مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنفڕانسێکی میدیایی كه ڕۆژی چوارشەممە، ڕێكه‌وتی 11/11/2026، له گه‌ڕه‌كی سێبه‌ردان له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، زانیاریی ته‌واوی سەبارەت بە چالاکی و هەڵمەتەکانی فریاگوزاری له‌لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر خستەڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، له قۆناغی دووه‌می چالاکی و هەڵمەتەکانی فریاگوزاری له‌لایه‌ن ده‌زگاوه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه 15 تیمی ده‌زگا لە یەکەم ساتەوەختی ڕوودانی لافاوەکە له هه‌ولێر، به هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌هانای زیانبهركهوتووانه چوون و تیمه‌كانی ده‌زگا بۆ ماوه‌ی 50 كاتژمێر بێ ماندووبوون وه‌ك تیمی فریاكه‌وتن كاریان كردووه.
مووسا ئەحمەد، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه زیاتر لە 1،447 شوێن تۆمار كراون کە به هۆی لافاو زەرەرمەند بوون. لەم قۆناغەدا، هاوکارییهكان پێشکەشی 541 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر دەکرێت. هاوکارییەکان به سه‌ر 300 خێزانی هەردوو گەڕەکی سێبەردان و شێخ ئەحمەد له ئه‌مڕۆ و سبه‌ی دابه‌ش ده‌كرێن، لە چەند ڕۆژی داهاتووش، 241 خێزانی دیکە هاوکاری دەکرێن. هاوكارییه‌كانیش بۆ هه‌ر خێزانێك بریتین له:
100 لیتر نه‌وتی سپی، 1سۆپا، 2سه‌به‌ته‌ی خۆراك، 4دۆشه‌ك، 3به‌تانی، 1پاكێتی جلوبه‌رگ، 2 مافوور (فه‌رش) و شیر و پێداویستیی منداڵ.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه لە سەرەتای ڕووداوەکەوە، بە پێی ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاسپێردراون هاوکاریی تیمەکانی حکومەت بکه‌ن و هەموو توانای خۆیان بخه‌نه خزمەتی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو.
هه‌ر بۆیه به خێرایی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCCC)، لە 10 شوێنی جیاواز و له‌سەر سێ تەوەری سەرەکی کاریان كرد.
یه‌كه‌م: پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان؛ بە هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی و ژمارەیەک کۆمپانیای کەرتی تایبەت، کە ئامێر و کەرەستەکانیان خستووەتە خزمەتی ئەم پرۆسەیە، کار لەسەر پاککردنەوەی ڕێڕەوی هاتوچۆ، کۆڵان و ناوماڵی هاووڵاتییان لە پاشماوەی قوڕ و لیت كرا.
دووه‌م: دابینکردنی ژەمە خۆراکی گەرم؛ بە مەبەستی پشتگیریی ئه‌و خێزانانه‌ی كه ماڵەکانیان ئاوی تێچووبوو كه ئامێر و کەرەستەکانی ژیانی ڕۆژانەیان زیانیان پێگەیشتبووە، خواردنی گەرمیان بۆ دابین كرا. ئەم خزمەتگوزارییەش بۆ تیمە حکوومییەکان و خۆبەخشە سەرقاڵەکان لە مەیدانی کارکردن‌دا پێشکەش كران.
سێیەم: سەرژمێری و تۆمارکردنی زیانەکان؛ تیمەکانی ده‌زگا بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، سەردانی ماڵە زیانلێکەوتووەکانیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی قەبارەی زیانەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تۆمار بکەن و له داهاتووی نزیك قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
مووسا ئەحمەد، له درێژه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا، سوپاسی خەڵکی کوردستان و به‌خشه‌ران و هەموو ئەو ڕێکخراو و کۆمپانییانەی کرد کە لە سەرەتای ڕووداوەکەوە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری دەربڕیوە. هەروەها سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە کرد کە لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەست داوە و دڵنیایی دا، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی زیانلێکەوتووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
ئەم هەنگاوانە جارێکی دی، ئەو بنەمایە مرۆییە دەخەنەڕوو کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەری دامەزراوە؛ بنەمایەک کە لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا، لە ڕێگەی هاوکاریی هاوبەش و ئامادەبوونی مەیدانییەوە، دەستی یارمەتی دەگەیەنێتە ئەوانەی پێویستییان پێیەتی.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەست دا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو كه لە کاتی ئه‌ركێكی پیرۆزدا گیانی خۆی له پێناوی ڕزگاركردنی كه‌سانی دیكه به‌خت كرد.































