دەزگای خێرخوازیی بارزانى، بووەتە ناوێكی نێودەوڵەتی لە بواری هاریكاریی مرۆیی و جێی متمانەی بەخشەران و تيمەكانی ئەم دەزگایە عەوداڵی خزمەتكردنی مرۆڤایەتین و ماوەی پتر لە بیست ساڵە بە ئەمانەتەوە خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە بێ جیاوازی بە خەڵكی نیازمەند دەگەیەنن.
لێرەدا بەشێك لە چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 دەخەینەڕوو.
چالاكییەكانی مانگی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەستیپێكرد، كە لە ڕۆژی یەكەم و سەرەتای مانگدا كۆمەڵێك چالاكی ئەنجام دران، لەوانە:
چاندنی دار لە ناو بارەگای نووسینگەی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
لە هەڵکەوتی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، سەنتەری ماڵی گرنژین لە شنگال، كە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت و سەر بە نووسینگەی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”یە لە شنگال، چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوە برد.
لە چوارچێوەی ئەم چالاکییە و لە ژێر دروشمی: “ئەمڕۆ دەچێنین، بۆ ئەوەی سبەینێ بەرهەمی وەربگرین”، زیاتر لە 30 نەمام و دار لە ناو بارەگای نووسینگەی شنگالی دەزگا چێنران.
لە ئامێدی بە چالاكیی جۆراوجۆر منداڵان دڵخۆش كران
لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان، نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامێدی، چالاكییەكی بەرفراوانیان بۆ دڵخۆشكردنی منداڵان لە سەنتەری پیشەیی شیلادزێ ڕێكخست و دیارییان بە سەر 30 منداڵ دابەش كرد.
ماڵی گرنژین لە شێخان لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا زیاتر لە 160 داری لە لالش و شێخان چاند
لە هەڵکەوتی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، سەنتەری ماڵی گرنژین لە شێخان، كە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت و سەر بە نوێنەرایەتیی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”یە لە شێخان، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شێخان، چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوە برد.
لە چوارچێوەی ئەم چالاکییە و لە ژێر دروشمی: “ئەمڕۆ دەچێنین، بۆ ئەوەی سبەینێ بەرهەمی وەربگرین“، زیاتر لە 162 نەمام و دار لە ناوچەی پەرستگای لالش و لە ناو شارۆچكەی شێخان چێنران.
هەڵمەتی چاندنی دار و نەمام لە سەنتەری ماڵی گرنژین ئامێدی
ماڵی گرنژین لە ئامێدی، كە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت و سەر بە نوێنەرایەتیی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”یە لە ئامێدی، لە ژێر دروشمی“ڕەگی بەهێز، توانای بێ سنوور؛ پێکەوە بۆ داهاتوویەکی سەوز” و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ئامێدی، بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان لە ئامێدی، هەڵمەتێكی چاندنی دار و نەمامی ئەنجام دا.
ئەنجامدانی چالاکییەکی بەرفراوان بۆ پشتگیریی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شێخان
ماڵی گرنژین بۆ منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، سەر بە نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شێخان، بە هاوکاریی سەنتەری لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، چالاکییەکی بەرفراوانی لە بنکەی سەنتەری لالش ڕێکخست. لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، دیاری و خەڵات بەسەر زیاتر لە 50 منداڵی سەنتەرەکە و هەروەها منداڵانی کۆچبەری سووری لە ناوچەکەدا دابەش کران.
لە هەولێر بینای سهنتهری پهرهپێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان دروست دەكرێت
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 3/6/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، یاداشتنامەیەكی لێکتێگەیشتن، لە نێوان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و محەمەد سەلیم سەرۆكی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، واژۆ كرا.
بە گوێرەی ئەو یاداشتە بینای ناوەندێك بە ناوی “سهنتهری پهرهپێدانی تواناكانی ئازیزان و بێهاوژینان” بە پاڵپشتیی دەوڵەتی كوەیت دروست دەكرێت، كە مەبەستی سەرەكیی ئەو پلانە، بەهێزکردنی تواناکانی ئازیزان و بێهاوژینان و پەرەپێدانی تواناکانیانە لە چوارچێوەی گەشەپێدانی گشتگیری کۆمەڵایەتیدا.
شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی لە شاری وان دەکات
له چوارچێوهی پهرهپێدانی پهیوهندییه كولتووری و كۆمهڵایهتییهكان و بههێزكردنی پردی دۆستایهتی له نێوان گهلانی ناوچهكهدا، ئهمڕۆ یهكشهممه ڕێكهوتی 7/6/2026، شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی (تێشت) لە شاری وان کرد.
هاووڵاتیان بەرهەمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر بەرز دەنرخێنن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 4ی حوزەیرانی 2026 یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی، لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر کرایەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە دوو پڕۆژە (كۆمەڵێك پەرتووكی ناوازە و هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان) بەشداری تێدا كرد، ژمارەیەك لە كەسایەتی و هاووڵاتیانی سڤیلیش، بەرهەمەكانی دەزگا و بایەخدانی بە ڕۆشنبیری و ئاریشەكانی كۆمەڵایەتی بەرز نرخاند.












سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشانگەی کاری دەستیی خانەی نەوجەوانان بەسەر دەكاتەوە
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بەھرە و تواناکانی نەوجەوانان، له ڕێكهوتی 8/6/2026 لە هەولێر، ئامادەی پێشانگەیەکی تایبەتیی کاری دەستی، وێنەکێشان و چالاکییە هونەرییەکانی منداڵانی خانەی نەوجەوانان(کوڕان و کچان) بوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە نزیکەوە بەشە جیاجیاکانی پێشانگەکەی بەسەرکردەوە، کە تێیدا چەندین تابلۆ و کاری دەستیی سەرنجڕاکێش نمایش کرابوون. هاوکات چەندین چالاکیی هونەری پێشکەش کران، کە ڕەنگدانەوەی چیرۆکی ژیان، هیوا و بەھرەکانی کچان و کوڕانی ناو خانەکە بوون.
موسا ئەحمەد سەبارەت بە پێشانگەكە لە ئاخافتنێكدا گوتی: “دەستخۆشی لەم بەرهەم و کارە ناوازە و پڕ لە داهێنانانە دەکەم، کە لەلایەن ئەم مێرمنداڵە بەهرەمەندانەوە سەرپەرشتی کراون. لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر، بە ئامانجی گەشەپێدانی تواناکانیان و دابینکردنی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆیان.”
سەرۆکی ژووری بازرگانيی شاری وان سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە پێکهاتبوو لە ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، فەرزین بەگزادە، سەرپەرشتیاری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن و هۆبەی یاسایی، بۆ شاری وان لە باکووری کوردستان، ڕۆژی 8/6/2026 بەشدارییان لە کۆبوونەوەی فراوانی ژوورە بازرگانییەکانی (هەولێر، وان، دهۆک، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا “ئورمیە”، سلێمانی) کرد.
لە ماوەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی شاری وان، بە گەرمی پێشوازی لە شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵ و هەوڵە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان کردەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی باشتر بە کۆمەڵگەی خۆجێیی و دەرەوە.
دهۆك.. دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك لە تاخی سەرهەڵدان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پشتیوانیکردنی خێزانە نیازمەندەكان، لە ڕێكەوتی 9/6/2026 سەبەتەی خۆراک و پێداویستیی سەرەتایی بەسەر 150 خێزانی هەژار و کەم داهات لە تاخی سەرهەڵدان لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش کرد. ئەم چالاکییە بە مەبەستی سووککردنی بارودۆخی ژیانی خێزانە سوودمەندەکان و پشتیوانیکردنیان لە دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکان ئەنجام درا.
دابینكردنی پێداویستییە پزیشكی و تەندروستییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان
لە پێناو پشتیوانیکردنی کەرتی تەندروستی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی ئاوامیدیکا(AvaMedica)، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (2026)، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی بە سەر چەندین ناوەندی تەندروستی لە ڕۆژئاوای كوردستان دابەش كرد، كە بەمجۆرە بوون:
60 کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی دێرک.
10 کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ناوەندی پزیشکیی چل ئاغا.
9 کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ناوەندی پزیشکیی دێرونا ئاغێ.
40 كارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ڕێڤەبەریی تەندروستیی پارێزگای حەسەکە.
ئەم هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ پشتگیری ناوەندە تەندروستییەکان و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە بنەڕەتییەکان، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە باشتر و کاریگەرتر بە هاووڵاتیان پێشکەش بکرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی دەزگای ئازار بۆ منداڵانی جیهان، بە سەرکەوتوویی پڕۆگرامێکی فێربوونی خوێندن و نووسین بۆ منداڵان لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێهێنا
ئەم پڕۆژە گرنگە بە پشتیوانی خاتوو شاهین مافی جێبەجێ کرا، کە بە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی، دەرفەتی فێربوون بۆ منداڵانی خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان دابین دەكرێت؛ بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە دەرفەتی چوونە قوتابخانە و بەشداریکردنیان لە ناوەندەکانی فێربوون نەبووە.
ئەم پڕۆگرامە، منداڵانی نێوان تەمەنی ٨ تا ١٤ ساڵی گرتەوە و ڕێگەی بۆ خۆشکردن تا بنەما سەرەتایییەکانی خوێندن و نووسین فێر ببن و پشتگیریی پەروەردەیی پێویست بەدەست بهێنن. دوای چەند مانگ لە فێربوون و هەوڵدان، منداڵە بەشداربووەکان بە سەرکەوتوویی کۆرسەکەیان تەواو کرد و بڕوانامەی سەرکەوتنیان وەرگرت و بە هەر منداڵێکیش جانتای پڕ لە کەرەستە و پێداویستییە پەروەردەییەکانی پێشكەش كرا، بۆ ئەوەی هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ بەردەوامبوونیان لە فێربوون و گەشەپێدانی توانا زانستییەکانیان.
هاوكات گەشتێکی خۆش و پڕ لە شادی بۆ منداڵان و خێزانەکانیان ڕێکخرا. لە ماوەی گەشتەکەدا چەندین چالاکیی پەروەردەیی و دڵخۆشکەر جێبەجێ کران و ڕۆژێکی لەبیرنەکراوی پڕ لە جۆش و خرۆش و هیوا بۆ منداڵان فەراهەم کرا. منداڵان چێژیان لە خواردنە جۆراوجۆرەکان بینی، هەروەها بەشداری یاری و چالاکییە دڵخۆشکەرەکانیشیان کرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پشتیوانی لە قوتابیانی پۆلی دوازدەی شنگال دەکات
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال، بە هاوکاریی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی شنگال، لە ڕێكەوتی 13/6/2026 سەبەتەی خۆراک، پاکێجی خێرا و ئاوی خواردنەوەی بەسەر 1،240 قوتابیی کوڕ و کچ لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی. دابەش كرد.
ئەم هاوكارییانە بۆ ئەو قوتابییانە دابین کرا، کە لە شنگالەوە هاتوون بۆ بەشداری لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندن، كە لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهوک و پەیمانگای پۆلی تەکنیکی شنگال نیشتەجێ بوون. ئامانجی ئەم هەنگاوە مرۆییە یارمەتیدان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانە بۆ قوتابیان، تا بتوانن لە ژینگەیەکی گونجاودا خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە بکەن و بە سەرکەوتوویی قۆناغەکەیان تەواو بکەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی خێزانێکی هەژار لە کەفری دەکات
نووسينگەی گەرمیانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاریی چەند خێرخواز، لە ڕێكەوتی 14/6/2026، کۆمەڵێک پێداویستیی سەرەتایی بۆ خێزانێکی هەژار و کەمداهات لە گوندی دوازدە ئیمام، لە سنووری شارۆچكەی کفری دابین کرد.
هاوکارییەكان بریتی بوون لە: سەبەتەی خۆراک، هاوکاریی نەختینە و شیر و پێداویستیی تایبەت بە منداڵی ساوا .










دابەشكردنی گۆشتی سوور لە كەلار
نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەرمیان، بە پاڵپشتیی خێرخوازێك، لە ڕێكەوتی 15/6/2026 گۆشتی سووری بەسەر31 خێزانی هەژار و کەمداهات لە سنووری شارۆچكەی کەلار دابەش کرد. هەر خێزانێک 1.5 کیلۆ گۆشتی سووری وەرگرت.
ئەم جۆرە چالاکییە خێرخوازییانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پشتیوانیکردنی چینە کەم داهاتەکان و بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری و هاوسۆزی لە کۆمەڵگەدا و هاندەرێكیشە بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە هاریكاریی مرۆیی بدرێت.
لە کەمپی خازر دیاری بە منداڵان پێشكەش دەكرێت
لە چوارچێوەی چالاکییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کەمپی خازر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چالاکییەکی تایبەت بۆ دڵخۆشکردنی منداڵان بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە پشتگیریی ڕێکخراوی(Islamic Relief) لە ڕێكەوتی 16/6/2026 ئەنجام درا، بە بەخشینی دیاری و یاری منداڵان دڵخۆش كران و 155 منداڵ لەم چالاکییە سوودمەند بوون.
ئامانجی سەرەکی لەم هاوكارییە، پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی منداڵان و دروستکردنی کەشێکی دڵخۆش و ئارام بۆمنداڵان بوو.
لە کەمپی حەسەن شام پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن دابەش دەكرێت
بە هەماهەنگیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە پشتگیریی ڕێکخراوی(Islamic Relief) ، لە ڕێكەوتی 16/6/2026 لە كەمپی حەسەن شام U2لە سنووری پارێزگای هەولێر، پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن و نووسین بە سەر 87 قوتابی دابەش كران.
بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پەرەپێدانی توانا و بەرزکردنەوەی ورەی منداڵان و قوتابیان لە ناو کەمپەکاندا و بۆ بەردەوام بوونیش لە خوێندن هاندەریان دەبێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاریی دەزگای (LDS) نەخۆشخانەیەك لە سلێمانی نۆژەن دەكاتەوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاریی دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، لە ڕێكەوتی 2026/6/18 لە سلێمانی کۆتایی بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی هێنا. تێچووی پڕۆژەكە 22 ملیۆن و 204 هەزار و 500 دینار بووە و ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەش سێ مانگی خایاندووە.
دابەشكردنی هاوكاریی خۆراكی لە کەمپەكانی خازر و حەسەن شام
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، لە ڕێكەوتی 18/6/2026 سەبەتەی خۆراک و ئاردی لە کەمپی حەسەن شام U2 لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش كرد. لەو چالاکییە 91 خێزان (435 کەس) سوودمەند بوون. هاوكات هەمان هاوكاریی لە كەمپی خازر بە سەر 145 خێزان دابەش كرا.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران ڕێوڕەسمێكی تایبەت لە هەولێر بەڕێوەچوو
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، و به ئامادهبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری ههولێر و بهڕێوهبهری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)، ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بەڕێوە برد.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
ئەم کولتوره مرۆییە بە دانایی و میهرەبانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بنیاد نرا، ئەو کاتەی بڕیاری مێژوویی درا کە هەر کەسێک داوای پاراستن دەکات، ڕەت نەکرێتەوە
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:
دوای كەمبوونەوەی هاوكاریی ئاژانس و ڕێكخراوەکان، ئێستا بارە قورسەكە كەوتووەتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی
تۆبی هاروارد، نوێنەری كۆمسیاری باڵای كاروباری پهنابهران (UNHCR) لە عێراق:
ئێمە بەڵێنی پاراستن بەجێدەهێنین تا ئەو کاتەی هەمووان لە ئاسایشدا بن
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان:
گەڕانەوە بۆ زێدی سەرەکی مافی هەر کەسێکە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە دەبێت لە ژێر بارودۆخێکی ئارام، ئاسایش، خزمەتگوزاری و ژیانێکی شیاودا بێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا دەکات
کۆبوونەوەی ئاسایی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، لە ڕێکەوتی 16/6/2026 بە سەرپەرشتیی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک نوێنەری دەزگا، هاوشانی بەرپرسی UNDP و نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەشداربوو.
