به‌خشینه‌كان ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی پڕمانا ده‌كه‌ن

لە جیهانێکدا کە مرۆڤایەتی بەردەوام ڕووبەڕووی قەیران، هەژاری، ئاوارەبوون، نەخۆشی و جۆراوجۆریی نیازمه‌ندییه‌ کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە، به‌خشین و كاری خێرخوازی وەک یەکێک لە بنەما مرۆییە گرنگەکان، ڕۆڵێکی دیاری لە کەمکردنەوەی ئازار و دروستکردنی هیوا بۆ لێقه‌وماوان هەیە.
5ی ئەیلوولی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی یادی دەکرێتەوە. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 17ی کانوونی یەکەمی 2012 ئەم ڕۆژەی بە فەرمی وەک ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی دیاری کرد، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و هاندانی تاکەکان، ڕێکخراوەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ ئه‌وه‌ی بەشداری لە چالاکییە خێرخوازی و خۆبەخشەکان بكه‌ن.
هەڵبژاردنی 5ی ئەیلوول بەبێ هۆکار نییە؛ ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی دایكە تێرێسا ‌(Mother Teresa)‌ کە لە 5ی ئەیلوولی 1997 کۆچی دوایی کرد. ئه‌و خاتوونه‌ میهره‌بانه‌ ژیانی خۆی  بۆ خزمەتکردن بە هەژاران، نەخۆشان، بێپه‌نایان و کەسانی نیازمه‌ند ته‌رخان كرد، كه‌ بووە نموونەیەکی ناسراوی خێرخوازی و خزمەتکردنی مرۆڤ. دایكە تێرێسا لە ساڵی 1979 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا.
ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی، تەنیا ڕۆژێکی یادەوەری نییە؛ بەڵکو بانگەوازێکە بۆ هەموو تاک و دامەزراوەکان کە بەشێک لە توانای خۆیان بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤ و کۆمەڵگه‌ تەرخان بکەن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌و بواره‌دا بووه‌ته‌ نموونه‌یه‌كی كاریگه‌ر و 21 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی تێده‌په‌ڕێت.
21 ساڵ خزمەت؛ 21 ساڵ لەگەڵ مرۆڤایه‌تی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 21  ساڵی کار و چالاکییه‌كانی لە ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، هەوڵی داوە وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی بەشێکی به‌رچاو لە پێداویستییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بێت و خزمەتگوزارییەکان بگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستییان بە پشتیوانی و هاوکاری هەیە.
لەو ماوەیەدا، دەزگا تەنیا لە بواری دابەشکردنی هاوکارییە سەرەتاییەکاندا نەماوەتەوە؛ بەڵکو چالاکی و پڕۆژەکانی لە بواری خزمەتگوزاریی مرۆیی، تەندروستی، پەروەردە، فێربوون، توانابەخشین، پشتگیریی خێزانە نیازمه‌نده‌كان، منداڵان و گەنجان و کۆمەڵێک بوار و پڕۆژەی جۆراوجۆردا بەردەوام بووە.
لە هاوکارییە سەرەتاییەکانەوە تا دروستکردنی دەرفەت
لە کاتی قەیران و بارودۆخە سەختەکاندا، دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی خێزانە لێقه‌وماوه‌كانه‌.
بۆیە بەشێکی گرنگ لە چالاکییەکانی دەزگا تەرخان کراوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە خۆراکی و پێداویستییەکان، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بە هۆی بارودۆخی نائاساییەوە تووشی کێشەی ژیان بوون.
خزمەتکردن بە مرۆڤ، تەنیا دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەمڕۆ نییە؛ بەڵکو دەبێت بیر لە داهاتووی ئەو مرۆڤەش بکرێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، خول و پڕۆژەکانی فێرکاری و پیشەیی، فێربوونی زمان، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا و بەرنامەکانی توانابەخشین، بەشێکی گرنگ لە ئەزموونه‌كانی دەزگا پێکدەهێنن.
مه‌به‌ستی ئه‌م چالاکییانە ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ تەنیا وەرگری هاوکاری نەبێت، بەڵکو بتوانێت لە ڕێگەی فێربوونی زانیاری و کارامەییەوە بتوانێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە دروستکردنی داهاتووی خۆی بەشدار بێت.
منداڵان و گەنجان؛ وەبەرهێنان لە داهاتوو
یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی خێرخوازی، وەبەرهێنانە لە مرۆڤ و تواناکانی نەوەی داهاتوو. لەو پێناوەدا، پشتگیریی منداڵان و گەنجان، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە، فێربوون، وەرزش، هونەر و توانابەخشین، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
پرۆژە و بەرنامەکانی پەیوەندیدار بە هاریكاری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌زگا بۆ ماڵی ئازیزان(منداڵانی بێباوك) و بێهاوژینان، نموونەیەکی به‌رچاوی كاری مرۆیین، كه‌ کۆی گشتیی دابەشکردنەکانی هاوكاریی دارایی ماڵی ئازیزان تا ساڵی 2025 بڕی 82،340،078 دۆلار بووە كه‌  23,463 ئازیز له‌و پڕۆژه‌یه‌ سوودمه‌ند بوون. كه‌ جگه‌ له‌ هاوكاریی نه‌ختینه،‌ له‌ چه‌ندین بواری وه‌ك په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی خزمه‌تیان كراوه‌.
پڕۆژە‌ی ماڵی ئازیزان له‌م قۆناغه‌دا پشت به‌ هاوكاری و سپۆنسه‌ری كۆمپانیاكان، خاوه‌نكار و و به‌خشه‌ر و خێرخوازان ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی كاری خێرخوازییه‌
ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی، تەنیا بۆ یادکردنەوەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو پەیامێکە بۆ داهاتوو. پەیامێک کە دەڵێت: کۆمەڵگه‌ی بەهێز کۆمەڵگه‌یەكە کە تێیدا کەسێک بە تەنیا لەگەڵ کێشەکانی خۆیدا نەمێنێتەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەزموونی21 ساڵەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامیی هەمان پەیامە:  خزمەتکردن بە مرۆڤ، بەبێ جیاوازی و بە پێی پێویستییەکان، بنەمای هەر هەنگاوێکی خێرخوازییە.
كاری خێرخوازی دەتوانێت ژیانێک بگۆڕێت.
21 ساڵ لە خزمەتکردن، تەنیا ژمارەی ساڵەکان نییە؛ 21 ساڵە لەگەڵ مرۆڤ، لەگەڵ هیوا و كردنه‌وه‌ ده‌ریچه‌یه‌ك به‌ره‌و داهاتوویەکی باشتر.
لە ڕۆژی جیهانیی خێرخوازی، پەیامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە:
خێرخوازی کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەو، کە ببێتە کردار، و کردار کاتێک بەها دروست دەکات کە ژیانی مرۆڤێک باشتر بکات.
هه‌ر بۆیه‌ بارزانیی نه‌مر فه‌رموویه‌تی: شانازییه‌ بۆ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت.  هه‌ر ئه‌م وته‌ به‌نرخه‌ش بووه‌ته‌ سه‌رمه‌شقی كار و چالاكییه‌كانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest