گوتاری ڤیدیۆیی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا نیشان دەدرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرنامەی «پارێزەرانی مرۆڤایەتی» لە باڵاخانەی ڕەیبۆرن، لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە شاری واشنتن، ڕێکخست؛ بۆنەیەک کە ئامانجی ڕێزلێنان لە ئازایەتی و قوربانیدان، بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پێزانین بۆ پشتگیرانی کاری مرۆیی بوو. هاوكات گوتاری ڤیدیۆیی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش كرا.
ئەم بەرنامەیە بە سەرپەرشتیی خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 9/11/2026، لە هۆڵی زێڕینی بینای ئۆفیسەکانی ئەنجومەنی نوێنەران «ڕەیبۆرن»، بەڕێوەچوو. بەرنامەکە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە بوێری، پێزانین لە مرۆڤایەتی و زیندووکردنەوەی هیواکان، بە ناونیشانی “پارێزەرانی مرۆڤایەتی” پێشکەش کرا و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە خزمەتکردن، قوربانیدان و هاوکاریی مرۆیی خستەڕوو.
لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، په‌یامێكی ڤیدیۆیی موسا ئه‌حمه‌د سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش كرا.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پەیامه‌كه‌یدا سوپاسی حکومەت و گەلی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە پڕۆژە و چالاکییەکانی دەزگا، و داوای بەردەوامیی ئەو هاوکارییانەی کرد بۆ پشتیوانیی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێزگرتن لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و پاراستنی پێکەوەژیان، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی کاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی؛ بۆیە دەزگا لە هەموو بارودۆخێکدا بە ڕۆحێکی برایانە و هەستی بەرپرسیارێتییەوە لە خزمەت و پشتیوانیی ئەو پێکهاتانەدا بووە.
هاوكات ئاماژەی بە هەڵوێستی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 2008 کرد، کاتێک دوای هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە دژ بە هاووڵاتییە مەسیحییەکان، دەرگای هەرێمی کوردستانی بە ڕووی ئەواندا کردەوە و پەیامی پشتیوانی و دڵنیایی پێشکەش کردن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆکی دەزگا، ئاماژەی بە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە هێشتا 27 کەمپ لە هەرێمدا هەن و نزیکەی 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر لەو كه‌مپانه‌ دەژین کە پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوام هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بارودۆخی ئابووریی قورس، ساڵانە بەپێی ئامارەکانی JCC زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارە و پەنابەران خەرج دەکات.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە وەک ڕابردوو، بەردەوام پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بن، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە بواری دابینکردنی خۆراک، تەندروستی و پەروەردەدا هاوکاریی پێویست پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران بکرێت و ڕێگە بۆ گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەلامەتیان بۆ شوێنی خۆیان خۆش بکرێت.
بەرنامەی «پارێزەرانی مرۆڤایەتی»، زۆر ته‌وه‌ری دیكه‌ی له‌خۆ گرت، كه‌ تێێدا کۆنگرێسمان دۆناڵد جەی (دۆن) بەیکن (Donald J. Don Bacon) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا، نوێنەری بازنەی دووەمی هەڵبژاردنی ویلایەتی نیبراسکا. سه‌ربه‌ حزبی کۆماری كه‌ ژەنەڕاڵی پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بووه‌ بە پلەی بریگادیر ژەنەڕاڵ (Brigadier General) گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
هه‌روه‌ها دەیڤ واڵەس (Dave Wallace)، دامەزرێنەری ڕێکخراوی «گەڕاندنەوەی ئەرکی ئەمریکا» و دامەزراوەی «وزەی دادپەروەرانە» كه‌ دوو جار پاڵێوراوی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە و وەک ئەندامێکی شایستە وەرگیراوە بۆ کۆمەڵەی زانستی و ئەکادیمی «بێتا، بێتا، بێتا» (Beta Beta Beta)، هه‌روه‌ها لە بواری توێژینەوەی شێرپەنجە و سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤدا کاری کردووە، بە تایبەتی لەسەر خانە بکوژە سرووشتییەکان (Natural Killer Cells)، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرگریکردنی لەش له‌ دژی خانە شێرپەنجەییەکان هەیە، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
زۆربه‌ی كه‌سایەتییەکان كه‌ گوتاریان پێشكه‌ش كرد، له‌ گوتاره‌كانیان، ڕێزیان لە ئەزموون و قوربانیدانی سەربازە دێرینەکانی ئەمریکا و پێشمەرگەی کوردستان گرت؛ بە تایبەتی ئەو هاوپەیمانی و هاوکارییە هاوبەشەی لە دژی تیرۆری داعش و بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئاسایش ئەنجام دران. هەروەها، یادی ئەو کەسانەش کرایەوە کە گیانیان لە پێناو بەرگریکردن لە کوردستان و پاراستنی خەڵکدا بەخت کردووە.
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە تیشکخستنە سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، پاراستنی ئازادیی ئایینی و ناسنامە کولتوورییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیی پاراستنی ماف و کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان، لەوانە مەسیحییەکان، ئێزدییەکان، کاکەییەکان، کوردە فەیلییەکان و پێکهاتەکانی دیکە، خرانه‌ڕوو.
هەروەها، بۆنەکە دەرفەتێک بوو بۆ دەربڕینی پێزانین و سوپاس بۆ بەخشەران، پشتگیران، خۆبەخشان و هاوبەشە مرۆییەکان کە بە بەخشندەیی و دڵكراوه‌یی و هاوکارییەکانیان، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەردەوامبوونی پڕۆژە و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەگێڕن؛ ئەو پڕۆژانەی کە خێزانە هەژار و نیازمه‌نده‌كان، به‌تایبه‌تی منداڵان، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئاوارە و پەنابەران و لێقه‌وماوه‌كان لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
پەیامی ناوەندیی بۆنەکە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە پاراستنی مرۆڤایەتی تەنیا بە بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ سنووردار نابێت، بەڵکو خزمەتکردنی خەڵکی نیازمه‌ند و پشتگیریکردنیان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیانیانیش دەگرێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، پەروەردە، تەندروستی، خۆراک، پەناگە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، هەموویان بەشێکن لە هەوڵە مرۆییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و زیندووکردنەوەی هیوا لە کۆمەڵگه‌کانی زیانلێکەوتوو.
بەرنامەکە، ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، وتەی بەخێرهاتن و وتاری میوانان، پیشاندانی فیلمێکی بەڵگەنامەیی و و په‌یامی سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بۆ به‌رنامه‌كه له‌خۆ گرتبوو‌، دەرفەتی ناسین و گفتوگۆ بوو؛ هەروەها پێشکەشکردنی خەڵاتی پێزانین بە بەخشەران و پشتگیرانی کاری مرۆیی لە بەرنامەکەدا پێشبینی کرابوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە جەختی لە پەیامی مرۆیی خۆی کردەوە؛ پەیامێک کە بنەمای خزمەتکردنی مرۆڤە بە کەرامەت و دڵسۆزی، بەبێ جیاوازیی ڕەگەز، ڕەنگ، ئایین، یان نەتەوە. هەروەها، بۆنەکە هەنگاوێک بوو بۆ ناساندنی زیاتر و فراوانکردنی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەزگا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بەهێزکردنی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان گەلی کورد و گەلی ئەمریکا.
«پارێزەرانی مرۆڤایەتی» پەیامێکی هاوبەشی هەڵگرتبوو: ڕێز لەوانە بگرین کە ژیانی مرۆڤ دەپارێزن، کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان بپارێزین و بە بەردەوامی لە تەنیشت خەڵکی نیازمه‌ند و زیانلێکەوتوو بوەستین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest