساڵ (2026)، بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و بەخشەران و نوێنەری ڕێكخراوەكانی مەدەنی و حزبی و میدیاكاران، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 2/4/2026 سەنتەری هەژار بۆ ئۆتیزم لە زاخۆ كرایەوە. تێچووی باڵاخانەی سەنتەرەكە لە لایەن هەژار شنگالی و ئیبراهیم شنگالی دابین كراوە و ئەركی ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی سەنتەرەكەش بە دەزگای خێرخوزایی بارزانی سپێردراوە، كە لەو بوارەدا ئەزموونێكی بەرچاوی هەیە. جگە لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم لە هەولێر، سۆران، زاخۆ، لە داهاتووی نزیك سەنتەری هاوشێوە لە دهۆكیش دەكەنەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆمەڵگەی دایک لە سۆران، بە بۆنەی یادی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری ئۆتیزم، لە ڕێكەوتی 2/4/2026 چالاكییەكی جۆراوجۆری ئەنجام دا. لەوانە چالاکیی ئەکادیمی و وەرزشی و هونەری، هەروەها تابلۆی “درەختی پێکەوەبوون” نمایش كرا، کە تێیدا 52 منداڵی ئازیز لەگەڵ مامۆستا دڵسۆزەکانیان بە پەنجەمۆرە ڕەنگاوڕەنگەکانیان تابلۆیەکی زیندوویان نەخشاند.
مەبەست لەو چالاكییە ئەوە بوو كە بیسەلمێنن، ئۆتیزم جیاوازییە، نەک نەخۆشی. بۆیە ئەرکی هەموومانە کە ژینگەیەک بخوڵقێنین تێیدا ئەم منداڵانە هەست بە ئارامی و پشتگیریی تەواو بکەن.
هەر لە ڕۆژی جیهانی ئۆتیزمدا، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ئامێدی، لە سەنتەری ماڵی گرنژین لە ئامێدی چەندین چالاکیی جیاواز ئەنجام دران. لەو چالاكییە هەندێك دیاری وەک ڕێزگرتن و پشتگیری پێشکەش بە منداڵان کران. ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو کە بەردەوام گرنگی بە داواکارییەکانی منداڵانی خاوەن پێویستیی تایبەت بدرێت و پشتگیرییەکی ڕاستەقینە بۆ گەشەپێدانی تواناکانیان بکرێت.
شاری مورهێد و زاخۆ هاوڕێیەتی خۆیان ڕاگەیاند
نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەمریكا(خوناڤ ئەمین)، لەسەر بانگهێشتی خانم جیهان بریڤکی، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی هاوڕێیەتی نێوان شارەكانی (مورهێد و زاخۆ) كرد. ئەم بۆنەیە لە ڕێكەوتی 5/4/2026 بەڕێوەچوو و بە فەرمی هاوڕێیەتی نێوان(مورهێد و زاخۆ)یان ڕاگەیاند.
دابەشكردنی هاوكاریی دارایی و پێداویستیی ناو ماڵ لە زاخۆ
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی دەزگای ئازار لە ڕێكەوتی 5/4/2026 هاوكاریی دارایی و پێداویستیی ناو ماڵی بەسەر 10 خێزانی هەژار و كەمدەرامەت لە زاخۆ دابەش كرد.
ئاواره گهڕاوهكان بۆ عهفرین هاوکاریی سهرهتاییان بۆ دابین كرا
نووسینگهی دهزگای خێرخوازیی بارزانی له عهفرین، له ڕێکهوتی 5/4/2026 هاوکاریی سهرهتایی بۆ 200 خێزان و ئهو ئاوارهانه دابین کرد که دوای ماوهیهک له ئاوارهبوون بۆ زێدی خۆیان له عهفرین گهڕانهوه. هاوکارییهکان بریتی بوون له (خواردن، ئاوی خواردنهوه، شیر و دیاریی منداڵان).
دهزگای خێرخوازیی بارزانی، له عهفرین و قامشڵۆ له ڕۆژئاوای کوردستان نووسینگهی ههیه و خزمهتگوزاریی جۆراوجۆر به خهڵکی دهڤهرهکه پێشکهش دهکات.













دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی ناوخۆ کاری پێکەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەكەن
شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێکەوتی 6/4/2026 سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازی بارزانییان لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لەو دانیشتنەدا كە سەرپەرشتی پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان (د. ڕەوشت ڕەشید) ئامادە بوو، بە وردی و بە شێوەیەكی بابەتییانە ئەنجامدانی چالاکی و کاری پێکەوەیی تاوتوێ كران و باسی هەماهەنگیی زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگەکە بەرانبەر بە مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەکان كرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، لە ماوەیەکی نزیکدا پێکەوە چالاکییەکان دەست پێبكەن و لە قۆناغی یەکەم خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بكرێتەوە.
لە كەمپی خازر سەبەتەی خۆراك دابەش كرا
دەزگاى خێرخوازيى بارزانى، بە هاوكاریی (قناة الشرقية)، لە ڕێكەوتی 7/4/2026 لە كەمپی خازر m1 لە سنووری پارێزگای هەولێر، سەبەتەی خۆراكی بە سەر 146 خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد.
سەرەڕای ئەوەی دەزگاى خێرخوازيى بارزانى هەموو هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام هاوکارییە مرۆییەکانی زۆربەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان كەمی كردووە، یان هەر نەماون. حكومەتی فیدڕاڵی عێراقیش هیچ ئاوڕێك تەنانەت لەو ئاوارانە ناداتەوە كە هاووڵاتی عێراقین و لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان دەژین.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێكەوتی 14/4/2026 وێڕای پێشوازی لە ئاوارە گەڕاوەكان بۆ عەفرین، هاوكاریی جۆراوجۆریان پێشكەش كردن.
سەنتەری ماڵی گرنژین لە شێخان، بە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی و بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خێرخوازێكی ئێزدی لە دەرەوەی کوردستان، لەگەڵ هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان (چارشەمبە سۆر)، جلوبەرگی جەژنیان بۆ منداڵانی ئاوارە و ئازیزان (بێباوكان) لە کەمپەکانی (شێخان، مام ڕەشان و ئیسیان) دابین كرد. ئەو چالاكییە بزەی خستە سەر لێوی منداڵان و زۆر دڵخۆش بوون كە جلوبەرگی نوێیان بۆ دابین كرا.
نوێنەرایەتیی دهزگای خێرخوازيی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی (IEH)، لە ڕێكەوتی 18/4/2026 لە زاخۆ 50 ئامێری هەناسەدانی بۆ منداڵان بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زاخۆ پێشكەش كرد.
دهزگای خێرخوازيی بارزانی، بەردەوام بایەخێكی زۆری بە سێكتەری تەندروستیی داوە، بەتایبەتی لە بواری جەستەیی و دەروونی و لە ڕێگەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی وەك: دەرمان، پزیشك، دروستكردنی بنكەی تەندروستی، نۆرینگەی گەڕۆك، دابینكردنی پێداویستییەكانی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەكان و بڵاوكردنەوەی هوشیاریی تەندروستی، بەپێی ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی جیهانیی تەندروستی (WHO)، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووش لە سێكتەری پزیشكی چالاكی و پڕۆژەی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێکەوتی 19/4/2026 خولێكی تایبەتی لەسەر “زیرەکی دەستکرد لە کاری مرۆیی” كردەوە، کە تێیدا مامۆستا ئالان ستار، وەک پێشکەشکار بە شێوەیەکی زانستی و ورد بابەتەکەی ڕوون کردەوە.
لەو خولەدا، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، بەڕێوەبەری بەشەکان و بەرپرسانی هۆبەکان بەشدارییان کرد، هەمووشیان گرنگیی زۆریان بە بابەتەکە دا و گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەسەر ئەنجامەکانی هەبوو.
نوێنەرایەتیی ئامێدیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی 19/4/2026 هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی بە خێزانێكی زیانلێكەوتوو لە شێلادزێ پێشكەش كرد، كە بە هۆی لافاو زیانی زۆریان بەر كەوتبوو.
هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە: سەبەتەی خۆراک، جلوبەرگ، بەتانی، کەرەستەی پاککەرەوە، پێداویستیی ناوماڵ (سۆبە و تەباخ).
دەزگای خێرخوازيی بارزانی لە بەریتانیا بەشداریی یادی ئەنفال و کیمیاباران دەكات
ئاوات مستەفا نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا، لە ڕیكەوتی 19/4/2026 لە نێو باڵەخانەی شارەوانیی لامبەس لە لندن، بە دانانی تاجە گوڵینە و هەڵگیرساندنی مۆم، بەشداری لە یادی ئەنفال و کیمیاباران كرد.