وەزیری ناوخۆ سوپاسی ڕۆڵی کاریگەر و پێکەوەیی لایەنەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد لە قۆناغەکانی ئامادەکاری، هەماهەنگی و کەمکردنەوەی مەترسیی قەیرانەکان، هاوکات پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان دەربڕی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای ستێرلێنگ پشتگیرییان بۆ كاری پێكەوەیی دووپات دەكەنەوە
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی 21/6/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر، پێشوازی لە محەمەد دەهاب بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی (Stirling Foundation the) كرد. تەوەری سەرەكی لە گفتوگۆی هەر دوو لایەن، تاوتوێكردنی کارە هاوبەشەکان، بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکان و دووپات کردنەوەی پشتگیرییان بۆ کاری پێكەوەیی بوو.
ماڵی کوردی فەیلی قەڵغانی ڕێزلێنان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش دەکات
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سەرۆکایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری هەولێر، لە ڕێکەوتی 21/6/2026 پێشوازی لە شاندێکی باڵای “ماڵی کوردی فەیلی” کرد، کە پێکهاتبوون لە ماجید مەندەلاوی و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ڕێکخراوەکە.
لە دیدارێکی دۆستانە و بەرهەمداردا، گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی مرۆیی و بارودۆخی چین و توێژە جیاوازەکان کرا. شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵيی خۆیان بەم سەردانە، قەڵغانی ڕێزلێنانی تایبەتیان پێشکەش بە موسا ئەحمەد و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد؛ ئەمەش وەک پێزانین و ڕێزلێنانێک بۆ ئەو ڕۆڵە دیار و پێشەنگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزاریی بەردەوام بە مرۆڤایەتی و سەرجەم پێکهاتەکان.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و گفتوگۆیان دەربارەی داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو کرد بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە داهاتوودا، بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگە.








لە کەمپی حەسەن شام هاوكاریی خۆراكی دابەش دەكرێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پشتگیریی بەخشەرێك، لە ڕێکەوتی 21/6/2026، لە کەمپی حەسەن شام U3 لە سنووری پارێزگای هەولێر، خۆراکی وشک و ئاردی بەسەر خێزانەكانی ناو كەمپەكە دابەش كرد.
196 خێزان (1875 کەس) سوودیان لەم یارمەتییە مرۆییە وەرگرت. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پشتگیریی خێزانە نیازمەندەكان و یارمەتیدانیان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان.
منداڵانی کەمپی دیبەگە دڵخۆش دەكرێن
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاریی ڕێكخراوی Islamic Relief ، لە ڕێکەوتی 21/6/2026، لە کەمپی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، دیاری بەسەر 205 منداڵی کەمپەکەدا دابەش كرد.
ئامانجی ئەم چالاکییە دڵشادکردنی منداڵان و بەهێزکردنی هەستی خۆشحاڵی و دڵنیایی لە نێوانیاندا بوو. ئەم جۆرە چالاکیانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پشتگیریی منداڵان و باشترکردنی بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتییان.
شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن
دکتۆر ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 22/6/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کرد، كە پێكهاتبوون لە زیاد ئەبوڵتەیف، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا لەسەر لیستی پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەحمەد حوسەین ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی لیبڕاڵی دەسەڵاتدار، ڕەحیم ڕەشیدی بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی كۆنفێدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، هاشم سندی ڕاوێژكاری كۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی.
شاندەکە لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە هاتبوون، مەبەست لەو سەردانەش، لە نزیکەوە ناسینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئاشنابوون بە کار و چالاکییەکانی دەزگا بوو، هەروەها دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەو کار و پرۆژە گرنگانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامی داون.
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
کەلار – دابينكردنی جلوبەرگ بۆ منداڵانی ئازیز
لە چوارچێوەی چالاکییە مرۆیی و خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پشتگیریی منداڵانی ئازیز (بێباوك)، لە ڕێكەوتی 24ی حوزەیرانی 2026 ، بە هاوکاریی خێرخوازێک لە شارۆچكەی کەلار، جلوبەرگ و پێڵاو بۆ 50 منداڵ دابین کرا.
ئەم جۆرە چالاکییانە ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاوی هەیە لە پشتگیری کەسانی نیازمەند و بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری و هاوسۆزی لە ناو کۆمەڵگەدا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆژە مرۆییەکان بە مەبەستی باشترکردنی ژیانی خێزانە هەژارەكان و پشتیوانیی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت.
ڕاهێنانی ستافی پڕۆژەی کوردیڤیا لە دهۆک
لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، لە ڕێکەوتی 24/6/2026 ، ئەندازیاری میکانیک و پسپۆڕی بواری وشککردنی میوە، حەمید فەیزوڵڵا، لە ئێرانەوە گەیشتە پارێزگای دهۆک بۆ ڕاهێنانی ستافی پڕۆژەی کوردیڤیا، كە تایبەتە بە پرۆسە و قۆناغەکانی وشککردنی میوە بە بەکارهێنانی ئامێر و تەکنەلۆژیای تایبەت.
ئەم پڕۆژەیە لە دهۆک، ئاکرێ و ئامێدی جێبەجێ دەکرێت، و ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەكەش ئەوەیە پشتگیری لە جووتیارانی ناوچەکە بکرێت و ڕێژەی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەرز بکرێتەوە، هاوكات ئافرەتان بتوانن لە بواری پرۆسەکردنی خۆراک و بازاڕکردن چالاكیی خۆیان هەبێت و دەرفەتی کار و سەرچاوەی داهاتیان زیاتر بێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی:
بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، دەبێت ڕووبەڕووی «تیرۆری سپی» ببینەوە
زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەموو ساڵێک لە 26ی حوزەیران یادی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەنەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، زیاتر لە ساڵێكە لە “هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” بەردەوام بووە.
دابینکردنی جلوبەرگ بۆ منداڵانی ئازیز لە زاخۆ و باتیفا
بە سپۆنسەری چوار گەنجی بەخشەر لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، و بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، لە ڕێکەوتی 27/6/2026 چالاکییەکی مرۆیی بۆ دابینکردنی جلوبەرگ بۆ 200 منداڵی ئازیز (بێباوك) لە سەنتەری زاخۆ و شارۆژكەی باتیفا ئەنجام درا.
ئەم چالاکییە بە مەبەستی پشتگیریی منداڵانی ئازیز و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان ئەنجام درا و منداڵە سوودمەندەكانی دڵخۆش كرد.
دابەشکردنی هاوکاریی خۆراکی لە سەنتەری زاخۆ و شارۆچکەی باتیفا
بە سپۆنسەری چوار گەنجی بەخشەر لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، و بە هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، لە ڕێکەوتی 27/6/2026 هاوکاریی خۆراکی بەسەر 200 خێزان لە سەنتەری زاخۆ و شارۆچکەی باتیفا دابەش کرا. لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، بۆ هەر خێزانێک 30 کیلۆگرام پێداویستیی خواردن دابین کرا.
ئەم چالاکییە بە مەبەستی پشتگیریی خێزانە هەژار و کەمداهاتەکان و سووککردنی بارودۆخی ژیانیان ئەنجام درا.
زاخۆ هاوكاریی دارایی ئەو نەخۆشانە دەكرێت كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە
نوێنەرایەتيی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی دەزگا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ڕێكەوتی 28/6/2026، لە سەنتەری زاخۆ، هاوكاریی نەختینەی بە سەر پێنج نەخۆش دابەش كرد، كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
ئەو هاوكارییە بە مەبەستی سووککردنی بارودۆخی دارایی و پشتگیری لە چارەسەری تەندروستیی نەخۆشەكان پێشكەشیان كرا.
