دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە ئەمریکا، بەرنامەیەکی تایبەت بە ناونیشانی «پارێزەرانی مرۆڤایەتی» لە باڵاخانهی ڕەیبۆرن، له کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن، پێشکەش دەکات؛ ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ناساندنی زیاتر و فراوانکردنی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەزگا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، سەرپەرشتیی بەرنامەکە دەکات و ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و تەنانەت ئەندامانی کۆنگرێسیش لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە ئامادە دەبن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنا بن بە کار و چالاکییەکانی یەکێک لە چالاکترین دەزگاكان له بواری هاریكاریی مرۆیی کە وەک “پارێزەرانی مرۆڤایەتی” کار دەکات، ئەویش دەزگای خێرخوازیی بارزانییه.
ئەم بەرنامەیە کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 9/11/2026، لە کاتژمێر 2:15 تا 5:15ی دوای نیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، بە ناونیشانی «ڕێزگرتن لە بوێری، پێزانین لە مرۆڤایەتی و زیندووکردنەوەی هیواکان» سەرنج دەخاتە سەر نرخ و بەهای خزمەتکردن، قوربانیدان و هاوکاریی مرۆیی.
لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، ڕێز لە ئەزموون و قوربانیدانی سەربازانی ئەمریکا و پێشمەرگەی کوردستان دەگیرێت؛ بە تایبەتی ئەو هاوکارییە هاوبەشەی لە دژی تیرۆری داعش و بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئاسایش ئەنجام دراون. هەروەها، گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و پاراستنی ئازادیی ئایینی و ناسنامە کولتوورییەکان دەخرێتەڕوو.
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە بە پێزانین و ڕێزگرتن لەو کەس و لایەنانەی بەخشین و پشتگیرییەکانیان بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی پڕۆژە و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خێزانە هەژار و نیازمهندهكان و ئاوارەکان و پەنابەران.
بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە بەرنامانە لە ئاستێکی نێودەوڵەتی و لە شوێنێکی گرنگی وەک کۆنگرێسی ئەمریکا، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی زیاتری ئەرک و پەیامی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پیشاندانی ئەزموونی ساڵانەی لە بواری هاوکاریی مرۆییدا و پەیوەندیکردن بە دامەزراوە و کەسایەتییە خێرخوازییەکان و پشتگیرانی کارە مرۆییەکان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە لە ساڵی 2005ـهوە لە بواری خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدا چالاکە و لە ساڵی 2016 مۆڵەتی کارکردنی لە ئەمریکا وەرگرتووە، لە ڕێگەی هاوکاری و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانیەوە هەوڵ دەدات، مەودای خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی فراوانتر بکات و پشتگیریی زیاتر بۆ ئەو کەسانە دابین بکات کە پێویستییان بە یارمەتی و چاودێری هەیە.
ئەم بەرنامەیە لە ڕێکەوتی 9ی تشرینی دووەمی 2026، له لایهن خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.