ئاوات مستەفا، لە ڕێوڕەسمی ئەم یادەدا، كە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەری حزبە کوردستانییەکان و باڵیۆزی عێراق و بەریتانیا بەشداری بوون، وتارێكی پێشکەش کرد، تێیدا بە وردی باسی بەشداریی کارای دەزگای لە پڕۆژەكانی هاریكاریی مرۆڤایەتی كرد كە ڕەنگدانەوەی بەخشینی بەخشەران و خزمەت و ماندووبوونی کارمەند و خۆبەخشەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تواناكانی كارمەندان و سەلامەتیی خۆیان و ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەر كارێكی فریاگوزاریی سەرەتایی لە كاتی ڕووداوی نەخوازراو، لە کۆمەڵگەی دایک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خولێکی «فریاگوزاریی سەرەتایی» بۆ کارمەندانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی دایک كردەوە.
خولەكە لە ڕۆژانی 15 و 16 و 22 و 23 ی نیسانی ئەمساڵ (2026) بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو. دكتۆر كارزان عوسمان، بە شێوەیەكی بابەتییانە و زانستی، وانەكانی ڕاهێنانی پێشكەش كرد و بەشداربووان بە نوێترین ڕێكارەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی ئاشنا بوون.
هەروەها لە نووسینگەی گەرمیانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خولێكی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ كارمەندانی دەزگا كرایەوە.
خولەكەلە ڕۆژانی 21، 22، 23 ی نیسانی ئەمساڵ (2026) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو. دكتۆر ڕێباز عوسمان، بە شێوەیەكی زانستی وانەكانی ڕاهێنانی پێشكەش كرد و بەشداربووان لێی سوودمەند بوون.









لە كەمپی خازر سیمیناری تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەكرێتەوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕێكەوتی 23/4/2026 لە كەمپی (خازر m1) لە سنووری پارێزگای هەولێر سیمینارێكی كردەوە.
لەو سیمینارەدا كە 30 كەس لە دانیشتووانی كەمپەكە تێیدا بەشداربوون، چەندین زانیاریی ورد و زانستی لە بارەی ماددە هۆشبەرەکان، جۆرەکانی و کاریگەرییە مەترسیدار و کوشندەکانیان خرانەڕوو.
لە نووسینگەی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خولێكی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ كارمەندانی دەزگا لە هەڵەبجە كرایەوە. خولەكە لە ڕۆژانی 21، 22، 23 ی نیسانی ئەمساڵ (2026) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.
هەروەها لە ڕێکەوتی 27/4/2026 لە پەروەردەی ئامێدی، سێمینارێک بۆ 25 مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندی و ئامادەییەکانی ئامێدی و گوندەکانی دەروبەری پێشكەش كرا.
سیمینارەكە لە لایەن پەیمان حسێن ڕاهێنەری هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێشکەش کرا، كە چەندین زانیاریی ورد و زانستی لە بارەی ماددە هۆشبەرەکان، جۆرەکانی و کاریگەرییە مەترسیدار و کوشندەکانی خستەڕوو.
پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە لە شەش سێکتەری جیاوازدا کاردەکات.
دهزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەی ڤیژن فاوەندیشن بەرفراوانكردنی هاوكارییەكانیان تاوتوێ دەكەن
سروە ساڵح، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی و شاندی یاوەری،
لە ڕێكەوتی 27/4/2026 لە سلێمانی، سەردانی (دامەزراوەی ڤیژن فاوەندیشن)یان كرد و لە لایەن عەدنان عوسمان سەرۆكی دامەزراوەكە بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
مەبەست لەو دیدارە هەماهەنگیی زیاتر و بەرفراوانكردنی هاوكارییەكانی نێوان دهزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەی ڤیژن فاوەندیشن بوو. هەر دوولا كار و چەلاكییەكانی یەكدیكەیان بەرز نرخاند و جەختیان لە کاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی مەدەنی و هاریكاریی مرۆیی كردەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابینكردنی پێداویستییەكانی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەردەوام دەبێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی 28/4/2026 لە نووسینگەی هەولێری دەزگا، كورسیی جووڵاو (ویلچەر) و پێداویستیی جۆراوجۆری بە سەر كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش كرد.
هە لە درێژەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوكاریی دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، لە ڕێكەوتی 29/4/2026 نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، كورسیی جووڵاو (ویلچەر)ی بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت دابین كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئێستا، بە پشتیوانیی بەخشەران و هاوكاریی هاوبەشانی، خزمەتێكی بەرچاوی بە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووە.
تەنیا لە ساڵی ڕابردوو (2025) زياتر لە 482 كورسیی جووڵاو (ویلچەر)ی دابەش كردووە و لە هاوكارییەكانی خۆراكی و ناخۆراكییش سەدان كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون.