لە هەولێر خولێكی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری ویلچەر دەكرێتەوە
لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەخشەری پڕۆژەكە (دەزگای LDSی ئەمرێكی)، لە ڕێکەوتی 28/6/2026 لە سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، خولێکی نوێکردنەوەی زانیاری (Refreshing Training) بۆ کارمەندانی دەزگا كرایەوە.
لە خولەکەدا 18 کارمەند لە سەرجەم ئۆفیس و نوێنەرایەتییەکانی دەزگا، لەوانە گەرمیان، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە، دهۆک، هەولێر و نوێنەرایەتیی سۆران، بەشدارییان کرد.
خولەکە لەلایەن ئومێد بیلال بەرپرسی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەبرا، لە کۆتایی خولەكەشدا، بە شێوەیەکی پڕاکتیکی چوار کورسیی جووڵاو بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستی دابەش کران، بۆ ئەوەی بەشداربووان فێربوونەکانیان لە بواری هەڵسەنگاندن و دابەشکردنی ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی کرداری تاقی بکەنەوە.
لە کەمپی حەسەن شام هاوكاريی خۆراكی دابەش دەكرێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، لە ڕێكەوتی 28/6/2026 لە کەمپی حەسەن شام U3 لە سنووری پارێزگای هەولێر، سەبەتەی خۆراكی لەگەڵ 25 کیلۆگرام ئارد بۆ هەر خێزانێک دابەش کرد. لەو هاوكارییە 699 خێزان (3،142 كەس)ی دانیشتووی كەمپەكە سوودمەند بوون.
كردنەوەی خولەكانی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و فریاگوزاری
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەڕای نەمانی هاوكاریی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی، پیشەیی، هونەری و…هتد، لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش بەردەوامە، ئەو خولانەش كاریگەریی بەرچاویان لە ژیانی بەشداربووانی خۆلەكان هەبووە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (2026)، جگە لە كردنەوەی خولەكانی فریاگوزاریی سەرەتایی و فریاكەوتنی خێرا و پێشكەشكردنی سیمینارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان كە هەزاران كەس لێی سوودمەند بوون، لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش توانیویەتی لە خولەكانی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و نەهێشتنی نەخوێندەواری، 578 كەس سوودمەند بكات.
ئا: سالار بابەشێخ
| شوێن | جۆری خول | سوودمەند | رێکەوت |
|---|---|---|---|
| کەمپی کەورگۆسک | فێربوونی سەرتاشین | 10کەس | 3/6/2026 |
| کەمپی باریکە | دروومان و كاری دەستی | 36 ئافرەت | 14/6/2026 |
| کەمپی دارە شەکران | زمانی ئینگلیزی | 15 منداڵ | 15/6/2026 |
| کەمپی کەورگۆسک | زمانی ئینگلیزی | 18 منداڵ | 15/6/2026 |
| کەمپی کەورگۆسک | کاری دەستی | 11 ئافرەت | 11/6/2026 |
| کەمپی باسرمە | دروومان | 12 ئافرەت | 17/6/2026 |
| کەمپی قوشتەپە | مۆسیقا، كۆمپیتەر و وێنەكێشان | 83 کەس | 21/6/2026 |
| کەمپی گەویلان | بیرکاری | 12قوتابی | 22/6/2026 |
| ئامێدی | دروومان | 15ئافرەت | 23/6/2026 |
| ئاکرێ | Stress Management | 25فەرمانبەر | 24/6/2026 |
| دهۆک | First Aid | 285 فەرمانبەر | 24/6/2026 |
| کەمپی ئاکرێ | زمانی ئینگلیزی | 25قوتابی | 28/6/2026 |
| کەمپی باسرمە | سیمینار | 30کەس | 30/6/2026 |
| کەمپی دومیز 1و 2 | خولی پیشەیی كامێرای چاودێری | 26کەس | 28/6/2026 |
| کۆی گشتی سوودمەندان | 602 کەس | ||






















