نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامشلۆ، ، لە ڕێكەوتی ٤/٥/ ٢٠٢٦ دەرمان و پێداویستیی پزیشكیی بە نەخۆشخانەی گشتيی قامشلۆ پێشكەش كرد. هاوكارییەكە بریتی بوو لە: (١٠ كارتۆن دەرمان، شەش كارتۆن جلوبەرگی پزیشك و نەخۆشان، پێنج كارتۆن سرنگ و ١٠٠ دوشەك، ١٠٠ بەتانی، ١٠٠ بالیف و سەبەتەی خۆراك و لایتی شەحن).
هەروەها لە ڕێکەوتی ١٣/٥/٢٠٢٦ بە هاوكاریی كۆمپانیای ئاوا میدیکا بڕی ٢٠ كارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ کلینیکی هلێلیە لە قامشلۆ دابین کرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد و بە خێراترین كات دەستیان بە دابەشكردنیان كرا.
فریاگوزاری و خزمەتگوزارییەكانی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئاوارەكان و خەڵكی خۆجێیی لە ڕۆژئاوای كوردستان، تەنیا لە ناو شاری قامشلۆ قەتیس نەمان و شار و شارۆچكەكانی(حەسەكە، عامودا، گركێلەكێ، دێرك، تربە سپی، دێرباسیێ و عەفرین) و گوندەكانی دەوربەریانی گرتەوە و دواتر هاوكارییەكان ڕۆژانە بەسەر خەڵكی خوجێیی و هەژار و كەمداهات دابەش كران.
لە درێژەی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری کوردی (هەیڤا سۆر)، لە ڕێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٦ زیاتر لە سێ تۆن دەرمان بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی و نەخۆشخانەكانی عامودا دابین كرا.
تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دوای كردنەوەی نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامشلۆ، لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی و پێشكەشكردنی هاوكاریی جۆراوجۆر بەردەوامن.
ئا: سالار بابەشێخ