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی خێرخوازێك لە ڕێكەوتی 29/4/2026 هاوكاریی خۆراكی بەسەر 20 خێزانی هەژار و كەمداهات دابەش كرد. هەر خێزانێك دوو كیلۆ گۆشت و 15 كیلۆ خواردەمەنیی جۆراوجۆریان پێشكەش كرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە دیداری دەرفەتەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین دەكات
سروە ساڵح بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی و شاندی هاوڕێی، لە ڕێكەوتی 29/4/2026 لە زانكۆی ڕاپەرین لە ڕانیە، بەشداری لە “دیداری دەرفەتەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین” كرد، كە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و زانكۆی ڕاپەڕین بەڕێوە چوو.
ئەم دیدارە چالاکییەکی گرنگی ئابوورییە کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر هەموو ئەو هەلانەی بۆ وەبەرهێنان لە دەڤەری ڕاپەڕیندا هەن. ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە پڕۆژەی نوێ و هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە بڕەخسێنرێت.
“دیداری دەرفەتەکان” سەکۆیەکی تایبەتە بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە و سەرمایەداران بزانن چ پڕۆژەیەک لە ڕاپەڕیندا جێگەی دەبێتەوە و سەرکەوتوو دەبێت، هەوڵێکیشە بۆ توێژینەوە لەسەر بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و ناساندنی زیاتری دەڤەرەکە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشوازی لە شاندی وەزارەتی ناوخۆ دەكات
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 30/4/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر، پێشوازی لە د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
شاندی وەزارەتی ناوخۆ، كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بیست ساڵی ڕابردوویان بەرز نرخاند و ئامادەیی خۆیان بۆ ئاسانكاریی لە بواری كارە مرۆییەكانی دەزگا دەربڕی، هاوکات جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری و کاری پێکەوەیی کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی ئەو سەردانەی شاندەکەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، ئومێدیشی خواست بتوانن بە یەکەوە کاری زیاتر و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن.








خێزانە زیانلێکەوتووەکان لە کەرکووک هاوکاری دەکرێن
نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەرکووک، لە ڕێكەوتی 30/4/2026 هاوکاریی جۆراوجۆری بە چوار خێزان لە گەڕەکی شۆراو پێشکەش کرد، کە لە ئەنجامی گردبوونەوەی ئاو زیانیان پێگەیشتبوو.
ئەم هاوکارییە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) ـی کەرکووک ئەنجام درا، بۆ پشتگیریکردنی ئەو خێزانانەی کە ماڵ و سامانەکانیان بە هۆی بارودۆخی بەرزبوونەوەی ئاوەڕۆ زیانیان پێگەیشتبوو.
هاوکارییەكان بۆ هەر خێزانێک بریتی بوون لە: سێ دانە دۆشەك، پێنج دانە بەتانی، دوو سەبەتەی خۆراك و یەك ڕاخەری كومبار.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە لە پشتگیریکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڕووداوەكانی سرووشتی و ناسرووشتی و نەخوازراو، لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان پێشەنگ بووە.
دابەشكردنی هاوكاریی خۆراكی لە سنووری مێرگە سۆر
نوێنەرایەتیی دهزگای خێرخوازيی بارزانی لە بلێ، بە هاوكاریی دەزگای حاجی یەحیا، 450 سەبەتەی خۆراكی لە پێنج ناحیەی سنووری قەزای مێرگە سۆر، بە سەر خەڵكی هەژار و كەمداهات دابەش كرد.
لە لایەكی دیكەوە نوێنەرایەتیی دهزگای خێرخوازيی بارزانی لە بلێ، هاوكاریی جۆراوجۆری بە سەر 30 خێزانی نیازمەند لە سنووری قەزای مێرگە سۆر دابەش كرد. هاوكارییەكان بریتی بوون لە (بەتانی، دوشەك، بالیف، سۆپە، تەباخ، سەبەتەی خۆراك و پاكەتی تەندروستی).
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەڕای نەمانی هاوكاریی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی، پیشەیی، هونەری و…هتد، لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش لە كردنەوەی خولەكان بەردەوامە، ئەو خولانەش كاریگەریی بەرچاویان لە ژیانی بەشداربووانی خۆلەكان هەبووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، جگە لە كردنەوەی خولەكانی فریاگوزاریی سەرەتایی و فریاكەوتنی خێرا بۆ كارمەندانی لە هەموو نووسینگەكانی دەزگا و پێشكەشكردنی سیمینارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان كە سەدان كەس لێی سوودمەند بوون، لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش 49 خولی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و نەهێشتنی نەخوێندەواری كردووەتەوە، كە 352 كەس لەو خولانە سوودمەند بوون.










